کاڵکان: چالاکییەکانى مانگرتن سەفەربەریى هەڵوەشاندنەوەى فاشیزمن

کاڵکان رایگەیاند "لە ئاستى سەفەربەریدا گۆشەگیری کۆتایى پیدەهێنین، بەرخودانى 'هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم' بەرفراوانتر دەکەین. ئەوەش سەفەربەریى هەڵوەشاندنەوەى فاشیزمە، سەفەربەریى کۆتایهێهانە بە گۆشەگیرى. گرنگە هەموان بەشداری ئەو سەفەربەرییە بن".

 

 

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) میوانی بەرنامەى " Ulkeden – ئولکەدەن"ی کەناڵی ئاسمانیى مەدیا هەبەر بوو و شیکاریى بۆ بابەت و پێشهاتەکانی رۆژ کرد.

کاڵکان لە سەرەتای وتەکانیدا، بە رێزەوە سڵاوی بۆ لەیلا گیوڤەن، ناسر یاگز، بەرخودێرانى زیندانەکان و شۆڕشگێڕە وڵاتپارێزەکانى دەرەوەى وڵات، کە لە چالاکیى مانگرتندان، نارد. کاڵکان رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە بەرخودێرەکان سەردەکەون.

ئەوەى کەنعان ئەڤرەن دەیخواست ئەنجامی بدات، ئەردۆغان کردی

دوران کاڵکان راشیگەیاند، بزووتنەوە و گەلی کوردستان لە قۆناغ و پرۆسەیەکى مێژووی و بەرخودانێکى گەورەدایە. ئەوەتا مانگرتنە گەورەکە ١٠٠ رۆژی تێپەڕاندووە. ئەو ١٠٠ رۆژە چۆن تێپەڕی، هەر کاتژمێرێکى، هەر چرکەساتێکى چۆن تێپەڕی؟ لەیلا گیوڤەن ١٠٠ رۆژە خانە بە خانە، گردیلە بە گردیلەى جەستەى دەتوێتەوە، بەڵام چۆن بەرخودان دەکات؟ بێگومان هەموومان ئەوە باش دەزانین، بەڵام پێویستە باشتر لێى تێبگەین. ئەگەر ئامانجێکى گەورە بوونی نەبێت، ئەگەر ئیرادە و بڕوایەکى گەورە نەبێت، ئەگەر داوایەکى گەورە بۆ ئازادی نەبێت، نەک ١٠٠ رۆژ، بەڵکو مرۆڤ ناتوانێت ١٠٠ خولەک بەو شێوەیە بەرخودان بکات. ئەوە بۆ بابەتە ئاساییەکان روو نادات، چونکە ئەوە کارێکى ئاسان نییە".

کاڵکان ئەوەشی وت، چالاکیى مانگرتن کاریگەرترین بەرخودانى مرۆڤایەتییە و ئەگەر ئیرادە و بڕوایەکى گەورە نەبێت، کەس ناتوانێت چالاکی مانگرتن لە خواردن ئەنجام بدات. قورسترین بەرخودان چالاکیى مانگرتنە. دەکرێت هەموو شتێکى تر بکرێت، بەڵام ئەگەر ئامانجێکى زۆر گەورە نەبێت و کێشە گەورەکان لە رۆژەڤدا نەبن هەوڵ بۆ چارەسەریش ئەنجام نادرێت. زیاتر لە ١٠٠ رۆژە لە پێناو ئامانجێکدا خانە بە خانەی جەستەى دەتوێتەوە و بەو شێوەیەش بەرخودان دەکات. پێشتریش گەنجانى کورد لە زیندانى ئامەد بەرخودانیان کرد. لە ساڵی ١٩٨١دا ٨٢ رۆژ چالاکیى مانگرتنیان لە دژی گوشار، قەدەغەکاری، تیرۆر و زوڵمی کودەتاى ١٢ی ئەیلول ئەنجامدا.

دوران کاڵکان وتیشی، بەرخودانى ئێستا بەردەوامیى بەرخودانى مانگرتنى تاوەکو مردنی ١٤ی تەمووزە. لەیلا گیوڤەنیش لە زیندانى ئامەد بەرخودانی مانگرتنى دەستپێکرد. ئەو بەرخودانانەش یەک ئامانجیان هەیە. ئەو عەقڵییەتەشى کە ئەمانی ناچار بە مانگرتن کرد، یەک عەقڵییەتە. دیکتاتۆریى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە سەلماندنى بە سیاسەت و عەقڵییەتى کودەتاى سەربازیى ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ دەجوڵێتەوە. ئەردۆغان ئەو رژێمەى ئافراند، کە کەنعان ئەڤرەن دەیخوات دروستى بکات. نە ئۆزال و نە  دەمیرەڵ بە تەواوەتی نوێنەرایەتیى ئەو عەقڵییەتەیان نەدەکرد، بەڵام هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە ئەو دیکتاتۆرییە فاشیست – سەربازییە، کە  کەنعان ئەڤرەن دەیخواست دروستى بکات، خوڵقاندووە و سەرلەنوێ دروستیان کردووەتەوە. رژێمى تیرۆر، رژێمى گوشار، رژێمى نکوڵی، رژێمى قەدەغەکاریان دروستکردووە. هەموو شتێک قەدەغە دەکات و هەموو رۆژێک سوکایەتى دەکات. مافی ژیان بە کەسانى دەرەوەى خۆی نادات. بۆیە هەموو کەس بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. لە هەموو شوێنێکدا گۆشەگیرى هەیە. هەموو کەس لە ژێر گوشار و داگیرکەری و چەوسانەوەى قورسدایە. ئەو بەرخودانەى ئێستاش بۆ کۆتایهێنانە بەو گوشار و داگیرکەرییانە، لەم کاتەدا بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆریى فاشیست، جگە لە بەرخودان رێگایەکى تر بوونی نییە.

کاڵکان ئاماژەى بەوەکرد، مرۆڤ ناتوانێت بە ژیان لە ژێر چەوسانەوە و داگیرکەری و گوشار و گۆشەگیری دا بڵێت، ژیان. ئەگەر ئەوە ژیان بوایە، ئەوا مرۆڤەکانیش قبوڵیان دەکرد و لە دژی نەدەوەستانەوە، بۆیە ئەگەر ئێمە ژیانێکى مرۆیى و برایەتیمان بوێت، دەبێت ئەوانە تێکبشکێنین. پێویستە مرۆڤ لە سیستمى گۆشەگیری رزگار ببێت، بۆیە دەبێت گۆشەگیری کۆتایى پێ بێت و فاشیزم هەڵوەشێت. داواى تورکیایەکى دیموکراتیک، کوردستانێکى ئازاد لەو چوارچێوەیەدایە و ئەوەش ئەو داوایە نییە، کە نەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و بە زۆر بزانریت، بۆیە تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیری و هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم و هێنانەدیى تورکیا دیموکراتیک و کوردستانێکى ئازاد  بەرخودان دەکەین. بۆ ئەوەش لە هەموو شوێنێکدا بەرخودان دەکەین، بە تەمەنەکان، گەنجان، ژنان و پیاوان لە کوردستان و لە دەرەوەى وڵات، لەسەر چیاکان و لە شارەکان و لە هەموو شوێنێکدا بەرخودان دەکەن، چونکە جگە لە بەرخودان چارەیەکى ترمان نییە.

کاڵکان ئاماژەى بەوەشکرد، ئێمە لە ئاستى سەفەربەریدا کۆتایى بە گۆشەگیری دەهێنین و بەرخودانى 'هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم' گەورەتر و بەرفراوانتر دەکەین. ئەوەش سەفەربەریى هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم و سەفەربەریى کۆتایهێنانە بە گۆشەگیری و گرنگە هەموو کەسێک بەشداری ئەو سەفەر بەرییە ببێت.

کاڵکان بە رێزەوە سڵاوى ئاراستەى ئەو کەسانە کرد، کە لە کوردستان و هەر چوار لاى جیهانەوە بەشداری هەڵمەتەکە بوون و لە تێکۆشاندان.

سیاسەتی ئەڵمانیا روون نییە

کاڵکان لە بەردەوامیى وتەکانیدا باسی لە گوشارەکانى حکومەتى ئەڵمانیا بۆ سەر کوردان کرد و باسی لە دوایین قەدەغەکارییەکانى ئەو حکومەتە بەرامبەر بە وەشانخانەى میزۆپۆتامیا و میر موزیک و رێگریى لە رێپێوانى گەنجان و هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتى ئەڵمانیاوە شیکار کرد.

کاڵکان ئەوەى خستەڕوو، تێگەیشتن لەو نزیکایەتییانە قورسە. مرۆڤ نازانێت ئەوەیان بۆ کرد، بەرگری لە چی دەکەن. باشە دەیانەوێت مرۆڤەکان گۆرانى نەڵێن، مرۆڤ کتێب، گۆڤار و رۆژنامە چاپ نەکات؟ باشە بەڕێوەبەریى ئێستاى ئەڵمانیا ئەوەى لە کوردان دەوێت؟ یانى دەیەوێت، هەموو کوردان بچنە سەر چیاکان و دەست بدەنە چەک و بەشداری شەڕ بکەن؟ ئەگەر ئەوەیان دەوێت با بە ئاشکرا بیڵێن. با بڵێن 'ئێمە لایەنگری ئەوەین، کە ئێوە شەڕ بکەن، قبوڵی ناکەین جگە لە شەڕ کارێکى تر بکەن و بچن بەشداری شەڕ بکەن'. ئەگەر ئەوە بە ئاشکرا بڵێن، مرۆڤ دەتوانێت لەو گوشار و قەدەغەکارییەیان تێبگات. هەر چەند ئەوە بە ئاشکرا ناڵێن، بەڵام ئەوەى دەیکەن هەر ئەو مانایە دەدات. ئەگەر کارێکى کۆمپانیایەکى مۆسیقایی بەپێى یاسا تاوان بێت، ئەوا دەتوانێت لەسەر ئەو کارەى سزاى بدات، بەڵام داخستنى دامەزراوەیەکى لەو جۆرە چ مانایەکى هەیە؟ دەزگایەکى چاپ و پەخش، کە کتێب و رۆژنامە چاپ دەکات، چۆن و بۆ دادەخرێت؟ باشە هونەر قەدەغەیە و ئەوە بە کاری تیرۆر دەزانرێت؟ نووسین و چاپکردنى رۆژنامە و کتێب و روونکردنەوەى بیر و رامانى خۆت قەدەغەیە؟ چالاکیى تیرۆرە؟ بەڕاستى مرۆڤ ناتوانێت لەو هەڵوێستەى دەوڵەتى ئەڵمانیا تێبگات.

کاڵکان ئەوەشى خستەڕوو، لە ستراسبۆرگ چالاکوانانى مانگرتوو، جەستەیان خانە بە خانە دەتوێتەوە و هەمووشیان کەسانى ناسراون و داواى ئازادی و دیموکراسی و برایەتى و چارەسەریى دیموکراتیک دەکەن. گەنجانیش دەیانەوێت بچن و پشتیوانییان لێ بکەن، بەڵام هێرشیان دەکرێتە سەر، باشە ئەوە تاوانە، باشە ئەو گەنجانە چ تاوانێکیان کردووە، کە رێپێوانەکەیان قەدەغە دەکەن؟. ئەو گەنجانە لە رێپێوانەکەدا وێنەى رێبەر ئاپۆیان بەرزکردووەتەوە، گۆرانی و سرودیان چڕی و دروشمان وتەوە. گەنجن و حەماسەتیان هەیە، ئەو کارانەیان کوێى تاوانە؟ لە کێیان داوە؟ کوێیان تێکداوە؟ لە دەوڵەتى ئەڵمانیاوە هەندێک لێدوان و راگەیاندراو بڵاوکراونەتەوە و ئێمە بیستمان، کە گوایە وتویانە 'ئێمە رێگا نادەین، تێبکدەن و بسوتێنن'. باشە ئێمەش بانگ دەکەین 'با گەنجانى کورد تێکنەدەن، نەسوتێنن' بەڵام ئەگەر تۆ هەستیت رێپێوانەکەیان قەدەغە بکەیت، تۆ بەرزکردنەوەى وێنەى رێبەر ئاپۆ قەدەغە بکەیت و رێگا نەدەیت گەنجان دروشم بڵێنەوە، ئەو کاتە تۆ دەتوانیت قسە بۆ ئەو گەنجانە بکەیت؟ دەتوانیت چییان پێ بڵێیت؟ ئێمە دەتوانین چی بڵێن؟ چیتان لە ئێمە دەوێت تاوەکو ئێمە پێیان بڵێن؟ باشە ئێمە پێیان بڵێن 'دەست لە هەموو شتێکى خۆتان هەڵگرن'. دەوڵەتى ئێستاى ئەڵمانیا لە رووی سیاسەت و عەقڵییەتەوە و لە رووی قەدەغەکارییەوە خۆی نەگەیاندووەتە ئاستى دیکتاتۆریى ئەردۆغان – باخچەلی. لەلایەکەوە بەڕێوەبەریى ئاکەپە – مەهەپە قەدەغەکاری رادەگەیەنێت، رێکخراوەکان و رۆژنامەکان دادەخات، رێپێوانەکان قەدەغە دەکات و ئەوانەى رێپێوان ئەنجام دەدەن دەستگیریان دەکات، ئەڵمانیاش لەلایەکى ترەوە ئەو کارانە دەکات. باشە ئەڵمانیا شایانى عەقڵییەتێکى لەوجۆرەیە؟ کۆمەڵگە، رۆشنبیر، سیاسەتمەدار و هونەرمەندانى ئەڵمانیا بۆ ئەوە چی دەڵێن؟ ئایا ئەو عەقڵییەتە و ئەو سیاسەتە قبوڵ دەکەن؟ ئەگەر قبوڵی دەکەن با ئاشکراى بکەن تاوەکو ئێمەش بیزانین. ئەگەریش قبوڵ ناکەن ئەوا پێویستە هەڵوێستێکى روونیان هەبێت.

کاڵکان لە بەردەوامیى قسەکانیدا باسی ئەوەیکرد، بە ناوی بزووتنەوەکەمانەوە پەیامى پێویست بە کۆمەڵگەى ئەوروپا دەدەین، بە گەنجانى دەدەین، خۆی لەخۆیدا شتێکى ئەوەندە توندیان ئەنجام نەداوە، هەندێک گەنجى تر زیاتر لە گەنجانى کورد زۆر کار ئەنجام دەدەن، گەنجانی ئەڵمان ئەنجامى دەدەن، گەنجانیش بۆچوونی جیاوازى خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام هەمان نزیکایەتییان بەرامبەر ئەنجام نادرێت. لەبەر ئەوەى کوردن، گوشار و سوکایەتى بە گەنجانى کورد دەکرێت. ئەوان بە زەویدا رادەکێشن، دەستیان دەبەستنەوە. وەک ئەوەی کە خواستبێتیان دونیا تێکبدەن، زوڵمیان لێدەکەن. ئەوەى ئەنجام دەدرێت زوڵمە، سوکایەتییە، ناهەقییە. کۆماری تورکیا پاکتاوکردن و سڕینەوە ئەنجام دەدات، ئەوەش پاڵپشتییە بۆ ئەو پاکتاوکارییە. ئەوە قبوڵ ناکرێت. ئێمە نامانەوێت دۆخێکى لەو جۆرە رووبدات، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرییە گەورەترین هەڵە دەکات، ئەو عەقڵییەت و سیاسەتە هەڵەیە. پێویستە مرۆڤ بەرەنگاری ببێتەوە و رێگریى لێبکرێت و بگۆڕدرێت. ئەو هەموو مرۆڤە زیاتر لە ١٠٠ رۆژە لە چالاکیى مانگرتندان، کەسوکاریان، ناسراوەکانیان، منداڵەکانیان و گەنجان جگە لەوە چی تر دەتوانن بکەن؟.

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد، لەلایەن کوردەوە زیان بە ئەڵمانیا ناگات، بۆیە پێویستە نزیکایەتیى خۆی راست بکاتەوە. لەو بڕوایەداین، کە پێویستە ئەو دۆخە بگۆڕدرێت.

لەبارەى بەرزکردنەوەى وێنەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە وتى، چی دەبێت کاتێک وێنەى رێبەر ئاپۆ بەرز بکەنەوە؟ هەموو کەسێک دەیەوێت وێنەیەک، کە خۆشی دەوێت بەرز بکاتەوە. وێنەى کەسێک بەرز دەکەنەوە، کە ٢٠ ساڵە لە ئیمراڵی لە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدایە. چی لەوە زیاتر سروشتییە؟ ئیرادەى ئەوانە، رێبەریانە. پێویستیى خۆیان بۆ ئازادی لەوێوە وەردەگرن. ئەگەر خاوەنداری لەو نەکەن خاوەنداری لە کێ بکەن؟ باشە کۆمەڵگەى ئەڵمانیا بەها و پیرۆزیى خۆی نییە؟ کاتێک هەندێک دەستدرێژی بکەنە سەر بەها و پیرۆزییەکانیان، کاردانەوە و هەڵوێستیان نابێت؟ بەڵێ دەیانبێت. ئێمەش نامانەوێت هیچ کەسێک، یان کەسێکى کورد زیان بە پیرۆزییەکانى کۆمەڵگەى ئەڵمانیا بگەیەنێت، بەڵام کوردیش بەهای خۆی هەیە. دەبێت رێز لە بەها و پیرۆزییەکانى گەلی کورد بگیرێت. رێبەر ئاپۆش یەکێکە لەوانە، یەکێکە لە سەرەکییەکان. کۆمەڵگە بەو شێوەیە سەیری دەکات. دەکرێت تۆ بەو شێوەیە نەیبینت، بەڵام ئەو مرۆڤانە ئەو بەو شێوەیە دەیبینن و بۆ ئەو ئامانجەش رێپێوان ئەنجام دەدەن. ئاڵایەک بەرز دەکەنەوە و رێپێوان ئەنجام دەدەن. ئەو ئاڵایە زیان بە کەس ناگەیەنێت. ئەگەر تۆ بە دڵت نییە سەیری مەکە.

خوا کردی ئەردۆغان دانى پێدا نا، قەیرانى ئابووریی تورکیا بەهۆی جەنگەوەیە

دوران کاڵکان لەبارەى کۆبوونەوەکەى ئەردۆغان لە سێواس، کە وتبوی 'کێشەى ئابووریمان هەیە. ئێمە ناتوانین پێداویستییەکانى خۆمان دابین بکەین. ئێمە لە هەموو شوێنێک لە دژی پەکەکە شەڕ دەکەین، ئێمە لە شەڕداین' وتى، رەنگە ئاگای لەخۆی نەبوو بێت، کە قسەى وایکردووە. رەنگە بەهۆی گوشارەکانى گەلەوە ئەو قسەیە کردبێت. ئێمە دەڵێین، خوا کردی وای وت... راستییەکەى وت و دانى بە راستیدا نا. تاوەکو ئێستا دەیوت، 'دۆخەکە وا نییە و کێشەى ئابووری و هەڵاوسان و مایەپووچبوون  نییە و تەنگاو نین و ئەوەى دەوترێت هەمووی درۆیە'. کاتێک زۆر تەنگاو دەبن، دەڵێن، 'کەمێک قەیران هەیە، بەڵام تێدەپەڕێت'، بەڵام ئێستا هەموو شتێک ئاشکرا بووە و کێرد بە ئێسک گەیشتووە. لە راستیدا ئەگەر تیرۆر و گوشاری قورسی فاشیست نەبێت، کۆمەڵگە بە دەنگێکى بەرزتر باس لە قەیرانەکان دەکات و باشتر هەڵوێستى دیموکراتیک دەخەنەڕوو. رێپێوان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتى لە دژی فاشیزم ئەنجام دەدەن، چونکە دەیانەوێت داواکانى خۆیان بە دەنگی بەرز و ئاشکرا بخەنەڕوو، بەڵام گوشارێکى قورس هەیە، تیرۆر دەکەن، سەرکوت دەکەن و ترس دەخەنە دڵی کۆمەڵگەوە.

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد، قەیرانەکەى ئێستا کاتى نییە. ئەوانەى لە تورکیا دەمێننەوە دەبێت زیاتر هۆشیار بن و باشتر ئاگاداری دۆخەکە بن. ئەو قەیرانە، قەیرانێک نییە، کە بە هۆکاری دەرەکى دروست بوو بێت، با هەموو کەس لەوە تێبگات. تاکە هۆکاری ئەو قەیرانەى ئێستا شەڕە. سەرمایەگوزاری لەسەر شەڕ دەکەن. هەموو شتێک بۆ شەڕ خەرج دەکەن. لەو دۆخەدا دیکتاتۆریى ئاکەپە – مەهەپە هەموو بودجەیان بۆ شەڕ تەرخانکردووە. بەشێک لە بودجە بە ئاشکرا بۆ شەڕ تەرخان دەکەن و بەشەکەى تریشی بە دزییەوە بۆ شەڕەکە خەرج دەکەن. دەڵێن، بودجەى شاراوەى سەرۆکایەتیى وەزیران، بودجەى شاراوەى فڵان شت، بودجەى شاراوەى میت، ئەوانە هەمووی بۆ شەڕ خەرج دەکەن. باج و دارایى بۆ شەڕ خەرج دەکەن. بێگومان لە دۆخێکى لەو جۆرەدا قەیران دروست دەبێت. هیچ توانایەکى دارایى بۆ کاری تر نامێنێت. بۆ پەروەردە و کەرتەکانى تر نامێنێت، چونکە هەمووی بۆ شەڕ دەبات. کاتێک هەموو شتێک بۆ شەڕ ببات، بێگومان قەیران دروست دەبێت.

دوران کاڵکان بۆ روونبوونەوەى هۆکاری ئەو قەیرانە و تێچووەکانى شەڕ پێشنیاز دەکات، لێکۆڵینەوە لە تێچووى شەڕ بکرێت. ئەو هەموو نووسەر، رۆشنبیر، لێکۆڵەر و رۆژنامەوانە هەیە. با لێکۆڵینەوە بکەن. بۆ نمونە رۆژێک چەند فڕۆکەى جەنگى هەڵدەستن. تێچووەکەیان چەندە؟ رۆژانە چەند تۆن بۆمب دەتەقێنرێت؟ فڕۆکە، کۆپتەر، تانک، تۆپ چەند بۆمب هەڵدەدەن؟ هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتی تورک رۆژانە چەند فیشەک دەتەقێنن، چەند بۆمبای جۆراجۆر دەتەقێنن؟ مانگانە دەکاتە چەند؟ بۆ نمونە ئامارەکانى ساڵی ٢٠١٨ چەندن؟ ئاماری ساڵانە چەندە؟ با لێکۆڵینەوەى لەسەر بکەن، ئاشکراى بکەن و دواتر تێچووەکەى حساب بکەن. ئەو کاتە هۆکاری قەیرانە ئابوورییەکەیان بۆ روون دەبێتەوە، بۆیان دەردەکەوێت، کە بودجە بۆ کوێ دەچێت. بۆیان روون دەبێتەوە پارە لە چیدا خەرج دەکرێت. ئەو کاتە باشتر تێدەگەن، کە قەیرانەکە بەهۆی چییەوە دروست بووە. ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى کورد باج دەدەن، ئەو باج و پارەیە دواتر دەبێتە بۆمب و بەسەریاندا دەبارێنرێت. ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت، خۆیان بۆمب بەسەر خۆیاندا دەبارێنن. هاووڵاتییانى تورکیا ئەوەیان بۆ روون دەبێتەوە، کە بە باج و پارەکەیان کورد دەکوژرێت.

دوران کاڵکان لە بەردەوامیى شیکارکردنى ئەو قەیرانەدا باسی لەو قسەیەى ئەردۆغان کرد، کە لە کۆبوونەوەکەى سێواس دا وتبوی 'بەهای گولـلەیەک چەند لیرەیە؟'. کاڵکان وتى، پێویستە بە باشی لێکدانەوە بۆ ئەو قسەیە بکرێت. ئەو قسەیە یانی 'من هەموو شتێک بۆ ئەوە خەرج دەکەم، بەڵام ئێوە ناتوانن قسە بکەن، ئێوە ناچارن پشتیوانى لەو خەرجییە بکەن' ئەوەش دوو لایەنى هەیە. یەکەم، بە پارە و باجی زەحمەتکێشان و رەنجدەران و هاووڵاتییانى تورکیا لە عەفرینەوە تاوەکو برادۆست کورد دەکوژن و هیچ شتێک بە ناوی برایەتییەوە نەماوە. دووەم، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە، کە قەیرانێکى گەورەی ئابووری بەسەر هاووڵاتییانی تورکیاوە بەردەوامیى دەبێت.

دەبێت لە دژی فاشیزم هەموو دەرفەت و توانایەک بخرێتەکار بە هەڵبژاردنیشەوە

کاڵکان شیکاریى بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا کرد و لەو بارەیەوە وتى، کەشێک کە هەڵبژاردنى تیادا بکرێت بوونی نییە. دۆخێکى دیموکراتیک، یەکسان، ئازاد و ململانێ و پێشبڕکییەکى دادپەرەوەرانە بوونی نییە، بەڵام سەرباری ئەو راستییەش پێویستە ئەو پرۆسەیە وەک پرۆسەیەکى تێکۆشان سەیر بکرێت. بۆ تێکشکاندنى فاشیزم و هێرشی فاشیستى پێویستی بە بەرخودانێکى دیموکراتیکى شۆڕشگێڕی هەیە. فاشیزم بە شێوەیەکى هەمەلایەنە هێرش دەکات، بۆیە پێویستە بەرخودانى دیموکراتیکى هەمەلایەنە ئەنجام بدرێت. گرنگە هەموو توانا و دەرفەتێک لە دژی فاشیزم بەکار بهێنرێت. ئەو پرۆسەیەى هەڵبژاردنیش دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنى تێکۆشانی دیموکراتیکى دژە فاشیستى. پێویستە بەو شێوەیە ببینرێت و خاوەنداریى لێبکرێت. بەڕاستى نابێت هەڵەبکرێت و بە سستى نزیک ببنەوە. گۆڕەپانێکى گرنگە و سەرباری ئەوەى بواریش نییە، بەڵام دیسانەوە دەرفەتی پڕوپاگەندەى سیاسیى هەیە. ئەوەش توانای ئەوە بە کۆمەڵگە دەبەخشێت کە دەست بە جموجوڵ بکات و فاشیزمی پێ ریسوا بکرێت.

کاڵکان ئاماژەى بە هاوپەیمانیى هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیک و وڵاتپارێزەکان کرد و وتى، پێویستە هەموو هێزە دژە فاشیستەکان لە هاوپەیمانییەکدا بن و تێکۆشانێکى کاریگەرانە بەڕێوەببەن. ئەو دەرفەتەى لەم هەڵبژاردنەدا دروست  دەبێت، پێوستە لە تێکۆشانى دژ بە فاشیزم دا بەکار بهێنرێت. پێویستە ئەوە بۆ تێکۆشانى دژە فاشیستى بکرێت بە دەرفەتێک. ئەوە ئەرکێکى گرنگە. ئەگەر بەشێوەیەکی راست و دروست و بەشێوەیەکیى پێویست ئەنجام بدرێت، ئەنجامى جدیشی لێ بەدەست دێت. بۆیە پێویستە لە پرۆسەى هەڵبژاردندا چالاک بن و کاریگەریى زیاتر دروست بکەن.

کاڵکان لەبارەى نزیکایەتیى خەمساردانە لە پرۆسەى هەڵبژاردنەوە وتیشی، نابێت بوترێت، پێویست ناکات دەنگ بدەین. گرنگە پرۆسەى  تێکۆشانی هەڵبژاردن بۆ ریسواکردنى فاشیزم، بۆ بەرەوپێشردنى تێکۆشانی ئازادی، یەکسانی، ئاشتی و دیموکراسى بەکاربهێنرێت. بۆ ئەوەى فاشیزم تێکبشکێت پێویستە لە ئاستێکى بەرزدا دەنگ بدرێت. پێویستە بە دڵنیاییەوە نزیکایەتیی هێزە دیموکراتیکەکان و گەنجانى وڵاتپارێز بەوشێوەیە بێت. بەرخودێری و هەوڵێکى لەو جۆرە هەیە، هەدەپەش لەو بەرخودێری و هەوڵەدایە و لەگەڵ هەندێک هێزى تردا لە هەوڵەدایە و ئەو هەوڵەیان هەیە. دەتوانن باشتریش لەگەڵ یەک کار بکەن. خۆیان گەیاندووەتە ئاستێک، ئێمە چاودێریى دەکەین. دەتوانن هێشتا ئەوە باشتر بەرەو پێش ببەن. ئێمە هیچ ناڵێین. مەبەستى من روونە، دەبێت کەس خۆی دوانەخات و کەس پاشدا نەچێت. پێویستە تێکۆشانی هەڵبژاردن و پرۆسەى هەڵبژاردن وەک گۆڕەپانێکى تێکۆشان لە دژی فاشیزم لێکبدرێتەوە و دەنگ بدرێت و هەر دەنگدەرێک دەنگى خۆی بەکار بهێنێت. بۆ ئەوەى هێزە دیموکراتیکەکان هەڵبژێردرێن، دەبێت لە بەرزترین ئاستدا دەنگ بدرێت و بەشداری بکرێت. بۆ هەڵبژاردنى ژنان دەبێت دەنگ بدرێت.

کۆنسوڵخانەى تورک لە هەولێر بووەتە بنکەیەکى شەڕ

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى فرتوفێڵەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی رۆژئاوا و باشووری کوردستان وتى، پلانسازییەک بە ناوی 'پلانى چالاکیى تێکشکاندن' ئاشکرا بوو. ئەوە بینرا، کە کۆنسوڵخانەى هەولێر رۆڵ و پێگەى بنکەیەکى شەڕی پێدراووە. داواى لێکراوە وەک بنکەیەکى سەربازی بجوڵێتەوە. قەناعەت بە بەڕێوەبەریى باشووری کوردستان، بەڕێوەبەریى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) – یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) دەهێنن، کە ئەوە کۆنسوڵخانەیە. ئاسایشی لەلایەن ئەوانەوە دابین دەکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئەوەى هەیە، بارەگایەکى شەڕە. بە کاری کوشتنى مرۆڤەکان هەڵدەستێت. هەم لە باشوور و هەم لە رۆژئاوا، نەک تەنها لە باشوور. باشە ئەو هێزە راهێنانى بە چەند چەتە کردووە و رێکخستنى بۆ دروستکردوون؟ چییان کردووە؟ خۆیان خزاندووەتە کام ناوچانە؟ لە کوێ جێگیرکران؟ ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکى سەربەخۆ لەوە بکرێت، ئەوە ئەنجامى زۆر گرنگ بەدەست دێن. ناڕەزایەتیى گەل لە شیلادزێ بەبێ هۆ نەبوو. بەهۆی گوشاری قورسی چەتە فاشیستەکان و بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک و هێزە سەربازییەکان و هێزە ئاسمانییەکەى لە دژی گەل، گەنجان، هێزە شۆڕشگێڕەکان و گەریلا، ئەو ناڕەزایەتییە روویدا. ئەوانە هەموویان بوونە هۆی ئەوەى رێگا بۆ ناڕەزایەتى بکرێتەوە. باشە ئەوە نەبینرا، کە ناڕەزایەتى و توڕەیى چەند گەورەیە. دیارە گوشار و تیرۆرەکەیان زۆر قورسە. رێکخستنى لەو جۆرە زۆر زۆرن، چونکە ئەوەی لە بەرامبەرماندایە دیکتاتۆرییەکى فاشیستى زۆر چەپەڵە. لە دەسەڵاتى ئێستاى ئاکەپە – مەهەپە، هیچ دەسەڵاتێکى تری چەپەڵ بوونی نییە. چەندین جۆر چەتەى جۆراجۆریان دروستکردووە. پشتیوانى لە داعش دەکەن، پشتیوانى لە قاعیدە دەکەن. ئەوان لە پشتى هەموو گروپە چەتەکانى سوریاوەن. ژمارەى گروپە چەتەکان لە دەورووبەری کەرکوک نازانرێت، ژمارەیان لە باشوور روون نییە و هەروەها لە باکووریش.  

کاڵکان سەرنجی خستە سەر رێکخستن و گروپە شاراوە و چەتەکانى دەوڵەتى تورک لە رۆژئاواى کوردستان و وتیشی، ئەوەى بەرامبەر بە رۆژئاوا دەکرێت شتێکى نوێ نییە. ئەوانەى ساڵی ٢٠١٤ دەیانوت 'کۆبانێ لە کەوتندایە' و پشتیوانییان لە داعش دەکرد، ئەوانەى لە پشت چەتەکانى داعشەوە راوەستابوون، ئەوانەى لە پشت هەموو گروپە چەتەکانى ترەوە بوون، ئەوانەى بە لۆری و بارهەڵگرەکانى میت چەکیان بۆ چەتەکان دەبرد، ئەو چەتانەن کە لە دژی رۆژئاوا راهێنراون و رێکخراون. بە بەردەوامى بە فڕۆکە و کەشتى چەک بۆ چەتەکانى لیبیا دەنێرن. ئەوانە جاروبار لە میدیاکاندا باسیان لێوەدەکرێت. هەموو کەس دەزانێت و هیچ نەماوە نەزانرێت. بەلام خۆیان لە شتەکان نەبان دەکەن. چەتەى نوێ رێکدەخەن. بێگومان هەندێک خائینى نۆکەریش بەکار دەهێنرێن، بەڵام لە دۆخێکدان، کە بە بەردەوامى تێکدەشکێن. ئەوەى تێکبشکێت سوودی نابێت. ئەوانە کەوتوون، کەسانى  داڕوخاو لە هەموولایەکەوە بەکار دەهێنرێن. بۆیە بەکاریان دەهێنن. لەو بڕوایەدا نیم زۆر کاریگەرییان هەبێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە، کە دەوڵەتى کۆماری تورکیا، دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە و ئەو گروپە چەتە شاراوانە بۆ خۆیان بەکار دەهێنن و کاری قێزەون و تێکدەرانەیان پێ ئەنجام دەدەن، بۆ گوشار و ئەنجامدانى تیرۆر بەکاریان دەهێنن. کارە چەپەڵ و قێزەونەکانى خۆیان بەوان دەکەن. کارە رەش و قێزەونەکانیان لە زۆرێک لە شوێنەکاندا ئاشکرا نابن، بەڵام لە پشت ئەو کارانەوە حکومەتى ئاکەپە و میت راوەستاون.

کاتی گلـلەیى نییە، تێکۆشان پێویستە

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە ئەوەشی وت، دەمەوێت لە کۆتاییا بڵێم، ئیدی تەیب ئەردۆغان هەندێک بە کراوەیى قسە دەکات. پێشتر رەتى دەکردەوە، دەیشاردەوە و دەمامکی هەڵدەبەست، بەڵام ئێستا کەمێک کراوەتر دەڵێت 'من هێرش دەکەمە سەر رۆژهەڵاتى فورات، من دەیسوتێنم، کاولی دەکەم، دوژمنى منن'. کەسێک بەو شێوەیە قسە بکات، دەتوانێت هەموو  جۆرە گروپ و تاقمێک دروست بکات و هەموو  جۆرە هێرشێکیش ئەنجام بدات. دەشتوانێت، هەموو ساختەکاری و فێڵبازییەک بەکار بهێنێت. ئەوە دۆخێکى روون و کراوەیە، تێگەیشتن لێى قورس نییە.

وتیشی، ئەوەى لە بەرامبەرماندایە، دەسەڵاتێکى لەوجۆرەیە. دیکتاتۆرییەکى فاشیستە. لە باکوور، باشوور، رۆژئاوا و هەموو ناوچەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەو شێوەیە تەڕاتێن دەکات و گۆڕەپانەکە بۆ خۆی بە چۆڵ دەزانێت. بەڵێ دەبێت روون بکرێتەوە کە چییە و دەیەوێت چی بکات، بەڵام سەرباری ئەوەش خۆی بە ئاشکرا دەڵێت 'دوژمنى منن' و هێرش و دوژمنایەتى دەکات. ئەگەر ئەوەى بەرامبەر دوژمن بێت ئەوا لەو کاتەدا پێویستە دوژمنایەتیى بەرامبەر بکرێت. لەبەر ئەوەش پێویستە هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان لە هەموو شوێنێک، لە باکوور، باشوور و رۆژئاوا گلـلەیى و گازندە نەکەن و نەڵێن 'دوژمن وامان لێدەکات و چەتەکان رێکدەخات' ئەوەتا خۆی دەڵێت 'دوژمنى منن و دەیکەم'. ئەو کاتە تۆش لە بەرامبەریدا بێ کردە مەبە و تۆش لە دژی بوەستەوە.

کاڵکان لە کۆتایى قسەکانیدا رایگەیاند، تێکۆشانى بە رێکخستنکراو سەردەکەوێت. لەسەر ئەو بنەمایە بانگ لە هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکان دەکەم، کە لە دژی هێرشی دیکتاتۆری فاشیست لە هەموو بەرەکاندا و بە هەموو شێوە و رێبازێک تێکۆشانێکى کاریگەر بەڕێوەببەن.

ر.م