کاڵکان: ئەردۆغان هەوڵ دەدات شکستە گەورەکەى بشارێتەوە – ٢ -

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، دواى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداردا قۆناغێکى نوێ دەستیپێکردووە و وتى، ئەردۆغان هەوڵ دەدات شکست و دۆڕان گەورەکەى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا بشارێتەوە.

دوران کاڵکان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا (هەڵبژاردنى خۆجێى و ناوچەیى) لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی خاکەلێوە دا هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە لە بەرامبەر بلۆکی دیموکراسیی هەدەپەدا تێکشکان. دوران کاڵکان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئاکەپە هێزێکە بە زۆر دەستیگرتووە بەسەر بەڕێوەبەرییەکاندا

کۆمەڵگە دەبێت بە تایبەتى خاوەنداری لە بەڕێوەبەریى خۆی و شارەوانییەکانى بکات، سەرۆکى شارەوانیى ئاکەپە بۆ بەڕێوەبەری قبوڵ نەکات. مادام ٧٥ لە سەدی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە ئەوا دەبێت ٧٥ لەسەد بەرێکخستن بکرێت. سەرۆکێک کە خۆیان هەڵیانبژاردووە وەک بەڕێوەبەر بەکاربهێنن. یانى دەبێت ببێتە بەڕێوەبەری ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوە. لە هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداردا گرنگترین ئەنجامى بنەڕەتى کە خۆی دەرخستە پێش بریتییە لەمە؛ دەبێت لە هەر دوو بەرەکەدا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەڕێوەبەریى ئەڵتەرناتیڤ بوونی هەبێت و دروست بکرێت.

ئێستا هێزێک هەیە، کە بە زۆرداری و ملهوڕی، بە حیلە و فرتوفێڵ و بە تیرۆر دەستیگرتووە بەسەر بەڕێوەبەرییەکاندا، بۆیە ئەستەمە ئەو هێزە بە هەڵبژاردن دوور بخرێتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانى ٢٠١٥ / ١٧ی جۆزەردانی قبوڵ نەکرد، شەڕی راگەیاند، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٢ی گەلاوێژ بە شەڕ حکومەتەکەى خۆی راگەیاند. ئێستاش دەیەوێت بە زۆر، حیلە و ساختەکاری خۆی وەک بەڕێوەبەری خۆجێى کوردستان و ئیستەنبول نیشان بدات. لەو کاتەدا دەبێت هەر دوو بەرەکە، یانی هەم بە گشتی و هەم لە ئاستی بەڕێوەبەریى خۆجێی دا لە دژی فاشیزم تێکۆشانێکى تری چالاک پێویستە و دەبێت ئەو تێکۆشانە وەک ئەڵتەرناتیڤی بەڕێوەبەرى پێکەوە ببەستنەوە.

دەبێت نمونە لە ئاستى بەڕێوەبەریى خۆجێی دا بەو شێوەیە بێت. کاتێک ئەوان دەستیان گرت بەسەر بیناى شارەوانییەکاندا ئەوا دەبێت کۆمەڵگە پەیڕەویى لێ نەکات و قبوڵی نەکات و خۆیان بە شێوەیەکى کرداری ئەو شوێنە بەڕێوەببەن. دەبێت بەڕێوبەریى خۆجێى دیموکراتیک بە شێوەى کرداری پێشبخەن. سەرۆکی هەڵبژێردراوى ئەو شارەوانییانە لەوانەى پێشوو ناچن. گەلیش بەڕێوەبەریى خۆی رادەستى فاشیزم نەکەن، دەبێت خاوەنداری لە بەڕێوەبەری خۆیان بکەن و بیپارێزن و تێبکۆشن.

بەڕێوەبەریى ئەردۆغان بەڕێوەبەرییەکى کودەتاچییە

بەراستیش لە ئاستى بەڕێوەبەریى سیاسی دا پێویستى بە تێکۆشانێکى کاریگەرانە هەیە و ئەوەش بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا خۆی دەرخست. هاوسەرۆکایەتیى هەدەپە بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن و دۆخێکى بەڕێوەبەری هەیە. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەش لە دەسەڵاتداریدا رماون و هەڵبژاردنیان دۆڕاندووە. لە راستیدا لە ٧ی حوزەیرانى ٢٠١٥ / ١٧ی جۆزەردان دۆڕان. لەو رۆژەوە هیچ رەوایبوونێکی بەڕێوەبەریى ئاکەپە نەماوە. بەڕێوەبەریى تەیب ئەردۆغان بەڕێوەبەرییەکى دەستبەسەرداگر، کودەتاچی و پیلانگێڕە. بەڕێوەبەرییەکە کە بە شێوەى هەڵبژاردن و هەڵبژێردراو نەهاتووەتە سەر دەسەڵات. ئەوە لە هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداردا بە تەواوی و بەشێوەیەکى روون سەلمێنراوە و تۆمارکراوە.

پێش هەڵبژاردنیش دەوترا، هەڵبژاردنى شارەوانییەکان (خۆجێى) لە ئاستى هەڵبژاردنى گشتیدا ئەنجام بە دەستەوە دەدات. بە راستیش هەر ئەوە روویدا. کەواتە ئەنجامى گشتیى سیاسی چییە؟ ئەنجامەکە ئەوەیە کە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکشکاوە. لە کوردستان دۆڕاوە، لە گەورە شارەکانى تورکیا دۆڕاوە. دەنگی زۆرینەى کۆمەڵگەى تورکیای لە دەستداوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە لە بەڕێوەبەریدا تێکشکاوە. بەراستی ئەگەر ئەوان کەمێک تێگەیشتنیان لە دیموکراسی و ناموس و کەرامەت هەبوایە ئەوا دەبوو دەستیان لەکاربکێشایەتەوە و بڕۆشتنایە، بەڵام ناڕۆن. بە پێچەوانەوە هەر وەک ئەوەى کە لە ساڵی ٢٠١٥دا کردیان، دیسانەوە دەیانەوێت دەست بەسەر بەڕێوەبەرییە هەرێمییەکاندا بگرن. بەڵام بەڕێوەبەریى هەرێمییان پێنادرێت. نەک تەنها بەڕێوەبەریى هەرێمى بەڵکو دەبێت لە بەڕێوەبەریى گشتیش لاببرێن و بهێنرێنە خوارەوە.

دەبێت جەهەپە ئاگاداری بەرپرسیاریى خۆی بێت

دەبێت هاوپەیمانیى دیموکراتیکى هەدەپە و جەهەپە زیاتر پیشبخرێت و بەڕێوەبەرییەکى ئەڵتەرناتیڤ بە رێکخستن بکەن. بەڵام لە دۆخی ئیستادا ناتوانن بچنە پاڵ یەکتر و گفتوگۆ لەبارەى کێشەکانى وڵاتەوە بکەن. ئەو دۆخە دۆخێکى زۆر دواکەوتوانەیە. ئەو دۆخە بۆ فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەبێتە مایەی هێز و ئومێد و بوێرییان بۆ هێرشەکانیان پێدەدات. ئەو دۆخە بۆ ئەوەیە کە وەک پێویست ئۆپۆزسیۆن بوون پێش نەکەوێت. بە راستى دەبێت جەهەپە ئاگاداری بەرپرسیاریى خۆی بێت. بە ئیدعا و بانگەشەى 'من دەبمە بەڕێوەبەرێکى ئەڵتەرناتیڤ' خۆی بە کۆمەڵگە نیشان دەدات، بەڵام بەو شێوەیە نابێت. ئیدی دەبێت ئەو کۆمەڵگەیە زۆر لەوە زیاتر  هەڵنەخڵەتێنرێت.

جەهەپەش لە ناودا، دەبێت هەدەپە و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان بچنە پاڵ یەکتر. بە کورتى دەبێت بەڕێوەبەرییەکى ئەڵتەرناتیڤ پێشبخرێت. دەبێت داواى دەست لەکارکێشانەوە و دوورخستنەوەی تەیب ئەردۆغان بکرێت، چونکە ئەو بەڕێوەبەرییە هیچی بۆ تورکیا و هیچی بەسەر تورکیاوە نەماوە.  بۆیە پێویستە بکشێتەوە. دەبێت ئەوە بە دەنگێکى بەرز باس بکرێت. یانی قسەى 'ناتوانێت بەڕێوەى ببات' بەش ناکات، بەڵکو دەبێت داوا بکرێت کە لە بەڕێوەبەری بکشێتەوە و پێویستە کۆتایهاتن و بەسەرچوون بۆ ئەو بەڕێوەبەرییە بەرجەستە بکرێتەوە. پێویستە مرۆڤ بچێتە بەرامبەر کۆمەڵگەی تورکیا و جیهان و بڵێت 'ئێمە بۆ بەڕێوەبەریى تورکیا ئامادەین'.

بە دڵنیاییەوە ئەوە پێویستییەکە و ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوانى تر لاواز دەبن. تەیب ئەردۆغان بەهۆی لاوازیی ئۆپۆزسیۆنی ئێستاوە سوودمەند بووە و دەیەوێت خۆی تەنها شتەکان بەڕێوەببات. دەبێت ئیتر بوترێت 'ئیدی بەسە، تۆ بەڕێوەبەریى تاکە پیاویشت تێپەڕاند، تۆ لە مستەفا کەمالیش زیاتر ئەرک و کارت بۆ خۆت داتاشیوە، تۆ دەتەوێت چی بکەیت؟ خۆ تۆ ناتوانێت خۆت بەرز بکەیتەوە بۆ ئاسمانەکان، بەڵکو پێویستە ئەو کارە لێرە کۆتایى پێ بێت'. بەراستی ئیتر دەبێت مرۆڤ بڵێت 'ئیدی بەسە!'.

سەردەمی ئەردۆغان کۆتایى پێهاتووە

دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت؛ ئیدی دەور و رۆڵی ئەردۆغان کۆتایى پێهاتووە. بۆیە دەبێت ئیتر مرۆڤ ئەو لەو شوێنە بهێنێتەخوارەوە، کە خۆی پیاهەڵواسیوە. ئێستا دەبێت لەم دۆخەی ئێستادا ئەو کارە ئەنجام بدرێت. لەبەر ترسە زۆرەکەى ئەو هەموو یارییە بە هەڵبژاردنەکان دەکات و دەیەوێت بەپێی خواستى خۆی بێت. بەڕاستیش بۆ ئەوەى پێش لە گفتوگۆیە بگریت، کە کەس پێى نەڵێت "دەست لە دەسەڵات هەڵگرە"، گفتوگۆ و مشتومڕەکان لەسەر هەڵبژاردن درێژ دەکاتەوە. هەوڵیدا رۆژەڤەکە بەلاڕێدا ببات و تێکشکان و دۆڕانە گەورەکەى خۆی لە هەڵبژاردندا بشارێتەوە. دەبێت ئێمە ئەوە ببینین و لێى تێبگەین. دەبێت بە دڵنیاییەوە هیچ کەسێک نەکەوێتە داوی یاری و گەمە هەڵخڵەتێنەرەکانییەوە. لەبەر ئەوەش بە هەڵبژاردنى ٣١ ئادار ئیدی قۆناغێکى نوێ دەستیپێکردووە.

ئیدی کاتى هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە کۆتایى پێهاتووە و هەڵوەشانەوەیان دەستیپێکردووە. لە راستیدا دۆڕان و پێویستی بە بزووتنەوە و تێکۆشانێکى کاریگەرانەى دژە فاشیستى و دیموکراتیکانە هەیە. خۆ کاتێک مرۆڤ سەیری رووخساری تەیب ئەردۆغان و بینالی یڵدرم دەکات، بە ئاشکرا ئەوە دەردەکەوێت کە لە ناو چ داڕمان و هەڵوەشانەوەیەکدان. لەبەر چی؟ چونکا لە "هاوبەشی و هاوپەیمانیش" گورزی قورسیان بەرکەوت. بەو هەڵبژاردنە ئاکەپە گەیشتە دۆخێکی لەو جۆرە، کە ئیدی ناتوانێت بەردەوامی بە هاوپەیمانییەکەى لەگەڵ مەهەپەدا بدات.

دواى هەڵبژاردنى ٧ی حوزەیرانى ٢٠١٥ دەیوت "من پشت بە مەهەپە دەبەستم و هەندێک بەرەوپێش دەڕۆم، کوردان سەرکوت دەکەم، فەتحوڵاییەکان پاکتاو دەکەم و ئەوەش بە هاوپەیمانیى لەگەڵ مەهەپە ئەنجام دەدەم و بەردەوامیى پێدەدەم، بۆیە ئێمە مەهەپە دەخەینە ریزی خۆمانەوە و قازانجی دەکەین و لەوێوە هێز وەردەگرینەوە"، بەڵام ئەوە بینرا کە هاوپەیمانیى لەگەڵ مەهەپە سوودی بۆ ئاکەپە نەبوو. مەهەپەى داڕوخاو و مردوو لە هەڵبژاردنى ٧ی حوزەیرانى ٢٠١٥دا کۆتایى پێهات، بەڵام ئێستا دوای ٤ ساڵ دیسانەوە زیندوو بووەتەوە و ئەوەى هەڵوەشاوەتەوە ئاکەپەیە. یانی ئەو هاوپەیمانییە ناتوانێت ئاکەپە رزگار بکات. توانایى ئەوەشى نەماوە  ئیتر لەگەڵ کەس و لایەنێکى تردا هاوپەیمانى ئەنجام بدات. ئەو هاوپەیمانییە کە ئێستا هەیە بووە بەو هاوپەیمانییە کە ئاکەپەى رماند و بەرەو هەڵوەشانەوەى بردووە.  

جدیت لە گۆڕێ نەماوە

ئاکەپە بووە بە مەهەپە، ئیتر شتێکی بۆ نەماوەتەوە، کە بە وڵات یان بە جەماوەری  بدات. بە دڵنیاییەوە ئیدی ئاکەپە هیچ خێر و سوودێکى بۆ تورکیا، بۆ جیهان و بۆ هیچ کەسێک نەماوە. گەورەترین خێر و قازانج کە ئەنجامى بدات ئەوەیە، کە رۆژێک زووتر بکشێتەوە و بەڕێوەبەری بۆ هێزێک بەجێبهێڵێت، کە کێشەکانى تورکیا لەسەر رێبازی دیموکراتیک چارەسەر بکات. ئەگەر دەستبەردار نەبێت دەبێت دەستى پێ لێبەردرێت، دەبێت بە دڵنیاییەوە ئەوە بکات.

ئێستا هیچ جدیەتێک لە گۆڕێدا نەماوە. دەبێت هەندێک کەس هەستن و بڵێن 'جدی بن'. ئەو کار و شتە چەڵیت و چەوتانە زۆرە. نابێت مرۆڤەکان بەو رادەیە بێ شکۆ بکەن و بەبێ ئەوەى پشتبەستبوو بن بە بنەمایەکى حقوقی و یاسایى، بۆ دەسەڵاتداریى خۆیان مرۆڤەکان دەخەنە خزمەتی خۆیانەوە. لە کۆمەڵگەدا رۆح و موراڵ نامێنێت، سایکۆلۆژیای متمانەکردن نامێنێت و ئیدی کەس بڕوا بە کەس ناکات. لە ناو ئەو هەموو ساختەکاری و فرتوفێڵڵانەدا کێ بڕوا بە چی بکات؟  

ئەوەى ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵگە دادوەشێنێت

ئەو فاشیزمەى ئێستا تێکشکاندنی کۆمەڵگە جێبەجێ دەکات تاوەکو کۆمەڵگە و تاکەکانی بڕوا بە هیچ نەکەن. ئەوە گەورەترین زیانی هەیە. لەلایەکەوە عەقڵییەتی پاکتاوکاریى سەرلەنوێ بونیاتنایەوە و لەلایەکى ترەوە کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێت و بەرەو دافرەقانی دەبات. دەبێت دەرفەتى ئەوەى پێ نەدرێت. دەبێت لەم قۆناغەدا و لەم پرۆسەیدا جدی بن. دەبێت هەندێک کەس هەستن و بڵێن 'جدی بن و سنوری خۆتان بزانن' ئەگەر ئەوە رووی نەدا، دەبێت ملیان بگرن و پێیان ئەنجام بدەن.

گەل وتی "من دەتوانم ئەو کارە بکەم" ئەوەش لە پێناو ئەوەدا ئەنجامدرا، کە مرۆڤ بتوانێت گەل بە رێکخستن بکات و بزووتنەوەى دیموکراسی یەکبخات. لەو کاتەدا دەتوانن فاشیزم هەڵوەشێنن و کێشەکانى تورکیا لە رێگەى دیموکراسییەوە چارەسەر بکەن. ئومێدی ئێمە بۆ داهاتوو ئەوەیە. بۆ ئەوەش بەرپرسیارییەکەى گەورە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو شۆڕشگێڕان و هێزە دیموکراسییەکان. ئەوە ئەرکێکى مێژوییە. ئێمە ئەرکە شۆڕشگێڕی و دیموکراتیکەکانى خۆمان بەجێدەهێنین و ئەنجامیشی دەدەین. بەڵام دەبێت هەموان بەو شێوەیە بکەن.

هەڵوێستى بەڕێوەبەریی جەهەپە هێز بە ئەردۆغان دەبەخشێت

جەهەپە بۆ کێشەکانى تورکیا و بۆ دۆزی کورد چی دەڵێت؟ بۆ لەگەڵ هەدەپە هاوپەیمانى ئەنجام نادات. هەدەپە لە هەموو شوێنێکى تورکیادا دەنگی هەیە و دەنگ بەدەست دەهێنێت. بەڵام هەڵوێستى بەڕێوەبەریى جەهەپە بەرامبەر بە هەدەپە هێز بە بەرێوەبەریى ئەردۆغان دەبەخشێت. لەو بابەتەدا بەرپرسیاریى بەڕێوەبەریى جەهەپە زۆر زۆرە. ئیدی هەموو دەمامکەکان داماڵراون. جەهەپە و هەدەپە دەبێت بە بەرپرسیارییەوە بجوڵێنەوە. دەبێت لە بەرامبەر دیکتاتۆریى ئەردۆغان دا ئەڵتەرناتیڤی بەڕێوەبەریی دیموکراتیک دروست بکەن و بە پشتیوانیى گەل ئەو دیکتاتۆرییەوە فڕێ بدەنە ناو سەلوێنک و زبڵدانى مێژوو.

 

ر.م