کتێبی "ئازادی" تامەزرۆیی و ئومێد بۆ ئازادیی وێناکردووە
رۆژنامەنووس و نووسەر یەکتا شۆڕش لەبارەى کتێبە شێعرییەکەى بە ناوی "ئازادی" وتی: "لە کتێبەکەدا ژان و ئازارەکانى گەلەکەمان، تامەزرۆیی و ئومێدیان بۆ ئازادی وێنا کراون".
رۆژنامەنووس و نووسەر یەکتا شۆڕش لەبارەى کتێبە شێعرییەکەى بە ناوی "ئازادی" وتی: "لە کتێبەکەدا ژان و ئازارەکانى گەلەکەمان، تامەزرۆیی و ئومێدیان بۆ ئازادی وێنا کراون".
کتێبی شێعری "ئازادی"ی رۆژنامەنووس و نووسەر یەکتا شۆڕش لە مانگی ئادار لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی (J&J)ەوە چاپکراوە. رۆژنامەنووس یەکتا شۆڕش لەبارەى کتێبەکەیەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.
یەکتا شۆڕش رایگەیاند، بناغەى شێعرەکان لە دیوانەکەیدا هیوا و ئومێدن بۆ ئازادی و راشیگەیاند "هەوڵمدا بە هەست و لە چاوی کەسێکەوە بۆ گەلی ئەم وڵاتە، کە کراوەتە چوار پارچە و سەرباری هەموو سەختییەکان خۆڕاگری دەکات و تێدەکۆشێت، ئەو ژیانەی کە دەیانەوێت بە هەڵبەست و شێعر وێنای بکەم".
هاواری کۆمەڵگە
شۆڕش باسی ئەوەیکرد، ئەوە یەکەم دیوانە شێعریەتی و لەوبارەیەوە وتی "لە دیوانە شێعرییەکەمدا ٣٣ هەڵبەست هەیە. هەر هەڵبەستێکی دیوانەکە لە قۆناغێک و کاتێکى جیادا و لە ناوچە و شارێکى جیای کوردستاندا نوسیومن. لە کتێبەکەمدا ژان و ئازاری گەلەکەمان، تامەزرۆیی و ئومێدیانی تیادا وێنا کراوە، بێگومان وەک رۆڵەیەکى ئەم خاکە، ئەو ژان و ئازار و تامەزرۆیی و ئومێدەش خۆم تیاندا ژیاوم و تیاشیاندا دەژیم. وەک کۆکراوەیەک من هەموو ئەو هەڵبەستانەم نووسیوە. دیسانەوە ئەو کەسانەى بۆ ئازادیی گەلی خۆیان روو لە گۆڕەپانی بەرخودان دەکەن، بەبێ ئەوەى گوێ بە هەستە کەسییەکانی خۆیان بدەن لە دیوانەکەدا رەنگیان داوەتەوە، هاوکات ساتە پڕ لە ئومێدەکان لە شێعرەکاندا وێنا کراون. هەروەها هەوڵمداوە هاوار و بانگ و دڵسۆزیی تاکە کەس بۆ کۆمەڵگە و خاک لە هەندێک ساتی ماناداری مێژوویدا بە وشە شێعرییەکان بخەمەڕوو".
"شێعر یەکێک لە هەڵمەتەکانى خاوەنداریکردنە لە زمان"
شۆڕش وتی، پێویستە مرۆڤ بۆ نوسینى شێعر بە ویژادن و بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خاک و کۆمەڵگەى خۆی بیر بکاتەوە. وتیشی "هەڵبەست یەکێکە لە هەڵمەتەکانى خاوەنداریکردن لە زمان و رۆشنبیریی خۆت. جەوهەری خۆ گەیاندنە بە راستیی کۆمەڵگەکەى خۆت. مرۆڤ کاتێک ئازار و ژانەکانى خۆی، غەمگینی و هۆکاری بەسەرهاتەکانى خاک و گەلەکەى خۆی بە زمان و هەستی خۆی لە دایکەوە وەرگرتووە و شیکارییان بۆ دەکات، بیگومان راستیی خۆی دەخاتە روو".
"هەڵبەست کاریگەرترین چالاکییە"
شۆڕش باسی ئەوەیکرد، هەڵبەست یەکێک لە چالاکییە کاریگەرەکان لە دژی سیستمە و ئەوەشی وت "هێزی هەڵبەست، ئەو هەستەى، کە دەیەوێت بە چ ئامانجێک بگات زۆر گرنگ و مانادارە. پێویستە مرۆڤ بۆ هێزی هەڵبەست بگاتە مسۆگەریی دڵنیاکەرەوە. هەڵبەست هەڵوێست و راوەستاندنێکی بەهێزە لە بەرامبەر هەموو جۆرە زوڵم و زۆردارییەک. هەر چۆن لە کۆمەڵگەى کورددا پێشخستنی هەڵبەست بە کوردی بە هۆی رەنج و پیرۆزبوونی بەرخودانەوە بۆی رەخساوە، بووەتە بابەتێکى زۆر مانادار و گرنگە".
یەکتا شۆڕش لە کۆتایی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر دواندن و نوسین بە کوردی وتی "لە بەرامبەر ئەو سیستمەدا، کە دەیەوێت لە هەموو روویەکەەوە ئێمە بتوێنێتەوە و کولتور و رۆشنبیریی ئێمە بسڕێتەوە، دەبێت خاوەنداری لە زمانی دایکیی خۆمان بکەین و لە هەموو شوێنێکدا پێی بدوێین و پێی بنوسین. پێویستە مرۆڤ بە زمانی خۆی و بەو بەرهەمانە، کە دەبنە هۆی بونیاتنانی زمانی خۆی، هاوکار و یارمەتیدەری بەرخودان و تێکۆشانی رەوای گەلی خۆی بکات".
ژ.ت