کاڵکان: دەست بە هەڵمەتێکى بەرفراوان دەکەین

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە وتی، لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى و گۆشەگیری دەست بە هەڵمەتێکى بەرفراوانی بەرخودان دەکەن و لە هەموو گۆڕەپان و ئاستەکاندا بە شێوازی بەرچاو و خوڵقێنەر کار دەکەن.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قورسایی خستە سەر تێکۆشانی ٢٢هەمین ساڵ لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى.

'بڕیارەکەی دادگا بەلجیکا مەحکوکردنى پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە'

کاڵکان بڕیارەکەى دادگای بەلجیکا، کە بڕیاری دابوو پەکەکە رێکخستنێکى "تیرۆر" نییە، مانا و کاریگەرییەکەى لەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى نرخاند.

کاڵکان رایگەیاند، بڕیاری ئەمدواییەى دادگای بەلجیکا گرنگە و وتی "لە راستیدا بڕیاری دادگای بەلجیکا مەحکومکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە، چونکە هەموو هێرشەکانى پیلانگێڕان لە دژی رێبەر ئاپۆ پشتبەستووە بەوەی کە دەڵێن 'دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری رێکخستنی تیرۆرە'. لێرەدا مەبەستیان لە 'رێکخستنى تیرۆر' پەکەکەیە. ٢١ ساڵە لەو چوارچێوەیەدا هێرش دەکەنە سەر رێبەر ئاپۆ. پیلانگێڕیی نێونەتەوەی بەو عەقڵییەت و بڕیارەوە پلانى بۆ دانرا و رێکخرا و بەڕێوەبرا. سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمراڵی لە چوارچێوەی ئەو عەقڵییەت و بڕیارەدا دامەزراوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە. هەموو ئەو تاوانانەى کە بەسەر رێبەر ئاپۆدا دەسەپێنران، پشتبەستبوو بوون بەو بڕیارەوە، کە بڕیاریاندا بوو پەکەکە 'رێکخستنێکى تیرۆرە'.

ئەو بڕیارەى دادگای بەلجیکا هەموو هێرشە پشتبەستووەکان بە بڕیاری 'تیرۆر' بۆ سەر رێبەر ئاپۆ مەحکوم دەکات و تاوانبارکردنەکان پوچەڵ دەکاتەوە. بۆیە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى مەحکوم دەکات. لە راستیدا دەبوایە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئەو کارەى بکردایە. هەر چەند لە  تورکیا ئەوە لەلایەن دادگای دەوڵەتی تورکەوە نەکرا، بەڵام دەبوایە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە بڕیاری لەسێدارەدانى دادگای دەوڵەتى تورکی نرخاند، دەبوایە خۆی بە ئەنجامێکى لە جۆرە بگەیاندایە. دۆخی حقوقی ئەوە دەخوازێت و ئەوە دەسەپێنێت. پێوەری 'گەلۆ ئەوروپا خاوەنداری لە حقوقی یەکسان و دیموکراتیکی راستەقینە دەکات یان نا' ئەوەیە، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەیتوانى بڕیارێکی لەو جۆرە دەربکات. نەیتوانى کاریگەریى سیاسەتى پیلانگێڕی لەسەر خۆی بهاوێژێت و بووە ئامڕازێک بۆ سیاسەتى پیلانگێڕی. نەیتوانى راوەستەى حقوقی و یەکسانی خۆی بسەلمێنێت. ئێستا دادگای بەلجیکا ئەوەى سەلماندووە، بۆیە بڕیارەکەى گرنگە".

'هێزە پیلانگێڕەکان بۆ ئەوەى خۆیان لەسەر پێ رابگرن بە هەموو شێوەیەک درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن'

دوران کاڵکان رایگەیاند، هێزە پیلانگێڕەکان بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان لەسەر پێ رابگرن بەهەموو شێوەیەک درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن و وتی "فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێگەیشتنی خۆیان بۆ شەڕی تایبەت و هەمەلایەنە بۆ سەر باکووری کوردستان و هەروەها بۆ سەر باشوور و رۆژئاواى کوردستان و دەرەوەى وڵات لە دژی گەلەکەمان بە گوشاری قڕکەرانە و کۆمەڵکوژانە بەشێوەیەکى هارانە بەڕێوەدەبەن. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەبوونی خۆی بەستوەتەوە بە هێرشێکى لەو جۆرەوە".

کاڵکان راشیگەیاند، لە پێش هەمووانەوە ئەمریکا و رووسیا و ژمارەیەکى زۆر لە هێزە سیاسییەکان لە بەرامبەر بەرژەوەندیى سیاسی و ئابووریى هەرزاندا پشتوانی لە قڕکردنی کوردان دەکەن و وتیشی "ئەوەش ئاشکرا و بەرچاوە. دەبێت مرۆڤ نەڵێت تەنها ئاکەپە و مەهەپە ئەوەیان دەوێت و دەوڵەتى تورک بەڕێوەدەبەن و ئەوانیش بە ناچاری پشتیوانیى لێدەکەن، بە پێچەوانەوە دنەی دەدەن و ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەنجامدانى کۆمەڵکوژی هان ددەن و پشتگیریی دەکەن".

کاڵکان لەو چوارچێوەیەدا فەرەنسای وەک نمونە هێنایەوە و وتی "دەوڵەتی فەرەنسا، کە وەک دەوڵەتێکی زۆر دژ لە بەرامبەر تورکیادا دەردەکەوێت، هێشتا کۆمەڵکوژیى پاریسی دادگایى نەکردووە و مەحکومی نەکردووە. ئەگەر دەوڵەتى فەرەنسا ئەوەى کردبوایە، ئەوا لەگەڵ بڕیارەکەى دادگای بەلجیکا پرۆسەیەکى سیاسی دەستیپێدەکرد و کۆتایى بە هێرشە قڕکەر و فاشیستانەکانی ئاکەپە – مەهەپە بۆ سەر کوردستان دەهات. ئەو پرۆسە حقوقییە دەیتوانی ئەو کارە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کارەیان نەکردووە. ئەوە دۆخێکى جدییە و بابەتی رەخنەکردنە. کەواتە ئەوەى وا دیارە زۆرترین ناکۆکیی لەگەڵ تورکیا هەیە پشتیوانى لە هێرشەکان بۆ سەر پەکەکە دەکات. ئەمریکا و بەڕێوەبەرییەکانى هاوشێوەى ئەو، ئەو کارە لە ئاستێکى بەرزتردا ئەنجام دەدەن".

'شەڕی جیهانیی سێیەم چووە قۆناغێکی نوێ'

کاڵکان لێکدانەوەى بۆ قەیرانى نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و وتی "شەڕ بە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاودەبێتەوە. بە کوشتنی قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بەغدا، شەڕی جیهانیی سێیەم چووە قۆناغێکى ترەوە. دیارە چەند ساڵی داهاتوو بە شەڕ تێدەپەڕێت. تێکۆشان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر ئەو بنەمایەیە قوڵتر و بڵاوتر دەبێتەوە.

ئێمە شیکاری بۆ دۆخی نوێی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین و بەپێى ئەوەش ئێمە سیاسەتى پێویست و هەڵوێستی کرداریانەى خۆمان نیشان دەدەین. ئێمە بە دڵنیاییەوە لە دژی دەستێوەردانى دەرەکیی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستین. هەروەها ئێمە دەڵێین، دەبێت دیکتاتۆریی نەتەوە دەوڵەت لە ناوچەکە لە رووی زیهنیەت و سیاسەتەوە لەناو بچن و بەپێى دیموکراسی بگۆڕدرێن. ئێمە تێکۆشانمان بۆ ئەوە لەسەر بنەمای شۆڕشی ئازادیى کوردستان بەڕێوەبردووە و بەڕێوەشی دەبەین. لە رۆژهەڵاتى کوردستان تێکۆشانێکى گەورە لە ئارادایە و بۆ بە دیموکراسیکردنى ئێران، چارەسەریى کێشەکان لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە بە هەموو رێ و رێبازە ئافرێنەر و خوڵقێنەرەکان تێدەکۆشین".

لە ٢٢هەمین ساڵی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا هەڵمەتى بەرفراوانى بەرخودان

لەبارەى ئامادەکاری و پلانسازی لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى کاڵکان وتی "لە ساڵی ٢٢هەمدا، تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕی و گۆشەگیری، ئێمە هەڵمەتێکى بەرفراوانی بەرخودان دەئافرێنین. ئێمە ئەوە هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو گۆڕەپان و ئاستەکاندا بەشێوەیەکى بەرچاو ئەنجام دەدەین و بە رێبازی ئافرێنەرانە بەڕێوەى دەبەین. ئێمە سیاسەتى گۆشەگیریی ئێمراڵی تێکدەشکێنن و لە ٢٢هەمین ساڵدا زۆر زیاتر و بە بەهێزی پیلانگێڕی تێکدەشکێنین. ئامانج و بڕیار و پێداگریی ئێمە لەسەر ئەو بنەما و چوارچێوەیەیە.

بۆ ئەوەش ئێمە لە باکوور، باشوور و رۆژئاوا بۆ هەڵوەشاندنەوەى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەرخودانێکى هەمەلایەنەى فرە لایەن بەڕێوەدەبەین. لە گەریلاوە تاوەکو بەرخودانى گەل، ئێمە هەموو شێوەکانى بەرخودان لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکان لە تورکیا بە رێبازی بەرفراوان و ئافرێنەرانە بەڕێوەدەبەین. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئامانجەکەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و ئازادکردنی کوردستان و دیموکراتیککردنی تورکیا بەدی دەهێنین. ساڵی ٢٢هەم بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە ساڵێکی لە جێدایە و ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەوە  دەکەین.

دەبێت هەموو کەس تێکۆشان لە دژی ئەشکەنجەی ئیمراڵی و سیتسمی گۆشەگیری بە تێکۆشانی خۆی بزانێت، وەک مەرجی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی ببینێت و خاوەنداریى لێ بکات. بەپێی ئەوەش ئێمە لە ٢٢هەمین ساڵدا لە دژی پیلانگێڕی و گۆشەگیری تێکۆشانێکى گەورە و کاریگەر، کە ئامانجەکەى هەڵوەشاندنەوەى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە بەدی دەهێنین. دەبێت لە مانگی شوبات دا گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە هەموو ئەو شوێنانەی تیایدا دەژین، شەو و رۆژ لە دژی پیلانگێڕی و گۆشەگیری تێبکۆشن، پیلانگێڕی و گۆشەگیری ریسوا بکەن و هەڵوێستێکى بەهێز لە خۆیان نیشان بدەن. دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە چالاکییەکاندا عەقڵییەت و سیاسەتی پیلانگێڕی ئیدانە و مەحکوم بکرێت، ئەوە نیشان بدەن، کە ناتانەوێت لەگەڵ پیلانگێڕیدا بژین. هەڵوەشاندنەوەى ئەو عەقڵییەت و سیاسەتە پیلانگێڕانەیە ، دەبێت وەک هەڵوەشاندنەوەى ئەشکەنجەی ئیمراڵی و سیاسەتى گۆشەگیری، ئافراندنی شەڕت و مەرجی ژیانی ئازاد بۆ رێبەر ئاپۆ بزانرێت و بۆ ئەوەش دەبێت هەمووان هەستنە سەرپێ و راپەڕن. هەڵوێستی لەو شێوەیە بە دڵنیاییەوە رێگا بەرەو سەرکەوتن دەکاتەوە".

ژ.ت