کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان: دەتوانین وڵامی تورکیا بدەینەوە

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لە دهۆك، ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی داگیرکارییەکانی سوپای توركیا پەکەکە نییە، بەڵکو داگیرکاریکردنی باشووری كوردستانە، داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات ئەگەر توانای بەرپەرچدانەوەی داگیرکەریان نییە، با ڕێگەش لە خەڵکی نەگرن.

مەلا سدیق، سەرۆكی كومەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لە دهۆك، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئامانجی داگیرکاریی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕووندەکاتەوە و پێیوایە، توركیا لەم هێرشانەی، مەبەستی پەکەکە یان هێزێکی دیاریکراو نییە، بەپێویستیشی دەزانێت، هێز و لایەنە سیاسیەکان کۆدەنگی تەواویان هەبێت لەوبارەیەوە.

مەلا سدیق، سەرۆكی كومەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لە دهۆك، لەسەرەتادا باسی لەوە کرد، لە هەموو قۆناغەكانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری خەباتی شاخی كردووە ئەوەش تەنها مەبەستیان ڕزگاركردنی گەلی كورد بووە نەك بەرژەوەندی حیزبی یان شەخشی، وتیشی: ئێستاش بە هەمان گوڕ و تینی جارانەوە دەتوانن پێشڕەوی ڕێبازی کوردایەتی بکەن و بەرەنگاری سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک ببنەوە.

هەركاتێك دۆزی ڕەوای کورد بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە بینیبێت، دوژمنان پەلاماریانداوە یان دژایەتییان کردووە بەتایبەت دەوڵەتی توركیا.

پێشیوایە ئەگەر گەریلاش نەبوایە، دەوڵەتی تورک بیانویەکی دیکەی دەدۆزییەوە بۆ داگیرکاریی باشووری کوردستان، هەربۆیە پێویست ناکات دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم خەتاکە بخەنە سەرشانی پەکەکە.

مەلا سدیق، داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات، ئەگەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی تورکیایان نییە، با ڕێگری لە خەڵکیش نەکەن لە باشوور بۆ ئەو مەبەستە، چونکە بەوتەی خۆی هەڵوێستی هەولێر و بەغدا لاوازە لەم کاتەدا.

ف.ق