کێشەی فرۆکەخانەکانی هەرێم بێچارەسەر ماوەتەوە

بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی دەڵێت: هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم.


لە دوای كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا، وا بڵاوكرایەوە، كە لێكتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە بۆ بەڕێوبردنی هاوبەشی فڕۆكەخانە و خاڵە سنورییەكان، بەڵام قسەی بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بێت، تا ئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم.

 
لە ماوەی ڕابردوودا شاندێكی حكومەتی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە فڕۆكەخانەكانی هەرێم و خاڵە سنورییەكان،2  دانیشتنیان لە بەغدا و هەولێر ئەنجام دابوو، پاش دانیشتنەكان ڕایانگەیەندرابوو، هەر دوولا لە رێککەوتن نزیکبوونەوەتەوە بۆ بەڕێوبردنی هاوبەشی فڕۆكەخانە و خاڵە  سنورییەكانی هەرێم. بەڵام بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی تاهیر عەبدوڵا قسەیەکی دیکە دەکات و ڕادەگەیەنێت: ئەوەی  كراوە هەر لێكتێگەیشتن بوو، هیچ بڕیارێك بەدەست ئێمە نەگەیشتووە بۆ دیاریكردنی كاتی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا، چونکە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، دەبێت لەوێشەوە بڕیاری دەستپێكردنەوەی گەشتەكان بدرێت، تا ئێستاش ئەوە نەکراوە.