ڕێکخراوەکانی ژنان لەبارەی ڕۆژئاواوە نامەیەک بۆ جیهان دەنێرن

ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشوری کوردستان، نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا، ڕێکخراوی ناتۆ و کۆمکاری عەرەبی دەنێرن، تێیدا داوادەکەن کۆتایی بە داگیرکاری و کۆمەڵکوژکردنی خەڵی ڕۆژئاوای کوردستان بهێنرێت.

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لەهۆتێل چوارچرای شاری هەولێر کۆبوونەوە، بۆ نیشاندانی هەڵوێستیان لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا نامەیەکی هاوبەشیان ئاڕاستەی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کرد.

لە نامەکەدا ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستان داوادەکەن، ڕێگە لە پلانی تورکیا بگیرێت بۆ ئەنجامدانی جینۆساید و پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی ڕۆژئاوای کوردستان.

 دەقی نامەکەی ڕێکخراوەکانی ژنان

 وەک ئاشکرایە ماوەی چەند ساڵێکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆرانکارییەکی جیهانی گەورەدایە، وڵاتانی زلهێز لەم ناوچەیە لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسیەکانی خۆیان نەخشەی جیهانێکی نوێ دەکێشن.

هاوکات هەموو پارچەکانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی بووەتە قوربانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی داگیرکاری تورک، کە لە پێناو داگیرکردنی ئەو ناوچەیە ماوەی مانگێکە دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێرشێکی ناڕٍەوا دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵانی ئەم ناوچەیە و بەچەکی قەدەغەکراو بۆمبارانی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان دەکات و هەڕەشەی پەلکێشی داگیرکردنی پارچەی دیکەی کوردستان دەکات، وەک ئەوەی پێشترپلانی بۆ داناوە.

ئەوەی جێگای نیگەرانییە بێهەڵوێستی و کشانەوەی سوپای ئەمریکا بوو لەو ناوچەیە، کە نابەرپرسانە هیچ بایەخێکی بۆ هەڕەشەو لەشکرکێشی سوپای داگیرکاری تورکیا دانەنا، کە دەرەنجامەکەی بووەهۆی ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی هەزارەها هاوڵاتی کورد لەو ناوچەیەو گیان لەدەستدانی خەڵکی سڤیل و بێتاوان، سووتاندنی سەدان منداڵ و هاوڵاتی تری سڤیل بەچەکی فۆسفۆر، کە ناخی هەموو مرۆڤایەتی هەژاند.

لەکاتێکدا چەندین ساڵە کوردانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی ئەم ناوچەیە بەرۆکی گرتوون و هاوشانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان جەنگاون و لەو پێناوەدا هەزاران قوربانیان داوە و هەرزارەها هاوڵاتی ئەم ناوچەیە لە زێدی خۆیان ئاوارەبوون و هەزارەها کچ و ژنی ئێزدی بوونەتە قوربانی و دیلی دەستی ئەو گروپانەو تا ئێستا بەشێکی زۆریان چارەنووسیان نادیارە، هاوکات بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و  یاسا نێودەوڵەتیەکان نەیانتوانیوە ببنە پارێزەرێک بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی هاوڵاتیان و ژنان و منداڵانی ئەم ناوچەیە، تاوەکو ئێستا ژن و منداڵی کورد قوربانی و زەرەرمەندی یەکەمی ململانێ و شەڕەکان بوون .

ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە هاوخەمی و پشتیوانی جیهان بوو چ لە ئاستی تاک و دەوڵەتەکاندا بۆ پاڵپشتیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و مەحکومکردنی لەشکرکێشی و تاوانەکانی تورکیای فاشیست و بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و هەڵوێستە دیپلۆماسیەکانی دیکە، وێرای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ هەڵوێست و بریارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی ناتۆ و کۆمکاری عەرەبی لە پشتیوانی ڕۆژئاواو ڕێگرتن لە داگیرکاری تورکیا و هاوپەیمانە تیرۆریستەکانی هاوکات داوا دەکەین هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەت و بریاری کارا ترو درێژخایەن بۆ پشتیوانی دۆزی ڕەوای کورد و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی .

 ئێمە وەک گروپی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ھەرێمی  کوردستان، کە پێکھاتووین لە نوێنەری چەندین ڕێکخراوی ژنان و کەسایەتی سیاسی و مەدەنی دەنگی ناڕەزاییی و داواکارییەکانمان ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو لایەنێک دەکەین کەوا پاڵپشتیمان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانەی خوارەوە:

 • ڕێگرتن لە پلانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی جینۆساید و پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی ڕۆژئاوای کوردستان.

 • ڕاگرتنی یەکجارەکی شەڕ و داگیرکاری سوپای تورکیا و گروپە تیرۆریستە هاوکارەکانی لە ناوچەکە.

• کشانەوەی سوپای تورکیا و گروپە تیرۆریستە هاوکارەکانی لەهەموو ئەو ناوچانەی لەو شەڕانەی دواییدا داگیریان کردوە.

 • دامەزراندنی ناوچەی ئارامی دژە فڕین لە ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتیدا.

 • چارەسەرکردنی ئاشتیانە و دادپەروەرانەی کێشەی کورد بە جۆرێک، کە بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی کورد لە هەر چارەسەرێکی کێشەی سووریا و ناوچەکەدا مسۆگەربکات.

 • گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بە جۆرێک چیتر ئاوارەکان وەک چەکێکی سیاسی بۆ گۆڕینی دیموگرافی و پاکتاوی نەژادی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکارنەیەن .

 • هەموو هەوڵ و سیاسەتە نائەخلاقییەکانی ئەردۆغان بۆ بەکارهێنانی ئاوارەکان وەک کارتی هەڕەشە و یەکلاکردنەوەی ململانێکانی لە دژی ئەوروپا مەحکوم دەکەین و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنیان دەکەین.

ف.ق