ڕۆزەرین کەمانگەر: ڕێگەی بەدەستهێنانی مافەکان یەکێتی و بەرخۆدانە

کەمانگەر: هێرشی دڕەندەیی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر گەل ئایدۆلۆژی، عەقلیەتی و سیستماتیکە. بەو هۆیەوە گەلان دەتوانن بە یەکێتی و بەرخۆدان مافەکانیان بەدەستبهێنن.

ڕۆزەرین کەمانگەر ئەندامی کۆمیتەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لەبارەی ڕاپەرینی گەل لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)   قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕێگەی بەدەستهێنانی مافەکان یەکێتی و بەرخۆدانە.

کەمانگەر لە سەرەتادا سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی ڕاپەڕینی گەل لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی گەل لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوان. خۆپیشاندانەکان نیشانەی ئەوەیە، چیدی گەلان زوڵمی ڕژێمی سەرکوتکەری ئێران قبوڵ ناکەن. ٤٠ ساڵ لەمەوبەر گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم و فشاری ڕژێمی شا شۆرشیان بەرپاکرد بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجامبدرێت و لە ئارامی و لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا بژین. بەڵام بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلان لە لایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێران، داواکاری و مافەکانی گەل بەدینەهاتن و دەسەڵاتێکی ناوەندی پێکهێنرا. ڕژێمی داگیرکەری ئێران بە سیاسەتەکانی لەدژی گەل ، لە ڕووی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی گەلانی بەرەو کۆتایی رێگە برد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئێران بە سیاسەتەکانی لەدژی هاوڵاتیان و بە ئەشکەنجە، سێدارە و زیندان و..... وڵامی داواکاریی گەلان دەداتەوە.

ڕۆزەرین کەمانگەر ئاماژەی بەوەدا، ڕژێمی ئێران هەموو کاتێک ڕاپەرینی گەل بە تۆمەتی جیاوازی وەک ، ئاژاوەگێر و تێکدەر و دژی ئاسایشی نیشتمانی بێدەنگ دەکات. ئایا کێ ئاسایشی نیشتمانی خستووەتە مەترسیەوە؟ گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکەن، بەڵام ڕژێمی ئێران هەوڵی سەرکوتکردن، نایەکسانی و یەکدیدی کۆمەڵگا دەدات و بەم شێوەیە لە ڕێگەی جیاواز بە سەرکوتکردن وڵامی داواکاریی گەلان دەداتەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو هەر حکومەتێک بە دروشمی جیاوازەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات. بەڵام لە بناغەدا جگە لە ڕەنگی رەش کە دەلالەت لە سەرکوتکردن و نادادپەروەری دەکات، هیچ شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە. گەلان چیدی بە بەڵێنە بێبنەما و پووچەکان هەڵناخەڵەتێن. ڕاستە خۆپیشاندانەکانی ئێستا بەهۆی بەرزبوونی نرخی بەنزین دروست بوون، بەڵام قەیرانی ئابوری ئێستا، بەشێکی بچووکی قەیرانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

کەمانگەر باسی لە دروشمەکانی خۆپیشاندەران بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند، گۆڕینی عەقلیەت و گۆڕینی ڕژێم داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەرانە لەدژی ڕژێمی داگیرکەری ئێران. هێرشی دڕندەی دەوڵەتی ئیران لەدژی گەل ئایدۆلۆژی، عەقلیەتی و سیستماتیکە. بەو هۆیەوە گەلان دەتوانن بە داوا ڕەواکانیان بگەن. بەم شێوەیە گەلان بە خۆپیشاندانەکان دەتوانن جیهان لە دۆخی خۆیان ئاگادار بکەنەوە.

ڕۆزەرین کەمانگەر لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، لەم قۆناغەدا یەکێتی نێوان گەلان دەتوانێت بە مافەکانیان بگەیەنێت. ژنان دەتوانن پێشەنگایەتی لە دروستکردنی یەکێتی نێوان گەلاندا بکەن. دەوڵەتی ئێران پێویستە داواکاری گەلان جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی قەیڕانەکە فراوانتر نەبێت. پێویستە بزانێت، داواکاری گەل جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەلان بەردەوام دەبن. بە یەکێتی و بەرخۆدان دەتوانرێت شەقام بهەژێنرێت و بەرگری لە دەستکەوتەکان بکرێت.

ف.ق