کۆمەڵەى کۆمەڵگەى مەدەنی لە سیستمی سزاکان دا (CÎSST) یەکێک لەو رێکخراوانەیە کار لەسەر گرتووخانەکان و زیندانیان دەکات. بێریڤان ئەمینە کۆرکوت ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری لە (CÎSST) لەبارەی کارەکانی خۆیانەوە قسەیان بۆ کردین.
کۆرکوت رایگەیاند، ئەوان نازانن و ئاماری ئەوەیان لە بەردەستدا نییە، کە لە گرتووخانەکاندا چەند مرۆڤ زیندانیکراون. راشیگەیاند، ئەو ئامارانەشی بڵاودەکرێنە، بەپێی قەبارەی گرتووخانەکانە، کە لەلایەن وەزارەتی داد و دەزگاکانی سەر بەو وەزارەتەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئەوەشی راگەیاند، پێش بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا ژمارەی کەسانی زیندانیکراو ٣٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندبوو، بەڵام ئێستا دوای "لێبوردنەکەى باخچەلی" دیار نییە، کە ژمارەی زیندانیان چەند کەسن.
باسی ئەوەشیکرد، بەرزکردنەوەى قەبارەی گرتووخانەکان بە ئەندازەی نیوە زیادیکردووە و ئەوەش کێشەیەکى سەرەکییە، لەبارەى چۆنیەتیی بەرزرکردنەوەی قەبارەی گرتووخانەکانەوە داوای روونکردنەوە و ئامار و زانیارییان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
دوو ساڵە ئاوی پاکیان پێنادەن
کۆرکوت رایگەیاند، پڕکردنی گرتووەکان لەو ئاستەدا بووەتە هۆی ئەوە شوێنی زیندانییەکان بەرتەسکتر ببێتەوە و شوێنی پێویستیان لە بەردەستدا نەبێت، کە لە رووی تەندروستی و دەروونی و جەستەییەوە پێویستیان پێیەتی. کۆرکورت راشیگەیاند "لەبەر ئەوەى حەمام و ئاودەست لەلایەن ژمارەیەکى زۆر لە مرۆڤەکانەوە بەشێوەى هاوبەش بەکاردەهێنرێن مەترسی بۆ سەر تەندروستیی زیندانییەکان بە تایبەتی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا دروست دەکات. بەتایبەتیش ماوەیەکى دوور و درێژە ئاوی پاک بە دەستی زیندانیان نەگەیشتوە. بۆ نمونە لە گرتووخاننەى جۆری ئێڵ لە پاتنۆس نزیکەى ٢ ساڵە ئاوی پاک بە دەستی زیندانییەکان نەگەیشتووە".
کێشەی وەرگرتنی زانیاری هەیە
کۆرکوت باسی ئەوەیکرد، لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا زۆر بە قورسی زانیارییان دەست دەکەوێت و وتیشی "لەلایەکەوە ناتوانین زانیاریی بەرفراوان لەبارەى دۆخی زیندانیەکان و لەلایەکی دیکەشەوە ناتوانین زانیاری لەبارەی ژمارەی زیندانەکانەوە وەربگرین. بۆ نمونە ئێمە بە باشی و بە روونی نازانین، کە دوای یاسای ئازادکردنی بە مەرج (ئەوەى باخچەلی) چەند زیندانی لە گرتووخانەکاندا ماونەتەوە. کێشەیەکی تر ئەوەیە، کە گرتووخانەکان بە رووی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیدا داخراون و کراوە نین. یانی ئێستا رێکخراوە مەدەنییەکان ناتوانن لە گرتووخانەکاندا لێکۆڵینەوە لە دۆخی زیندانییەکان بکەن".
کۆرکوت لەبارەی ئامادەکردنی راپۆرتەکانەوە وتی "ئێمە راپۆرتەکانمان بەپێی داواکانمان لە رێگەى نامەوە و لەسەر هێڵی راوێژکاری ئامادە دەکەین. بە تایبەتی خوێندنەوەى نامەکان لەلایەن دام و دەزگاکانی دەوڵەت و ئیدارەی گرتووخانەکان و دواتر گەیشتنیان بە دەستی ئێمە بۆمان بووەتە کێشەیەکى گەورە. بۆ ئەوەى زیندانییەک بتوانێت بە نامە پەیوەندی بە رێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەنییەوە بکات ئێمە زۆرجار و چەندین جار لەسەر یەک داوا دەکەین بۆ ئەوەى زیندانییەکان بە نامە پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئێستا ئەو داوایەى زیندانییەکان و ئێمەشیان جێبەجێ نەکراوە. یانی ئەو نامانەى کە بۆ رێکخراوەکەمان دەنێردرێن، یان ئەو نامانەى کە بۆ زیندانییەکان دەنێردرێن، بێگومان کاتێک پێیان بزانرێت، یان ببینرێن، رێگری لە گەیشتنیان دەکرێت".
ئەشکەنجە و کردەوەى نەشیاو و ناپەسەند
کۆرکوت ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردانکردنی هەندێک لە زیندانییەکاندا باس لەوە دەکەن، کە ئەشکەنجە و کردەوەی نەشیاویان لەگەڵ کردوون و وتی "ئێە ناچارین لێرەدا وتەی "سەرچاوەیەک، دەوترێت" بەکار بهێنین، چونکە دەرفەتی ئەوەمان پێنادرێت، کە خۆمان راستەوخۆ لێکۆڵینەوە لە راستییەکە بکەین. بۆ ئەوەی رێکخراوەکان بتوانن چاودێری بکەن، زۆر جار داوامان کردووە و چەندین میکانیزممان پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامیان نەبووە. لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی ئەشکەنجە و کردەوەى نەشیاو و ناپەسەندەوە هیچ یەک لە بەرپرسان و کارمەندانی دەزگای زیندانەکان و شوێنەکانی تر سزا نەدراون".
ژ.ت