کاڵکان: پێویستی بە یەکێتیى کوردان و یەکێتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، بۆ بونیاتنانی ژیانی دیموکراتیک پێویستی بە یەکێتیی کوردان و یەکێتیی گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە. راشیگەیاند، ئەردۆغان بە پایتەختە رۆژئاواییەکاندا دەگەڕێت و سەودا و مامەڵە بە تورکیاوە دەکات.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لەبارەى پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە کورد لە ناوچەکە و رۆڵی دەستێوەردانی دەرەکی لە کێشەکەدا و رۆڵی خۆیی کورد و یەکێتیى کورد و یەکێتیى گەلانی ناوچەکە لە چارەسەرکردن و شێوەکانى چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کاڵکان لە سەرەتای وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر چاوپێکەوتنى نێوان بنەماڵەى ئۆجالان لە دواى ٨ مانگ لەگەڵ رێبەری گەلی کورد و وتی "بە چاوپێکەوتنى ٣ی ئادار کۆتایی بە گۆشەگیری نەهاتووە. سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەى ئیمراڵی بەردەوامە و بە شێوەیەکى قورسیش بەردەوامە، ئەوەى کراوە کۆتایهاتن بە گۆشەگیری نییە، هەوڵێکى تاکتیکییە بۆ ئەوەی خۆیان لە دۆخی تەنگاوبوون رزگار بکەن.

فاشیزمی ئاکەپە بۆ ئەوەى وتە چەوتەکانی سولەیمان سۆیلو راست بکاتەوە و کۆتایی بەو توڕەییەى بهێنێت، کە لەو قسانە کەوتەوە، رێگای بە دیداری ٣ی ئادار دا. دواى ئەوەش پارێزەران و بنەماڵە دیسانەوە داواى چەندین دیداری تریان کرد، بەڵام دەوڵەتى تورک تاوەکو ئێستا رێگای پێنەداون. ئەگەر مرۆڤ سەرنجی خۆی بخاتەسەر ئەوە دەبینێت، کە چاوپێکەوتن لە هەلومەرجێکی ئاسایدا ئەنجام نادرێت. چاوپێکەوتنەکان بەهۆی مانگرتنێکى گەورە، بەرخودانێکى گەورە و لە ئەنجامی تێکۆشانەوە ئەنجام دەدرێن. بە هێزی تێکۆشان ئەنجام دەدرێن. ئەو رووداوانەى کە روو دەدەن ئەو راستییە بە شێوەیەکى زەق دەخەنەڕوو".

کاڵکان لەبارەى وتەکانى ئۆجالانەوە لە دوا چاوپێکەوتنیدا وتی "رێبەر ئاپۆ پێش ئەمە کاتێک شیکاریی بۆ دۆخی سیاسەتى دیموکراتیک دەکرد دەستەواژەی 'هێڵی سێیەم' یان 'رێگای سێیەم'ی بەکار دەهێنا. ئێستا ئەوە بە شێوەیى 'قاچی سێیەم' پێناسە دەکات. کاتێک ئەوەش بۆ دۆخی تورکیا شیکار دەکات، کە ئەو سیستمە پشتبەستووە بە دوو بلۆکی دەسەڵاتداری، ئەوە دەستنیشان دەکات، کە دەبێت هێزێکى سیاسیی سێیەم خۆی بە رێکخستن بکات و رێگا نیشانی سیاسەتى تورکیا بدات".

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، ئەستەمە سیستمی کۆماری تورکیا بتوانێت بەو بلۆکە سیاسییانەى ئێستای دەسەڵات تورکیا بەڕێوەببات و وتی "ناکۆکییەکانى ئێستای تورکیا زۆرن. ناکۆکیی ریشەیی هەیە، کە پێویستیی بە چارەسەری هەیە. ئەو سیستمە دەتوانێت هەندێک لەسەر ئەو بوارە، بە عەقڵییەت و سیاسەتی فاشیستیی زۆردارانە و توندوتیژانە خۆی لەسەر پێ رابگرێت، بەڵام قەیران و گێژاوەکان کەم ناکەن. تەنها بە سەرکوتکردنی کۆمەڵگە دەتوانێت خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە.

"قاچی سێیەم؛ کورد و هێزە دیموکراتیکەکانن"

لەو دۆخەدا بوونی کۆمەڵگە و ئافراندنی سیستمێکى ئارام بە دیموکراتیکبوون بەدی دێت. دیموکراسیی بۆ تورکیا لە نان و ئاو پێویستترە، ئەوە راستییەکى ژیانە و ماددەیەکى ژیانە. دەبێت بەوشێوەیە لێکبدرێتەوە. ئەستەمە کە بەبێ دیموکراسی تورکیا ئارام ببێت و کۆمەڵگە بتوانێت بە ئارامی بژی. لەو چوارچێەیەدا:

* رێبەر ئاپۆ دەڵێت، سیستمی ئێستا بە دوو قاچ یان بە دوو قاچ و نیو ناتوانیت لەسەر پێ بمێنێتەوە. بۆ ئەوەى ئارام بێت، پێویستی بە قاچێکى نوێ هەیە. ئەوە قاچی سێیەمە.

* ئەو قاچە لە دوو قاچەکەى تر ناچێت و جیاوازە.  لە رووی ئایدۆلۆژی، فەلسەفی و سیاسییەوە جیاوازە. ئەوە قاچێکى دیموکراتیکە. رێبەر ئاپۆ ئەوەى بە وتەی 'چارەسەریی دەوڵەت و دیموکراسی' پێناسەکردووە. مەبەستی ئەوەش خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە. 

سیستمی دیموکراتیک لایەنێکى دەوڵەت دەبێت و لایەنەکەی تریشی ٢ بلۆکەکەی تری دەسەڵاتە. دەبێت مرۆڤ ئەوە وەک فۆرمولێکى سیاسیی دەوڵەت و دیموکراسی ببینێت و بەو شێوەیە لێکیبداتەوە. بۆ ئەوەى کۆمەڵگە بتوانێت بژیت و ببێتە خاوەن ژیانێکى ئازاد و یەکسان، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە دیموکراسی هەیە. هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی ئەو دیموکراسییە کوردە. قاچی سێیەم کورد و هێزە دیموکراتیکەکانن".

'مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستی ئەوروپا ٢٠٠ ساڵە دەستوەرادن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات'

کاڵکان لەبارەى دۆخی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەستوەردانى هێزەکانى دەرەوە لە هەرێمەکەدا وتی "مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستی ئەوروپا زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە لە رووی فەلسەفی، ئایدۆلۆژی، سیاسی، سەربازی، ئابووری و رێکخراوەیی و رێکخستنەوە لە هەموو ئاستەکاندا دەستوەردان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەکات. هەوڵ دەدەن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆیلە و پارچەى بکەن و تیایدا باڵادەست بن، بۆیە کەوتووەتە ژێر دەستی هێزەکانى دەرەوە. بەسەر ٢٥ پارچەدا دابەشکراوە، لە ناوەوەش گەل پارچە کراوە، بۆ نمونە وەک کوردستان سەرەتا دابەشکرا بەسەر ٣ پارچەدا و دواى ئەوەش دابەشیانکردەوە بەسەر ٥ پارچەدا. عەرەبەکانیش بەسەر ٢٢ بەشدا پارچەکراون و وایان لێکردوون، کە شەڕی یەکتر بکەن".

'چارەنووسی گەلانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەى یەکترە'

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، چارەنووسی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەک دەچێت و وتی "ئەوەى زوڵم لەوانی تر دەکات لە شوێنی ترەوە گوشار لە خۆی دەکرێت، بۆیە دۆخێکى لەو شێوەیە هەیە، کە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت چارەنووسیان وەک یەکە، هاوشێوەى یەکترە و لە یەک دەچن. پێویستە مرۆڤ ئەوە ببینێت و ئەو دۆخە زەقە بەشێوەیەکى دروست ئانالیز بکات. بەڕێوەبردنی تێکۆشان لە ناو ئەو دۆخەدا، ئەزموونی پەکەکەى ئافراند... پەکەکە لە کوردستان ئازایەتی و فەداکاریی گەیاندە بەرزترین ئاست. ئەوەش لە سەر هێڵی قارەمانی لە زیندان و لە چیاکاندا بەدیهات. گەریلا هێڵێکى فەدایی ئافراند، کە لە هیچ شوێنێکى تری ئەم دونیایەدا وێنەى نەبووە. تێکۆشانێکى گەورە بەڕێوەچوو و ئەنجامی گرنگ ئافرێنران. بەڵام ئەوەش بینرا، کە کورد چەند یەکگرتوو بن ئەوەندەش هێزی تێکۆشانیان زیاتر دەبێت و لە شوێنێکیشدا یەکگرتوو نەبن لاواز دەبن. یانی دەستوەردانی دەرەوە پارچە دەکات. دەستوەردانی ئیمپریالیست واتە 'پارچەى بکە، بیاندە بەشەڕدا و بەرێوەیان ببە'. پشتیوانى لە لایەنێکى کوردان دەکات، بەڵام تێکۆشانی لایەنێکى تری کوردان لاواز دەکات. پشتگیری و هێز بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و لایەنەکانى تر دەدات، بەڵام هەوڵ دەدات هێڵی قارەمانیی تێکۆشانی پەکەکە لاواز بکات. ئەوەش دەبێتە لەمپەر لە بەردەم سەرکەوتنى تێکۆشاندا. لە رێگەى شەڕی ناوخۆیی، نۆکەری و خیانەتەوە هەوڵ دەدات تێکۆشانی ئازادی لاواز بکات، دۆخێکی لەو شێوەیەش بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپێنراوە.

'پێویستی بە یەکێتیی کوردان و یەکێتیى گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە'

پەکەکە بە هێزی تێکۆشانی خۆی ئەوەى خستەڕوو، کە ئەو تێکۆشانە تاوەکو ئاستێک پێشدەکەوێت، بەڵام بۆ ئەوەى ئەنجام بەدەست بێت ناچارە یەکێتی بئافرێنێت. کاتێک یەکێتی نەئافرێنێت، هێزەکانى دەرەوە، هێزەکانى دوژمن پشتیوانی لە لایەنێک دەکەن و بەوشێوەیە لە بەردەم ئەنجامگیربوونی تێکۆشانی پەکەکە دەبنە ئاستەنگ. هەروەها کورد تێکۆشان و پێشکەوتن دەئافرێنێت، بەڵام کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها هێزەکەیان بەشی ئەوە ناکات، کە سیستمی گوشار، داگیرکەری، مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست، هەژموونی و باڵادەستیی هێزە دەرەکییەکان لە ناو ببات. یانی پێشکەوتن دەئافرێنێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ گەلانی تر یەکنەگرێت و ئەگەر تێکۆشانێکى هاوبەش بەڕێوەنەبات ناتوانێت دوژمنی هاوبەش تێکبشکێنێت. ئەستەمە بەبێ لەناوبردنی باڵادەستیی دەرەکی لە کوردستان و بەبێ کۆتایهێنان بە گوشار و داگیرکەری دەرەوە ئازادی و دیموکراسی بەدی بێت. هەر چۆن تەنها بە پەکەکە ئازادیی کوردان بەدی نایەت، هەر بەو شێوەیەش تەنها بە کورد لە ناوچەکەدا سەرخۆبوون، ژیانێکى ئازاد و دیموکراتیک نائافرێنرێت. لەو کاتەدا پێویستی بە یەکێتی هەیە. یەکێتیى کورد پێویستە، یەکێتیى گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە. پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەش هەیە. دەبێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد ئەو سیستمە تێکبشکێنرێت، کە کێشەى کوردی دروستکردووە. ئەو سیستمە گوشار، داگیرکەری و باڵادەستی بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەبات. لەو کاتەدا ئەگەر مرۆڤەکانى هەموو گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەشداری لە تێکۆشانێکی لەو شێوەیەدا نەکەن ئەوا ناکرێت کۆتایی بە سیستمی گۆشار و داگیرکەری بهێنرێت".

'دەکرێت تێکۆشان بە یەک لایەن بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرکەوتنى بە یەکێتی بەدی دێت'

کاڵکان رایگەیاند، تێکۆشانی یەکلایەنە ئەنجامی گرنگی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەوە بینرا، کە سەرکەوتن بە تەنهایی نابێت.

کاڵکان وتی "مرۆڤ بە تەنها دەتوانێت تێبکۆشێت، بەڵام سەرکەوتن بە یەکێتی بەدیدێت. سەرکەوتن بە تەنهایی نابێت. دیموکراسی بە تەنهایی بونیاتنانرێت، خۆشکایەتى و برایەتی بە تەنهایی نابێت، بە یەکێتیی دیموکراتیک خوشکایەتی و برایەتیی دیموکراتیک و بەسەرکەوتنى دیموکراتیک بەدی دێت. بە پێکەوە رێکردن دەبێت، بۆیە تێکۆشان پێکەوە گرنگە. ئەوە بە تەنها و بە یەکلایەنە نابێت".

'رۆژئاوا لە هەمو کات و شوێنێک زیاتر کوردی یەکخست'

کاڵکان ئاماژەى بەوەکرد، رۆڵی شۆڕشی ئازادیی رۆژئاوا لە هەموو شوێنێکەوە بینرا و وتی "کوردان یەکگرتوو دەکات. کورد تاوەکو ئێستا بەو ئەندازەیەی رۆژئاوا لە ناوچەیەکى تر و لە کاتێکى تردا ئاوا یەکگرتوو نەبووە. نە تێکۆشان لە باکوور، نە لە باشوور و نە لە رۆژهەڵات، بە ئەندازەی تێکۆشانی رۆژئاوا یەکێتیى نەتەوەیى کوردانی بەدینەهێنا".

کاڵکان رایگەیاند، کورد هەبوون، ئیرادە و شکۆی خۆی بە روونی و بە زەقی بە پێشکەوتن لە رۆژئاوادا بینی و وتی، "نوێنەرایەتیی خۆیان لەوێ دەبینین، لەوێ دەبنە خاوەن ژیانێکى ئازاد، شکۆ و کەرامەتی خۆیان لەوێ دەبینن، ئەوەش دەبینین، ئەگەر رۆژئاوا لە دەست بدات لە هیچ شوێنێکى تر ناتوانن بوونی خۆیان بپارێزن. لەبەر ئەوانە رۆژئاوا گرنگە.

لە لایەکى ترەوە بیردۆزی و تێزی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆدا بە شێوەیەکى بەرچاو و کاریگەرانە و کرداریانە پێکهات. ئەزموونێکى جدی و تاقانە و بێهاوتایە".  

'هەموو ناکۆکییەکان لە لابراتواری رۆژئاوا چارەسەر دەکرێن'

کاڵکان سەرنجی خستەر هاوپەیمانیى کورد – عەرەب لە ناوچەکە و وتی "لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کورد، عەرەب، ئاسووری، تورکمەن، چەرکەس و ئەرمەن یەکێتیى دیموکراتیکى سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکیان بونیاتنا. وەڵامێکى بەرچاوە بۆ بۆ ئەو پرسیارە کە دەڵێت 'گەل چۆن دەتوانێت بەهێزی خۆیان پێکەوە بژین؟'. لە بریی شەڕ و دوژمنایەتی لە نێوان کورد و عەرەب، یەکێتیى دیموکراتیک، دۆستایەتی، برایەتی و ژیانی هاوبەش دەئافرێنن. رێگا بۆ یەکێتیى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتیى گەلان خۆش دەکەن.

بۆ سوریاش رێگای سوریای دیموکراتیک و یەکێتیى سوریا دەکەنەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی کورد – عەرەب رێگای یەکێتیى دیموکراتیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شین دەبێت و رێگای بە روودا دەکرێتەوە. ئەوانە هەموویان گرنگن. بۆیە مۆدێلێکە ئەزمون دەکرێت و هاوشێوەى تاقیگەیەکە. هەموو ناکۆکییەکان لە لابراتواری رۆژئاوادا چارەسەر دەکرێن. تێکۆشانی رۆژئاوا تێکۆشانێکى بەرتەسکی گۆڕەپانێک نییە و زیاتریش خۆی فراوانتر دەکات، چونکە هەر خۆی فراوانە".

کاڵکان رایگەیاند، ئەگەر بەرەو چارەسەرییەکى سەرکەوتوانە بڕوات ئەوا کورد ئازاد دەبێت، سوریاش دەبێتە خاوەن یەکێتیى دیموکراتیک، هاوپەیمانیی کورد – عەرەب بەدی دێت، هاوپەیمانیی کورد – تورک بەدی دێت، یەکێتی و برایەتیى دیموکراتیکی گەلان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دێت. ئەوەى رێگا بەڕوی ئەوەدا بکاتەوە هەوڵ و گەڕانەکانە لەو چوارچێوەیەدا. سەرکەوتن لەلایەن ئەوانەوە دەئافرێنرێت. بێگومان ئەگەریش سەرنەکەوێت ئەوا دەرەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە و سەرنەکەوتن خزمەت بە هێزە داگیرکەر و زۆردارەکان دەکات. لەبەر ئەوەش تێکۆشان لە رۆژئاوا لە ئاستی پیرۆزمەندیدایە. ئەو کارەى لەوێ بۆ ئەنجامێکى سەرکەوتوانە لەو تاقیگەیەدا بەڕێوەدەچێت زۆر هێژایە. تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت و بۆ تاقیکردنەوە و ئەزمونکردنیش پێویستی بە هەستیاری و شارەزاییەکى گەورە هەیە".

'رژێمی ئاکەپە – مەهەپە لە دژی کوردان هەموو رۆژێک لە دەوری ئەمریکا، رووسیا و ئەوروپادا دەگەڕێت'

کاڵکان رایگەیاند، ئەو هیزەى کە یەکێتى و یەکپارچەیی سوریا تێکدەدات دەوڵەتى تورکە. دەسەڵاتی ئێستای ئاکەپە – مەهەپەیە و وتی، بۆیە بە سیاسەتى دوژمنایەتیکردنی کوردان و بۆ سڕینەوەى کورد لە سوریا شەڕ دەکات و سیاسەتی رێگریکردن لە چارەسەری بەڕێوەدەبات.

کاڵکان رایگەیاند، دەوڵەتى تورک نایەوێت کورد ببنە خاوەنی هیچ مافێک و وتی "دەوڵەتى تورک دوژمنایەتیى لەگەڵ بەشار ئەسەد نییە، هیچ ناکۆکییەکى لەگەڵ ئەمریکا و رووسیادا نییە، بەڵکو هەموو شتێک بۆ دوژمنایەتیکردنی کوردان دەکات. بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتوون و هەندێک لە ئەمریکییەکانیش ئەوە دەڵێن. ئەمریکییەکان، ئەوروپییەکان لە ناوچە جیاجیاکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تازە بەوەیان زانیوە و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن 'ئەو تورکانە بۆ ئەوەندە دوژمنی کوردانن'. ئەوەی ئەو دوژمنایەتییەی ئافراندووە ئەوانن".

کاڵکان باسی لە هەوڵەکانى رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بۆ دوژمنایەتیکردنی کوردان کرد و وتی "تەیب ئەردۆغان هەندێکجار لەبەر ئەمریکا دەگەڕێت، هەندێکجار لەبەر رووسیا و هەندێکجاریش لەبەر ئەوروپا دەگەڕێت. رۆژێک لە بروکسلە و هەوڵ دەدات بڕوات بۆ واشنتۆن، رۆژێک لە مۆسکۆیە و رۆژێکى تر بەیانییەکەى لە واشنتۆن قسە دەکات، دواى ئەوە رۆژێکى تر هەر بەیانییەکەى لە مۆسکۆ قسە دەکات. یانی هەوڵ دەدات پشتیوانی بۆ عەقڵییەت و سیاسەتی دوژمنکارانەیان بەرامبەر بە کورد بەدەست بهێنێت. هەوڵەکانی بۆ ئەوەن. ئەو بەوە بە کوێ دەگات؟ دەسەڵاتی تورک، رووسیا، ئەمریکا و ئەوروپا چی بە تورکیا دەدەن؟ ئەوان هیچی پێنادەن، بەڵکو تەنها لێی دەستێنن. لێی دەستێنن و ئەگەر وتەکە لە جێی خۆیدا بێت، هەر وەک مانگا دەیدۆشن، تورکیا دەدۆشن".

کاڵکان بۆ چارەسەریی راستەقینە سەرنجی خستەسەر خاڵە دەستنیشانکراوەکانى ئۆجالان و وتی "رێبەر ئاپۆ چارەسەریی لە ناوخۆی تورکیادا بینی. لە رووی تیۆریک و بەرنامەوە چارەسەریی یەکێتیی دیموکراتیکی کێشەی کوردی لە سەر بنەمای خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیک دەستنیشانکرد و هەوڵیدا بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەڵێت، هەمان چارەسەری لە سوریا و بە هەمان شێوە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. ئەوە زۆر گرنگ و مانادارە. هەر خۆی لە خۆیدا رێگایەکى تری چارەسەریش نییە. ئەستەمیشە بە شێوەیەکى دی یەکێتیى سوریا بپارێزرێت. چارەسەری تەنها بەو شێوەیە دەبێت. چارەسەری لە بە دیموکراتیک کردنی سوریادایە و ئەوەش بە قبوڵکردن و جێبەجێکردنی مافە دیموکراتیکەکانى کوردان و گەلانی تر بەدی دێت. دیموکراتیک نەبێت یەکێتیى نابێت".

کاڵکان لەو چوارچێوەیەدا، "قاچی سێیەم"ی مێزێک، کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستنیشانکردبوو، بە یاد هێنایەوە.

'چارەسەری بە هێزی خۆ و هەر بە خۆ بەدی دێت'

کاڵکان دەستنیشانیکرد، ئەوانە هەموویان بە چاوەڕوانى لە دەرەوە نابێت و ئەوەى بەبیرهێنایەوە، کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوا چاوپێکەوتنیدا رایگەیاندووە، دەبێت گەلی کورد بە تێکۆشانی خۆی ئەوە بەدی بهێنێت.

کاڵکان وتی "دەبێت مرۆڤ چارە لە ناو خۆیدا بدۆزێتەوە. مرۆڤ خۆی زۆر بە رێکخستن بکات، زیاتر خۆی پەروەردە بکات، خۆی هۆشیار بکات و دەست بە هەوڵ بکات. بە پەروەردە، رێکخستنکردن و چالاکی هێزی چارەسەریی خۆی بئافرێنێت. بەو شێوەیە کێشەکان بە هێزی خۆ چارەسەر دەبن. بە چاوەڕێکردن لە هەندێکیان چارەسەری بەدی نایەت".

ژ.ت