کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری لە شاری کەرکوک بۆ ڕۆژئاوا کۆتایی هات

٨ رۆژ لەمەوبەر لە شاری کەرکوک کۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش دوای ئەوەی کەمپینێکیان ڕاگەیاندبوو بۆ هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان ئەمرۆ کەمپینەکە کۆتایی هات.

لەلایەن کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانەوە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری ڕاگەیاندراوە بۆ هاوکاری و یارمەریدانی رۆژئاوای کوردستان لەو قەیرانە مرۆیەی کە تووشی بووە بەهۆی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی فاشستی تورکەوە.

لە شاری کەرکوک چەندین چالاکی ئەنجامدران بۆ پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکیەکاندا، کۆمەڵێك گەنجی خۆبەخشی شاری کەرکوک کە سەر بە کۆمەڵەی هاوسەنگی کەرکوکن ٨ رۆژ لەمەوبەر لە سەنتەری لاوانی شورجە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکارییان ڕاگەیاندبوو بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان.

 ئەمرۆ کەمپینەکە کۆتایی هات و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامار و داتای ئەو هاوکاریانەیان بۆ ڕای گشتی خستەڕوو کە لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوو کۆیانکردبووەوە.

هەڵوێست جەماڵ لێپرسراوی کۆمەڵەی هاوسەنگی کەرکوک و یەکێک لەو گەنجە خۆبەخشانەی کە هاوکاری کۆدەکەنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەناوی ئەندامانی کەمپینەکە ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو کۆمەڵێك گەنجی شاری کەرکوک بەر لە هەشت رۆژ هەستاین بە ڕاگەیاندنی کەمپینێكی هاوکاری کۆکردنەوە بۆ خوشك و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان و خەڵکی کەرکوک زۆر هاوکارمان بوون لە کۆکردنەوەی هاوکاری تا بتوانین بە زووترین کات زۆرترین هاوکاری پێشکێشی خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان بکەن."

هەروەها هەڵوێست جەمال لەبارەی ئاماری کەلوپەلی کۆکراوەوە ڕایگەیاند: "تا ئیستا ٣٨٥٣ جۆر کەلوپەل بە دەستی ئێمە گەیشتوون کە بریتین لە خۆراک و جل و بەرگ و پێداویستی دیکە بۆ خوشک براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان و جێگای خۆشحاڵیە کە توانیومانە بڕێکی زۆری شتومەک کۆبکەینەوە لە ماوەی ئەم هەشت رۆژەدا."

لەبارەی چۆنیەتی گەیاندنی هاوکاریەکە هەڵوێست جەمال ڕایگەیاند: "لەگەل مانگی سووری کوردی دانیشتمان ئەنجامداوە و رێکەوتووین لەگەڵیان تا بتوانین بەزووترین کات هاوکاریەکە بگەینینە رۆژئاوای کوردستان بە هەماهەنگی لەگەل مانگی سوری کوردی."

ف.ق