ژنێک لە سەقز بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا

ئەنوەر بەهرامی سەرۆکی ناوەندی تەندروستیى سەقز ڕایگەیاند: "ژنێکی تەمەن ۵۵ ساڵە، کە گومانى تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرا لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی سەقز گیانی لە دەستدا".

 ئەنوەر بەهرامی سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی سەقز بە ئاژانسى هەواڵی ئیرنای راگەیاندووە "ژنێکى تەمەن ٥٥ ساڵ، کە گومانى تووشبونی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرا و پێش ئەوەى ئەنجامی پشکنیەکەى لە تارانەوە بگەڕێتەوە لە بەشی چاودێریی نەخۆشخانەى سەقز گیانى لە دەستدا".

بە وتەى ناوەندی تەندروستیى سەقز، تاوەکو ئێستا لە سەقز ٢٢ کەس بە گومانى تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشی چاودێریى ورد لە نەخۆشخانەی خومەینی لە سەقز لە ژێر چاودێریدان و بەپێى ئەنجامی پشکنینەکان تاوەکو ئێستا ٢ کەسیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

 

دوێنێ بەشێک لە میدیاکان لە زاری سەرۆکى زانکۆی پزیشکیی شاری سنەوە بڵاویانکردەوە، لە پارێزگاى سنەی رۆژهەڵاتى کوردستان ٨ کەس تووشی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ژمارەیەکى تریش لە هاووڵاتیان بە گومانى تووشبون بەو ڤایرۆسە لە ژێر چاودێریدان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی پشکنینەکانیان نەگەڕاوەتەوە و دیار نییە چەند کەسی تر تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

ئاژانسى هەواڵی ئێرنا لە دواى ماوەیەک لە بڵاوکردنەوەى هەواڵی گیان لەدەستدانى ژنێکى تەمەن ٥٥ ساڵ لە سەقز بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەواڵەکەیان لە ماڵپەڕەکەیان و لە بەشی پارێزگاکانیشدا سڕیوەتەوە، بەڵام هەواڵەکە لە ژمارەیەک لە سەرچاوەکانى تری هەواڵدا بە خێرایى بڵاوکرایەوە و راى گشتى لە بوونی ئەو حاڵەتە ئاگادار کرایەوە.

بەپێى ئامارەکان تاوەکو ئێستا لە ئێران ٥٩٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤٣ کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ئێران لە دواى چین دووەم وڵاتە کە زۆرترین کەس تیایدا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

رەخنەى ئەوە لە حکومەتى ئێران دەگیرێت، کە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە ئێران بەهۆی هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانەوە لە کاتى خۆیدا رانەگەیاندراوە تاوەکو خەڵک رێوشوێنى خۆپارێزی لە بەرامبەر ئەو ڤایرۆسەدا بگرێتە بەر. هەروەها ئەو حکومەتە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە هەوڵ بۆ شاردنەوەى ئاست و رێژەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات و ژمارەى توشبوان و ئەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە دەشارێتەوە، یان بە شێوەى فەرمی بڵاوی ناکاتەوە.

ژ.ت