کاڵکان: پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى بەردەوامە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، ئامانج و پلانەکانى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لاواز کراون، بەڵام بە تەواوی پوچەڵنەکراونەتەوە.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە بە بۆنەى ٢١هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى ١٥ی شوبات، کە لە کەسایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دژی گەلی کورد ئەنجام درا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کاڵکان رایگەیاند، گەل و بزووتنەوەى ئازادی و دۆستانی کورد لە ماوەى ٢١ ساڵی پیلانگێڕیدا، بەشێوەیەکی گەورە لە دژی پیلانگێڕی خۆڕاگرییان کردووە و هەزاران شەهیدیان داوە. راشیگەیاند "بەم بۆنەیەوە ئێمە سڵاو لە بەرخودانی گەورەی ٢١ ساڵان بە پێشەنگایەتیى ئافرێنەری ئەو بەرخودانە، رێبەر ئاپۆ دەکەین. شەهیدانى قارەمان کە بە دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن' خاوەندارییان لە رێبەر ئاپۆ کرد و پاراستیان، بە رێز و قەرزداری و خۆشەویشتییەوە یادیان بەرز رادەگرم".

بڕیار، پلانسازی و جێبەجێکردن

کاڵکان ئەوەى دەستنیشانکرد، پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى لە پێش هەموو شتێکەوە هێرشێکى هەمەلایەنەی نێونەتەوەیى بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوە و وتی "هەر کەس ئەو راستییە باش بزانێت، ئەوەی بڕیاری لەسەر پیلانگێڕییەکەدا و پلانی بۆ دانا و جێبەجێی کرد ئەمریکا بوو. بە ئیمزا و فەرمانی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا کلینتۆن ئەو پیلانگێڕییە ئەنجامدرا. بێگومان کاتێک ئەمریکا بڕیارێکی لەو شێوەیە دەدات، لە بەریتانیا و ئیسرائیل زۆرترین هێز و پشتیوانى وەردەگرێت".

لەناوبردنی ئۆجالانیان لەبەرچاو گرتبوو
کاڵکان رایگەیاند، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى هێرشێک بوو بۆ سڕینەوە و لە ناوبردن. لە ناوبردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان لەبەرچاوگرت و وتی "لە پێش هەموو شتێکەوە و لە رێگە جۆراجۆرەکانى پیلانگێڕییەوە هەوڵیاندا لەناوی ببەن و دواتر وەک رووداوێکى نادیار نیشانی بدەن. لەبەر ئەوەى لەوەدا سەرنەکەوتن خواستیان لە ١٥ی شوباتدا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە لەسێدارەى بدەن. دواى ئەوەی، ئەوەش پوچەڵکرایەوە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیان خستەکار و خواستیان بە سیاسەتی داڕزاندن رێبەر ئاپۆ لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە لە ناو ببەن.

هێرشی ناوخۆیى و سەرلەنوێ شەڕ

کاتێک ئەوەش تێکشکێنرا، بەڕێوەبەریى ئەردۆغان / دەسەڵاتداریى ئاکەپە بۆ ئەو کارەى ئێستا ئەرکدارکران. هەوڵیاندا پشتبەستوو بە باوەڕمەندیى ئیسلام، پشتیوانیی کۆمەڵگەی کورد بۆ رێبەر ئاپۆ و پەکەکە لاواز بکەن. لە ناوەوەش هێرشی ئاژاوەگێڕانە – پاکتاوکارانەیان سەپاند و خواستیان پەکەکە پارچە بکەن. لەبەر ئەوەى لەوەشدا سەرنەکەوتن لە ئابی ٢٠٠٥ ەوە و سەرلەنوێ لەسەر بنەمای شەڕی تایبەتی قڕکەرانە، فاشیستی و هەمەلایەنانە هێرشی قورس بۆ لەناوبردن بەڕێوەدەبەن. ئەوەش ماوەی ١٥ ساڵە بەردەوامە. ئەو هێرشە لە دژی رێبەر ئاپۆ، گەریلا، بزووتنەوەى ژنانمان و گەنجان، گەلەکەمان لە چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات، دۆستانمان و هەموو پەکەکە بەڕێوەدەچێت.

ئەەمریکا و ناتۆ بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیى لێدەکەن

دەوڵەتى تورکی فاشیست – قڕکەر ئەو هێرشانەى بە پشتگیریى هەمەلایەنەی ئەمریکا و ناتۆ بەڕێوەدەبات. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لەو شێوەیە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و عەقڵییەتی پاکتاوکردن و لەناوبردنی قڕکەرانە، فاشیست و هەمەلایەنە بەڕێوەدەچێت. بە شێوەی ئایدۆلۆژی، سەربازی، سیاسی و ئابووری و لە هەموو روویەکەوە بەڕێوەدەچێت. بەبێ ئەوەى گوێ بە پێوەرە حقوقی و ئەخلاقییەکان بدەن، بە هەموو شێوازێک هێرش دەکەن و پەلامار دەدەن.

ئافراندنی ستراتیژیای پیلانگێڕی

ئێمە دەزانین ستراتیژیای پیلانگێڕیی نێونەتەویى بەمشێوەیە ئافرێنرا: بە لەناوبردنی رێبەر ئاپۆ پەکەکە پاکتاو دەکرێت، بە پاکتاوکردنى پەکەکە قڕکردنی کوردان کە ماوەى سەد ساڵە بەڕێوەى دەبەن سەردەخەن! یانی لایەنی جەوهەریى ئەو هێرشە قڕکردنە، قڕکردنی گەلی کورد. ئەوە هێرشێکی قڕکەرانەیە کە ماوەى سەد سالە ئەنجام دەدرێن، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ / ١٧ی رەزبەرەوە لەسەر بنەمای هێرش لە دژی رێبەر ئاپۆ لە شێوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا بەڕێوەدەچێت".

بەردەوامیى قڕکردنی کوردان

کاڵکان ئەوەى خستەڕوو، پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى هێرشێکە راستەوخۆ پەیوەندیى بە کێشەى کوردەوە هەیە و وتی "بڕیارێکە بۆ قڕکردنی گەلی کورد و جێبەجێکردنی ئەو قڕکردنە. کێشەى کورد لە شەڕی جیهانی یەکەم بەهۆی دابەشکردنى جیهان لەلایەن هێزە کاپیتالیستە جیاجیاکانەوە دروستبووە. ئەوەی کوردستانى پارچە کردووە، گەلی کورد بە نەبوو دەزانێت و دەیەوێت لە ناوی ببات و ئەوە زیهنیەت و سیاسەتیانە. بۆیە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى هێرشێکە بۆ بەردەوامیدان بە قڕکردنی کوردان. لەو چوارچێوەیەشدا لە دژی چارەسەرکردنى کێشەى کوردن. لە دژی بوون و ئازادیى کوردن، هەوڵێکە بۆ رێگری لە چارەسەریى سیاسی و دیموکراتیکى کێشەى کورد".

پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی کوردستان هەبوو

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، قۆناغی دەستپێکردنی شەڕی جیهانیی سێیەم بە شەڕ لە دژی کوردان دەستیپێکرد و ئەو شەڕە لە هەموو ساڵانى ١٩٩٠ دا بەردەوامیى هەبوو و لە کۆتایى ساڵانى ١٩٩٠ دا بە دەستێوەردانی دووەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا چووە قۆناغی دووەمی گوشار و داگیرکەریى توند بۆ سەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

کاڵکان راشیگەیاند، سەرەتای ئەو دەستێوەردانە بە لەناوبردنی بەڕێوەبەریى عێراق و سەدام حوسێن دەستیپێکرد، بۆ ئەوەى بتوانن ئەوە بکەن بە بەشێک لە سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست پێویستیان بەوە هەبوو کوردستان سەرلەنوێ کۆنترۆڵ بکەنەوە.

پیلانگێڕی سەرەتای دەستێوەردانەکە بوو

کاڵکان وتی "دەترسان بە هەڵوەشاندنەوە و لە ناوچوونی بەڕێوەبەریى سەدام حوسێن، پەکەکە هێزی خۆی بە تەواوی کوردستاندا بڵاوبکاتەوە و لە ناکاو شۆڕشی ئازادی لە هەر چوارپارچەى کوردستان دەستپێبکات، بۆیە ئۆپراسیۆنی هەڵوەشاندنەوەى بەڕێوەبەریى سەدام حوسێنیان بە پیلانگێڕیی  ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ / ١٧ی رەزبەر لە دژی رێبەر ئاپۆ دەستپێکرد. پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى بووە سەرەتای دەستوەردانی دووەمی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. دەیانخواست بەو پیلانگێڕییە رێبەر ئاپۆ بێکاریگەر بکەن و پەکەکە لەبەر یەک هەڵبوەشێنن و تێکۆشانی ئازادی و بوونی کورد پاکتاو بکەن. بەو جۆرە کاتێک لەگەڵ بەڕێوەبەریى سەدام حوسێن دا دەستیان بەشەڕ کرد، بزووتنەوەى ئازادیى کورد نەتوانێت لەو بۆشاییەوە خۆی دەربخات و لە دەرفەت و هەلەکان سوود وەربگرێت.

'ترس لەوەى پەکەکە سوودی لێوەربگرێت'

ئەمریکا دەیزانی پەکەکە بوونێکى بەهێزی هەیە، رێبەر ئاپۆ تێدەکۆشێت، پەکەکە و گەریلا بەڕێوەدەبات، بۆیە لەوە ترسان کە لەو دۆخەدا هێرشبکەنە سەر عێراق و بەڕێوەبەریى سەدام حوسێن هەڵبوەشێننەوە. ترس و نیگەرانییان لەوە بوو ئەگەر شتێکى لەو شێوەیە رووبدات، پەکەکە، شۆڕشی ئازادیی کوردستان سوودی لێوەربگرێت. لە دژی سیستمی کاپیتالیستی گلۆباڵ ئەڵتەرناتیڤی سیستمى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستی دیموکراتیک روو نەدات. بۆیە پلانیان دانا کە سەرەتا بزووتنەوەى ئازادیی کورد و رێبەرەکەى بێکاریگەر بکەن و دواتر دەستوەردان لە عێراق و ناوچەکانى تردا بکەن. خۆی لە خۆیدا پیلانێگڕیى ١٥ی شوبات لەسەر بنەمای مامەڵە و سەوداکارییەکى لەو جۆرە روویدا".

٢١ ساڵە تێکۆشانێکى مێژوویى بەڕێوەدەچێت

کاڵکان رایگەیاند، لە دژی هێرشکارییەکى لەو جۆرە، بزووتنەوەکەیان و گەلی کورد ماوەى ٢١ ساڵە بە پێشەنگایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کرد لە تێکۆشانێکى مێژوویدان و وتی "لەسەرەتاوە ئەو ئیرادەیەی ئازادی و هەبوونی کوردان، هەست، رۆح، هۆشمەندی و ئیرادەی رێبەر ئاپۆیە. تێکۆشان و رێکخستنبوون بە پێشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆیە. ئەوەى لە هەموان زۆر زیاتر رێبازەکانى پیلانگێڕییەکە، لەسێدارەدان، سیاسەتى داڕزاندن لە ئیمراڵی، هێرشە پاکتاوکارییە تێکدەرانەکان و یارییەکانى ئاکەپەى تێکدا، هەڵوێستە و راوەستەى ئافرێنەرانەی بە دیسیپلین، رێکخستنبون، تێگەیشتن، بە پلان، بەرخودێربوون و ئامانجی خۆی بۆ ئازادی، رێبەر ئاپۆ بوو".

پەکەکە بە بەهێزی لەسەر پێیە

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد، ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەسەر ئەو بنەمایە تاوەکو ئێستا نەیهێشتووە پیلانگێڕییەکە سەربکەوێت و وتی "لە راستیدا خواستیان بەو پیلانگێڕییە لە رۆژێکدا رێبەر ئاپۆ لە ناو ببەن، بەڵام ئەو رۆژە بووە ٢١ ساڵ و هێشتا سەرنەکەوتووە. ئەوانەى پیلانگێڕیى ١٥ی شوباتیان ئەنجامدا، پلانى ئەوەیان دانابوو، کە لە ماوەى ٦ مانگدا پەکەکە پاکتاو بکەن. تاوەکو ئێستا ٤٢ شەش مانگی تێپەڕیوە و پەکەکە بە بەهێزی لەسەر پێیە و پێشەنگایەتیى تێکۆشانی ئازادیى کورد دەکات. شۆڕشی ئازادی کوردستان لەسەر رێگاى سەرکەوتن بەرەو ئازادیى گەردونی و گلۆباڵ دەڕوات. ئەو تێکۆشانە  سنووری کوردستانی تێپەڕاندووە و وەرچەرخاوە بزووتنەوەی دیموکراسی و ئازادیى گەردوونی و گلۆباڵ.  ئەوانە هەموویان ئاستیى گرنگی پێشکەوتنن. ئەوە رێگەى لە سەرکەوتنى پیلانگێڕییەکە گرت و پلانسازیى پیلانگێڕییەکەى پووچ کردەوە.

'پیلانگێڕییەکە بە تەواوی تێکنەشکاوە'

کاڵکانی ئەوەشی وت، سەرباری ئەوانەش هێزە پیلانگێڕەکان هەرگیز دەستبەرداری ئامانجەکەیان نەبوون و وتیشی "هەر کاتێک پلانێکیان پوچەڵکرایەوە پلانێکى نوێیان دەستپێدەکرد و بەو شێوەیە هێرشە پیلانگێڕییەکان بۆ تەواوکردنى قڕکردن و لە ناوبردنی کورد بەردەوامی پێدەدەن. هێرشەکانى ئێستا لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەدەچن. سەرباری ئەوەى تێکۆشانێکى مێژووی بەڕێوەبراوە، بەڵام تێکنەشکاندنی تەواوەتیى پیلانگێڕییەکە لە ماوەى ٢١ ساڵ دا کەموکوڕییە. رێبەر ئاپۆ وتی'ئەگەر پەکەکە لە ماوەى ٦ مانگ دا بەشێوەیەکى راست تێبکۆشێت، هیچ هێزێک نییە کە لە ناوی نەبات'. بەڵێ ئامانج و پلانی پیلانگێڕییەکە لاواز کراون، پوچەڵکراوانەتەوە، بەڵام ئاشکرایە پیلانگێڕییەکە بە تەواوی تێکنەشکێنراوە. ئەوەش لە ئەنجامی کەموکوڕیی تێکۆشانەوەیە".  

کاڵکان ئاماژەى بەوەشکرد، لەو چوارچێوەیەدا دەبێت لە ساڵیادی پیلانگێڕیى ١٥ی شوبات دا زیاتر و چڕتر لەسەر راستیى پیلانگێڕی راوەستن و بە شێوەی رەخنەگرتن – رەخنەلەخۆ گرتن لەسەر هێڵی رێبەرایەتى و شەهیدان وانە وەربگرن، لە دژی پیلانگێڕی تێکۆشانێکى کاریگەرانە، سەرکەوتوانە و ئەنجامگیرانە بەڕێوەببەن.

کاڵکان ئەوەشی وت "ئەوە ئەرکی بنەڕەتیى بزووتنەوەکەمان، هاوڕێیانمان و گەلە وڵاتپارێزەکەمانە".

درێژەى هەیە...

ژ.ت