"کودەتای قەیوم لەدژی هەمووانە، بەرخۆدان دەکەین"
پارتی سۆسیالستی بندەست دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی شارو شارۆچکەکانی باکوری کوردستانی شەرمەزار کرد و لەدژی دیکتاتۆریەتی کۆشک بانگەوازی بەرخۆدانی کرد.
پارتی سۆسیالستی بندەست دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی شارو شارۆچکەکانی باکوری کوردستانی شەرمەزار کرد و لەدژی دیکتاتۆریەتی کۆشک بانگەوازی بەرخۆدانی کرد.
پارتی سۆسیالیستی بندەست (ئەسەپە) لەدژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "دەسەڵاتدارییەتی ئاکەپە-مەهەپە ئیرادەی گەل زەوت دەکات. بە بیانووی لێپرسینەوە لە سەرۆک شارەوانییەکانی هەردوو ناوچەی یەنیشەهیر و حەزرۆی ئامەد و ناوچەی هەزەخ-ی شرنەخ و شارەدێی پەری لە دێرسمیان لە ئەرکەکانیان دوور خستەوە و قەیومیان سەپاند".
لە راگەییێنراوەکەدا وەبیر هێنرایەوە کە ژمارەی شارەوانییەکانی هەدەپە کە دەستبەسەر کراون، گەیشتووەتە ٢٠ شارەوانی، ئەوەش هاتووە پرۆژەیەکیان هەیە بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەرە خۆجێیەکان، ئەویش ئەوەیە کە شارەوانییەکان هەموویان ڕاستەخۆ بە کۆشکەوە ببەسترێنەوە و بە شێوەی قەیوم بەڕێوەببرێن.
ئەسەپە ئاماژەی بەوەش کرد، کودەتای قەیوم تەنیا پرسی کورد و هەدەپە نییە، بەڵکو کێشەی گەلی تورک و هەموو کارمەندەکانە و راشیگەیاند: "بانگەوازی بۆ ڕای گشتی دەکەین کە لەدژی فاشیزمی کۆشک تێبکۆشن، ببنە دەنگی سەرۆک شارەوانییە هەلبژێردراوەکان و لەبەردەم شارەوانییەکان بەرخۆدان بکەن."