کوردستان بۆ کورد قەدەغە و بۆ ئاکەپەییەکان ئازادە!

لە شاری وان و جۆلەمێرگ ١٢٣٠ رۆژە قەدەغەی هەموو جۆرە چالاکییەکی دیمۆکراتیک بەسەر کورد و هێزە دیمۆکراتەکاندا سەپێندراوە، بەڵام هاوکات بۆ ئەندامانی ئاکەپە و لایەنگرانی هەموو شتێک ئازادە.

جێبەجێکردنی بارودۆخی یائاسایی لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە. لە شارەکانی جۆلەمێرگ و وان ١٢٣٠ رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی دیمۆکراتیک لە لایەن ئاکەپەوە قەدەغە کراوە. یاساکانی بارودۆخی نائاسایی کە بەسەر هەدەپە و رێکخراوە دیمۆکراتەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا سەپێندراوە، بۆ ئەندامانی ئاکەپە و لایەنگرانی ئاساییە.

لە وان و جۆلەمێرگ کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکان، رێپێوان، کۆبوونەوە، بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان قەدەغەن بۆ کورد، بەڵام بۆ ئاکەپە و لایەنگرانی ئازاد و ئاسایین.

مەلەت: بڕیارەکان لە ئەنکەرەوە دەر دەچن

مورات مەلەت سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی شاری وان رایگەیاند، بڕیارەکانی 'قەدەغەکردن' لەو شارە بەردەوامن و ئاماژی بەوە کرد کە پارێزگاری شاری وان بە بیانوویەکی ئامادەکراو، هەر ١٥ رۆژ جارێک بڕیاری قەدەغەکە، نوێ دەکاتەوە و بە رای گشتی رادەگەیێنێت.

'چالاکییەکان بۆ ئەندامانی ئاکەپە ئاسایین'

مەلەت تیشکی خستە سەر هەڵوێستە دووفاقییەکەی پارێزگار و وتی:" ئێمە دەیبینین کە چالاکی و بەرنامەکانی پارتی دەسەڵات قەدەغە ناکرێن. قەدەغەکە تەنها بەسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و کۆمەڵگادا سەپێندراوە."

'ئامانج شاردنەوەی راستییەکانە'

مەلەت هاوکات وتی:" بە رێگای قەدەغەکردن دەیانەوێت راستییەکان نەگەنە دەستی رای گشتی. لە شارێک یان وڵاتێک کە بڕیاری قەدەغەی تێدا دەسەپێندریت، تەنها قسەکانی دەسەڵات وەکو راستی بڵاو دەکرێنەوە!."

ز.ش