سیاسەتی قڕکردن، نکۆڵیکردن و داگیرکەریى رژێمى ئاکەپە – مەهەپە، کە لە دژی کوردان کاریگەرییەکى قورسی لەسەر ئابووری دروستکردووە. ئەرۆڵ کاترجی ئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپەى ئیستانبول و پڕۆفیسۆری ئابووری و ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى سیاسەتى ئابووریى هەدەپە لەبارەى کێشەى ناسنامە و چینایەتییەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.
"ئاشتى بە ئاکەپە بەدی نایەت"
کاترجی ئۆغڵو ئاستى سیاسەتى ئێستاى ئاکەپەى بە "بنبەست گەیشتن" پێناسەکرد و رایگەیاند، ئاکەپە لە شەڕدا چەقیوە و گەیشتووەتە بنبەست.
کاترجی ئۆغڵو راشگەیاند، ئاکەپە لە ئێستادا لەو سیاسەتەى نەکشێتەوە دەبێت بە قورسی باجی سیاسەتەکەى بدات، باجەکەشی ئەوە دەبێت لە دەسەڵات دەکەوێت.
کاترجی ئۆغڵو وتی "لەبەر ئەوەى کشانەوە بۆی دەبێتە کەوتن لە دەسەڵات، پێویستیی بەم سیاسەتەى ئێستای هەیە، بەڵام لەلایەکى ترەوە تورکیا و کۆمەڵگەى سوریا پێویستیان بە ئاشتی هەیە. ئەگەر حیزبی دەسەڵات روو لە ئاشتی بکات دەبێت خۆی لە باجی کەوتن لە دەسەڵات رزگار بکات. بە بڕوای من زوو بە زوو ئەم کارە ناکات، چونکە ئاشتی و دیموکراسی لە سیاسەت و رێکردنی ئاکەپەدا نییە".
"نابێت ئێمە تەنها حیزبێکی سیاسی بین"
کاترجی ئۆغڵو رایگەیاند، دواى کۆنگرەى هەدەپە لە ٢٣ی شوبات لە ئەنقەرە پێویستە لە سیاسەتى ئابووریشدا هەنگاو هەڵبگرن و راشیگەیاند "حیزبەکەمان نابێت تەنها حیزبێکى سیاسی بێت. نابێت ئێمە حیزبێک بین کە تەنها پەرلەمانتاران و سەرۆک شارەوانییەکان هەڵبژێرین، چونکە دەنگدەرەکانمان هەم بەهۆی ناسنامە دەبنە ئامانجی جیاکاری و هەمیش هەژاران، بۆیە دەبێت ئێمە سیاسەتێک کە سوودی بۆ بژێویى ژیان و ئابووری مرۆڤەکان هەبێت بەڕێوەببەین، چونکە دەوڵەت پارەیەکى زۆر رەوانەى ناوچە کوردییەکان دەکات، بەڵام ئەو پارەیە لە ناو خۆیاندا دەمێنێتەوە. ئەوەش بە تایبەتى هیچ کاریگەری و سوودی بۆ دەنگدەرانى ئێمە نابێت، لەبەر ئەوەش لە شارەکانى کورداندا هەژارییەکى زۆر هەیە. رەنگە ئێمە نەتوانین بێکاری و هەژاری بە تەواوەتی لەوێ ریشەکێش بکەین، بەڵام دەبێت ئێمە لەوێ هەندێک دەستپێشخەری بئافرێنین".
"ئێمە حیزبی هەموو ئەو کەسانەیە، کە جیاکارییان بەرامبەر کراوە"
کاترجی ئۆغڵو ئاماژەى بەوەکرد، هەدەپە حیزبی هەموو ئەو کەسانەیە کە بەهۆی ناسنامەی خۆیانەوە جیاکارییان لەگەڵ کراوە و کراونەتە ئامانج و وتی "کاتێک لە ناو کۆمەڵگەی پێکهاتەکان و کەمە نەتەوەکاندا ناسنامەى باڵادەست قورسایى دروستکرد، ئەو کاتە مرۆڤە خاوەن ناسنامەی پێکهاتەکان و کەمە نەتەوەکان بەبێ ئەوەى گوێ بە بناغەى چینایەتی بدەن، دەتوانن خۆیان بە شوێنێک بگەیەنن. لەبەر ئەوەش هەر بزووتنەوەیەکى ناڕەزایەتى بۆ ئەوەى بتوانێت خۆی بکات بە هێزێکى سیاسی پێویستیى بە خۆبژێویی و سەرچاوەى دابینکردنى ئابووری هەیە. کاتێک مرۆڤ بزووتنەوەى سیاسیی کورد لەو چوارچێوەیەدا لێکبداتەوە، ئەو کاتە ئەو دابینکردنە، کە من باسی دەکەم لە چوارچێوەى چینى ناوەڕاستدا دەبێت. لەبەر ئەوەى کێشەکە ئەوەیە، کە کوردبوون بۆ خۆی گوشار و زۆرەملێی لەسەرە، بۆ رژێمى زۆردار گرنگ نییە، کورد دەوڵەمەندە یان هەژارە، گرنگ کوردبوونەکەیانە. بێگومان بەهۆی ئەو سیاسەتەیانەوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە دەوڵەمەندە نزیکەکان لە خۆیان دروست دەکەن، بەڵام بناغەى ئەو پەیوەندییە بۆ هێرشکردنە سەر ناسنامەیە. سیاسەتى تورکیا بە گشتی لەسەر ناسنامە بەڕێوەدەچێت. کەسە سیکۆلارەکان لە جەهەپەدا کۆبوونەتەوە و کەسە ئایینییەکانیش لە مەهەپە و ئاکەپەدا کۆبوونەتەوە. لە راستیدا ئێمە تاکە حیزبی تورکیاین".
کێشەى ناسنامە تا ئێستاش پێگەى گرنگی هەیە
کاترجی ئۆغڵو باسی ئەوەیکرد، لەم سەردەمەى تورکیادا کێشەى چینایەتى لە دواى کێشەى ناسنامەوەیە و ئەوەشی وت "من کێشەى چینایەتى بە تەواوەتی وەلا نانێم، بەڵام لە تورکیادا و لەم سەردەمەدا کێشەى ناسنامە زۆر گرنگتر و لە پێشترە. ئەگەر ئێمە رۆژێک ببینە خاوەن کۆمەڵگەیەک، کە دیموکراسی تیایدا باڵادەست بێت، داواى ناسنامەی تیادا بەدی بێت و کورد بە زمانی خۆی بخوێنێت و هەرێمەکەى خۆی بەڕێوەببات، ئەو کاتە دەتوانرێت باس لە کێشەى چینایەتى بکرێت، بەڵام بە بڕوای من ئێستا کێشەى ناسنامە زۆر لە پێش کێشەى چینایەتییەوەیە".
ژ.ت