کوردانی روسیاش لە دژی گێرەشێوێنیەکان لە زینی وەرتێ هەڵوێستیان وەرگرت

کوردانی هەرێمی کرانۆداری روسیا داوایان کرد کۆتایی بە کێشەکانی زینی وەرتێ بهێنرێت.

لێدوانەکە لە لایەن ئۆتۆنۆمی کلتور-نەتەوەیی کوردان لە هەرێمی کراسنادۆری فیدراسیۆنی روسیاوە بڵاو کرایەوە. لە لێدوانەکەدا باس لەوە کرا کە ئەوان دڵگرانن لەو بارودۆخەی لە ناوچەی زینی وەرتێ هاتووەتە ئاراوە کە لە ئەنجامی جێگیرکردنی هێز لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە لە ناوچەی زینی وەرتێ ئاڵۆزی لێکەوتووەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەندامانی ئۆتۆنۆمیەکە دەستوەردان و دروستکردنی پشێوەی لە وەرتێ لە لایەن پەدەکەوە بە گێرەشێوێنی ناو دەبەن و جەختیان کردەوە کە ئەو گێرەشێوێنیە بە فیتی تورکیا بەڕێوە دەچێت.

هاوکات باس لەوەش کرا کە ئەم بارودۆخە پشێوی لە هەرێم دروست کردووە و هیچ سوودێکی بۆ گەلی کورد نابێت و بانگەوازێکیان بە تایبەت ئاڕاستەی پەدەکە و هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان کرد کە کۆتایی بەو ئاڵۆزیانە بهێنن و هەنگاو بۆ پێشخستنی یەکێتی نەتەوەیی بنێن.

لە لێدوانەکەدا هاوکات تیشک خرایە سەر گەمارۆی سەر مەخمور و داواش کرا کە کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنرێت و بە تایبەت داوا لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان کرا کە هێزەکانی خۆی لە زینی وەرتێ بکشێنێتەوە.

ز.ش