ڕیپێوانی گرسەیی لە سلێمانی؛ بۆعەفرین

ئەمرۆ لەشاری سلێمانی بە دەستپێشخەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، خوپێشاندانێکی جەماوەری بەڕیوە چوو.

 

خۆپێشاندانەکە بە بەشداری هەزاران کەس لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەشەقامی سەهۆڵەکەوە دەستی پێکرد. خۆپێشاندەران بەوتنەوەی دروشمەکانی "لەعەفرین بەرخۆدانە/ باشووری پشتیوانە"، ''عەفرین تۆ بەتەنیا نیی/ ئێمە هەموو  لەگەڵتین"، "ئەردۆغان تیرۆریستە" و '' بژی بەرخۆدانی عەفرین/ بژێ یەپەگە و یەپەژە"، بەرو باخی گشتی شارەکە بە ڕێکەوتن.

لە میانەی خۆپێشاندانەکەدا لەبەردەم باخی‌گشتی، چەندین وتار خوێندرانەوە؛

لەسەرتادا کنێ عەبدوڵڵا، لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکاری خۆپێشاندانەکە، پەیامی ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو؛"ھەوڵی داگیرکاری تورکیا تەنها بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو ئامانجی ھەموو کوردستانە. ئەردۆغان، بەهەموو شێوەیەک گەلی کوردستانی کردۆتە ئامانج،، بۆیە ئەو بەرخۆدانەی لە عەفرین دەکرێت بەرگرییە لە ھەموو کوردستان.

هەروهاعەبدوڵا داواشی کرد؛کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە زلهێزەکان بی دەنگی بشکێنن و چاوی خۆیان لە ئاست تاونەکانی تورکیا نەگرن و بە هانای گەلی عەفرینەوە بچن.

 

عەتا پێنجوینی، لەسەر ناوی یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان لقی سلێمانی، وتارێكی پێشکەش کرد. پێنجوێنی ڕایگەیاند: ئەوەی سوپای تورکیا لە عەفرین دەیکات بەپیی ئایینی ئیسلام، تاوانە و دەبی هەموو موسوڵمانان لە ئاست ئەو تاوانانە دەنگ هەڵبڕن.

لەبەردەوامی وتارەکاندا، شێرکۆ حەمەئەمین پەڕڵەمانتەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەڕڵەمانی باشووری کوردستان، بەنوێنەرایەتی ئەو پەڕڵەمانتەرانەی چووبوونە کانتۆنی عەفرین، قسەی بۆ ئامادەبوان کرد، حەمەئەمین، ئاماژەی بەو وێرانکاری و کۆمەڵکوژییانە کرد کە سوپای تورکیا و چەتەکان لە عەفرین ئەنجامیانداوە، ھاوکات باسی ئەوەشی کرد کە چۆن دارەزیتوونەکان لە عەفرین دەمارەکانیان  داکوتاوە، بەهەمان شێوە گەلی عەفرین-یش دەمارەکانی خۆی لە مێژووی شارەکەدا داکوتاوە. ئەوان عەفرین بۆ هیچ کەس و لایەنک چۆل ناکەن و هەتا دوایی بەرەنگاری دڕندەیی و هەوڵی داگیرکاری سوپای تورکیا و گرووپە چەتەکان دەبنەوە.

ئەو پەڕڵەمانتەرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان لەدوای گەڕانەوەیان، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان داوەتە سەرۆکایەتی پەڕڵەمان و ھاوکات سەردانی کۆنسولگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانیان کردووە و باسی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و داگیرکاری تورکیایان لە عەفرین بۆ کردوون و داوایان لێکردوون ڕاشکاوانە هەڵوێست بنوێنن.

لەبەردەوامی خۆپێشانداکەدا، سولەیمان عەڕەب، ھاوسەرۆکی نوێنەرایەتی پارتیی یەکێتیی دێموکراتی-پەیەدە لە باشووری کوردستان، سڵاوی ڕۆژئاوای کوردستانی گەیاندە خۆپیشانەرانی سلێمانی و باسی ورە و ئیرادەی شەڕڤانانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند: گەلی عەفرین بڕیاری سەرکەوتنیان داوە و سەرکەوتن بۆ عەفرینە.

دواتر بەچەند چالاکییەکی هونەری کە گوزارشتی دەکرد لە نەبەردی و بەرخۆدانی عەفرین، کۆتایی بە خۆپێشاندانەکە هێنرا.