کولتوور و زمان؛شۆناس و ناسنامەی ئێمەیە

هاجەرهیلال، لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەی زمانی کوردی بە بۆنەی ٢١ی شوبات/٢ی ڕێبەندان، ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بۆ ئاژانسی فورات دوا و ڕایگەیاند: ''هێرشی هەرە دژوار لەسەر کولتوور وزمان کە هێمای هەبوونی کۆمەڵگەکان، کولتوور و زمانە، بەڕێوە دەچێت".

هیلال، بەو جۆرە دەستی کرد بە قسەکانی؛ ''لە سەرەتادا ئێمە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو دایکانی کورد و دایکانی جیهان پیرۆز دەکەین. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەمیش بەتایبەتی لە کوردستان شەڕێکی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت. ئەوە شەڕە نەتەوەییە بە تایبەتی لەلایەن دەوڵەتانی سەردەست بە سەر نەتەوەکاندا دەسەپێنرێ. یەک لەو نەتەوانەش، نەتەوە و گەلی کوردە. بە تایبەتی لە ناوەندی کوردستاندا ئەو شەڕە بەڕێوە دەچێت. هۆکاری ئەو شەڕە چییە؟ بۆ ئەوەی کە شتێک بەنێوی کوردەوە نەهێڵن، دژوارترین هێرش دەکەنە سەر کولتوور و زمانی کوردان. لە ڕاستیدا کوردێکی کە بە ساڵان مرد بو، بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکەش هەستایەوە سەرپێ و وشیار بویەوە. لە بەرامبەری هێزی سەردەست گەلی کورد تێکۆشان دەکات بەڵام هێزە دەسەڵاتدارەکان بە مەبەستی لە ناوبردنی کوردان هێرش دەکەن".

دەوڵەتی تورکیا لە پێش هەموو شتێکدا هێرشی کردە سەر قوتابخانەکانی عەفرین

هاجەر هیلال، سەرنجی ڕاکێشایە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر قوتابخانە و خوێندنگەکانی عەفرین و وتی: ''لە سەرەتادا هێرشیان کردە سەر بەها مێژووییەکان. دەوڵەتی تورکیا پەلاماری خوێندنگەکانی دا. ئێمە وەکوو کورد لە سەرەتاوە دەڵێین چی؟ وڵاتان دەڵێن لەسەر دەوڵەتەکەمان هەڕەشە و هێرش هەیە، بەڵام ئێمەی کورد دەڵین لەسەر کولتوور و زمانەکەمان هێرش بەڕێوە دەچێ. ئەگەر کولتور، زمان و ناسنامەی ئێمە نەمێنێ، کەواتە ئێمە بوونمان نییە. مرۆڤ بە کولتوور و زمان و ناسنامەکەیەوە بوونی هەیە. ئەگەر ئەو نرخانە نەمێنن، هیچ واتایەکی نەتەوەش نامێنێ. هێندێک کەسیش دەڵێن کورد نێوی کوردستان وەکو کەرەستەیەک بەکاردێنن. بۆ وێنە یاریدەدەرێکی مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی دیجلە، کاتێک کە دەربارەی زمانی کوردییەوە لی دەپرسن، دەڵێ؛ هیچ شەڕ و هێرشێک لە دژی زمانی کوردی لەلایەن تورکیاوە بەڕێوە ناچێ. ئێستا لە هەموو شوێنێکی کوردستان لە باکوور، باشووور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لەسەر ناسنامە و زمانی کوردی هێرش هەیە. بەڵام بەداخەو هێندێک کورد بە ئاسانی دەتوانن نرخاندنێکی بەو جۆرە بکەن. بەو کوردانە دەڵێن کوردە خۆبەدەستەوەدەرەکان. زمانی ئێمە بە واتای نەتەوە بوونی ئێمەیە. چ کاتێک ئێمە وەکوو نەتەوەیەک دانمان پێدانرا و وەکوو کورد چارەسەرییەکمان دیتەوە، ئەو کاتەیە کە ئێمە دەتوانین بێ گیرو گرفت بە زمانی خۆمان قسە بکەین و بە کولتووری خۆمانەوە بژین. هەر بۆیە پێویستە ئێمە بە زمانی خۆمان بدوێین، بە زمانی خۆمان بنووسین، بئافرێنین و بە جل‌وبەرگی خۆمانەوە بچینە هەر شوێنێک و زمان و کولتووری خۆمان خۆش بوێت.

دەبێ لاوانی کورد، شەرم لە زمان و کولتووری خۆیان نەکەن

هاجەر هیلال، داوا لە هەموو لاوانی کورد دەکات شانازی بە زمان دایکیی خۆیانەوە بکەن و ڕایگەیاند: ''بە گشتی بە گەنجانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەڵێم، ئێستا کاتی پێشەنگایەتی ئێوەیە. پێویستە بە چالاکییەکانی خۆتان و بە دەنگی خۆتان خاوەندارێتی لە زمانی خۆتان بکەن. ئێستا زەمەن، زەمەنی ئێوەیە و پێویستە پێشەنگایەتی پاراستنی کولتوور، زمان و ناسنامەی خۆتان وە ئەستۆ بگرن. پێویستە گەنجان، شەرم لە زمانی خۆیان نەکەن. لە جیهاندا هیچ زمانێک بە قەت زمانی کوردی دەوڵەمەند نییە. بۆ وێنە لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا بۆ هەر شتێک، وشەیەک بەکار دێنن، بەڵام لە زمانی کوردیدا بۆ یەک شت چەندین وشە بەکار دەهێنرێت. کاتێک کە هەڵبەستێکی کوردی دەخوێنێوە، دەبینی ئەو هەڵبەستە تا چەندە ئاسوودەییت پێدەبەخشێ و کاریگەریت لەسەر درووست دەکات. بەڵام تۆ کاتێک کە هەڵبەستێکی تورکی یا هەر زمانێکی دیکە دەخوێنێوە قەت ئەو چێژەت پێنابەخشێ. لەوانەیە تۆ لە سەرەتادا ئەو هەستە لەلات درووست نەبێ و لە جیاوازییەکانی ئەو دوو شتە باش تێنەگەی، بەڵام کاتێک کە زمانی خوت بەباشی فێربووی، ئەو کاتەیە کە لە دەوڵەمەندی زمانی کوردی تێدەگەی و لە دڵەوە هەستی پێدەکەی. ئەو کاتەیە کە ئیدی کەس ناتوانێ تۆ لە زمانەکەت دوور خاتەوە. بۆیە پێویستە کە تۆ لەهەموو کات و ساتەکانی ژیانتدا بە زمانی خۆت قسە بکەی و گەشەی پێبدەی. ئەو کات دەتوانی لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر زمانەکەتدا ببی بە وەڵام''.

دەبێ هەموو کاتێک بە زمانی خۆتەوە بژی

هاجەر هیلال، لە کۆتاییدا دەڵێ: ''بۆ وێنە لە باکووری کوردستان، هێندێک کەس دەچن هەتا نیوەڕۆ وانەی زمان دەخوێنن. ئەوە بەس نییە و وەڵامدەرەوە نییە. مرۆڤ زۆر فێریش نابێ. لە ڕێکخراوەکانی ئێمەی باکووردا تێگەیشتنێکی بەو جۆرە هەیە. پێویستە ئەو تێگەیشتنە بگۆڕدریت. ئەوە تێگەیشتنێکی ڕاست نییە. دەبێ مرۆڤ لە هەر شوێنێک و لەهەر کات و ساتێکدا بە زمانی خۆی بدوێ. بە هۆی ئەوەی کە تۆ کوردی ئەگەر بەرامبەرەکەت لە کوردی تێنەگات دەکری تۆ بە زمانی ئەو یان هەر زمانێکی کە لێی تێبگات قسە بکەی. بەڵام جیا لەوە مرۆڤ دەبێ بە زمانی دایکیی خۆی قسە بکات. تۆ چۆن فێری تورکی بووی با ئەوەی لە گەڵ تۆشە فێری کوردی ببێت. تۆ ناچار نی هەمیشە بە زمانی ئەو قسە بکەی. پێشتر بە سالان کاریان لەسەر ئەو جۆرە تێگەیشتنە دەکرد، بەلام ئیدی کاتی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بەسەر چووە. ئێستا بۆ پاراستنی بەها کوردەوارییەکان، ڕۆژانە دەیان کەس شەهید دەبن. ئەو شەهیدانە هەموویان لە پێناو ئەو زمانە، ئەو کولتوورە و ئەو نەتەوەیەدا گیانی خۆیان داناوە. لە بەرامبەر ئەوەشدا پێویستە ئێمەش ئەرکی خۆمان پێك بێنین. هێندێک کەس بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی، لە زمان و کولتووری خۆی دوور دەکەوێتەوە، ئەو کەسانە بەو شێوەیە لە شەڕەف و نامووسی خۆشیان دوور کەوتوونوتەوە. ئەو تورکانەی لە گەڵتن لە پشتەوە گاڵتەت پێدەکەن، لەبەر ئەوەی کە تۆ زمانی خۆت فرۆشتووە. مرۆڤی هەرە ڕاست و بە نرخ ئەو مرۆڤەیە کە لە ئاستێکی هەرە بەرزدا پاراستنی زمان و ناسنامەی خۆی دەکات. بەگشتی ئەوەی من بە دایکان و گەنجانی بڵێم ئەوەیە؛ ڕۆژ، ڕۆژی کوردانە. پێویست دەکات ئێمە لە هەموو کایەکانی ژیاندا لە هەموو کاتێک زیاتر تێبکۆشین و لە زمان، کولتوور و ناسنامەی خۆیان خاوەنداریەتی بکەن".