کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریى کۆدار داواى روونبوونەوە و وردەکارییەکانى کوشتنى رەحیم زەبیحی دەکات

کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریى کۆدار ستایشی کارە وڵاتپارێزانەکانى رەحیم زەبیحی دەکات و داواى روونکردنەوەى وردەکاری و چۆنیەتیى کوشتنى رەحیم زەبیحی و براکەى دەکات.

کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار - KODAR) داوا لە خەڵکى بانە دەکات بەردەوام بن لەسەر گوشارەکانیان تاوەکو لایەنە تاریک و شاراوەکانی مەرگی رەحیم زەبیحی و براکەى روون دەبێتەوە.

کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریى کۆدار سەرەخۆشی لە بنەماڵەى رەحیم زەبیحی و براکەى و هونەردۆستانى بانە و گەلی کورد دەکات.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریى کۆدار

"بە داخەوە هەواڵی کوشتنی هونەرمەند و سینەماکاری گەنج و دڵسۆزی بانەیی رەحیم زەبیحی و براکەیمان بیست. هونەرمەند و سینەکارێک، کە بە درێژایى کارە سینەماییەکانى هەمیشە لە هەوڵدابووە ئازار و مەینەتیى گەلەکەى بۆ هەموان بخاتەڕوو و وەک هونەرمەندێک کە لە دڵی گەلەکەیدا جێگای خۆی کردبووە، گیان لەدەستدانەکەی ئازاری بە دڵمان گەیاند.

 لەم رۆژانەدا کە هەموومان کاریگەربووین بە مەرگی گوماناوییان، ئەوپەڕی هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەى بەڕێزی زەبیحی، خەڵکی هونەردۆستى بانە و هاوڕێکانى رادەگەیەنین.

رەحیم زەبیحی دەرهێنەرێکە، کە چەندین فیلمی لە کارنامەکەیدا هەیە و چەندینجار بەشداریى فێستیڤالە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکانى کردووە و خەڵات و سوپاسنامەى پێ بەخشراوە.

زۆربەى فیلمەکانى لە دژی توندوتیژیى سەر ژنان و منداڵان و قوربانیانی جەنگ بووە و دیدێکى رەخنەگرانەشی بەرامبەر بە جیاکارییەکانى کۆمەڵگەکەى هەبووە.

ئەو هونەرمەند و سینەکارە لە کاتێکدا گیانیان لە دەستداوە، کە لەم دوایانەدا سەرقاڵی کارکردن و لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ئازار و مەینەتی و کوشتاری کۆڵبەران، بۆیە ئەم رووداوە (رووداوی گیان لەدەستدانەکەی) لەم کاتەدا زۆر جێگای لێوردبوونەوەیە و پێویستى بە لێکۆڵینەوەیە.

هەر لەبەر ئەوەش داوا لە خەڵکی هونەردۆستی بانە و دۆستان و هونەرمەندانى بانە دەکەین تاوەکو روون بوونەوەی بابەتى گوماناوی بوونی گیان لەدەستدانى زەبیحییەکان بێدەنگ نەبن و ناڕەزایەتیى خۆیان لە دژی ئەو رووداوە بخەنەڕوو.

جارێکیتریش هاوخەمی و پەژارەى خۆمان بۆ ئەو زیانە گەورەیە بۆ بنەماڵەى رەوانشاد، دۆستان و هونەرمەندانى دڵسۆزی بانەیى و رۆژهەڵاتى کوردستان دەخەینەڕوو".

ر.م