کەجەرە: بە هەموو هێزمانەوە بەشداری هەڵمەتی 'بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە' دەکەین

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە - KCR) رایگەیاند، بە هەموو هێزیانەوە بەشداری لە هەڵمەتی بەڵێ بۆ دیموکراسی و نا بۆ سێدار دەکەن.

کەجەرە رایگەیاندووە، "رژێمی داگیرکاری ئێران بە ساڵانە بە لە سێدارەدانی مرۆڤەکان درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی دەدات. بە سێدارە، سەنگسار، تیربارانی کۆڵبەران و ڕەشە کوژی وڵامی داخوازە ڕەواکانی گەلان دەداتەوە، کە ئەم کردەوە چەپەلانەش لەژێر ناوی یاسا و دینەوە رەوایەت پێ دەدات. یاسایەک کە تەنیا خزمەتی دەسەڵاتدارانی رژێم دەکات و بە سەپاندنی سزای سێدارە ترس و تۆقاندن بە سەر گەلاندا دەسەپێنێ".

کەجەرە راشیگەیاندووە، "تاکە رێگایەک کە بتوانێت کۆمەڵگا و گەلان رزگار بکات، هێزی تێکۆشانی ئەو کۆمەڵگایەیە، تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیمۆکراسییە. دیمۆکراسی بە بێ تێکۆشان بێ واتایە، تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک تەنیا ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی لەسێدارەدان."

ئەوەشیان راگەیاندووە، "وەک هێزی پێشەنگی جەوانان داوا لە گەلی ئازادی خواز و وڵاتپارێز و سەرجەم ئەندام و وڵاتپارێزان دەکەین کە بە رەنگ و دەنگی خۆیانەوە بە گڕوتینی جوانیەوە ئەرکی پێشەنگایەتی بە ئەستۆ بگرن و چالاکانە  بەشداری  لەهەڵمەتی بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە بکەن."

دەقی راگەیاندراوەکەی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەرە

بە هەموو هێزمانەوە بەشداری هەڵمەتی بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە دەکەین

وەک کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهە ڵاتی کوردستان داوا لەسەرجەم جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین بەشداری لەهەڵمەتی بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە بکەن.

داگیرکەران و دەسەڵاتداران بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە تا بە کوشتن و ترساندن و تۆقاندنی گەلان دەسەڵاتی خۆیان لەسەر کۆمەڵگا بەردەوام بکەن، داگیرکارییەک کە مرۆڤایەتی، ئازادی و ئێرادەی گەلان پێشێل دەکات، ئەمڕۆ لە دژی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد هاوپەیمان بوون، بۆ ئە وەی زۆرترین و درندانەترین تاوانەکانیان کە توانەوەی ڕۆ‌‌حی و جەستەیی گەلی کوردە بگەیەننە ئەنجام.

رژێمی داگیرکاری ئێران بە ساڵانە بە لە سێدارەدانی مرۆڤەکان درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی دەدات. بە سێدارە، سەنگسار، تیربارانی کۆڵبەران و ڕەشە کوژی وڵامی داخوازە ڕەواکانی گەلان دەداتەوە، کە ئەم کردەوە چەپەلانەش لەژێر ناوی یاسا و دینەوە رەوایەت پێ دەدات. یاسایەک کە تەنیا خزمەتی دەسەڵاتدارانی رژێم دەکات و بە سەپاندنی سزای سێدارە ترس و تۆقاندن بە سەر گەلاندا دەسەپێنێ.

ئەوەی بەر چاوە ئەو پێکهاتانەی کە زۆرتر دەبنە ئامانجی سیاسەتی لەسێدارەدان جەوانان و ژنانن، کە ئەمەش خۆی نیشاندەری ئەو راستیەیە کە داگیرکەران لە هێزی ژنان و جەوانان دەترسن، هێزێک کە خۆی لە تێکۆشان بۆ ئازادیدا دەبینێتەوە. بۆیە پتەوکردنی تێکۆشان تاکە ڕێگای رزگارییە لە دژی داگیرکاری و دیکتاتوری. تاکە رێگایەک کە بتوانێت کۆمەڵگا و گەلان رزگار بکات، هێزی تێکۆشانی ئەو کۆمەڵگایەیە، تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیمۆکراسییە. دیمۆکراسی بە بێ تێکۆشان بێ واتایە، تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک تەنیا ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی لەسێدارەدان.

بە پێشەنگایەتیی جەوانان و ژنان تێکۆشان لە بەرانبەر سێدارەدان دا، دەبێتە هەوێنی بە دیهێنانی دیموکراسی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک. دیمۆکراسی لە بنەڕەتدا بە بێ تێکۆشان بەدی نایێت، ئەوەی ڕاستیە تەنیا بە گوڕکردنی تێکۆشان دەتوانین کۆتایی بە سیستەمی لەسێدارەدان بهێنین.

وەک کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  KCRبە هەموو هێزمانەوە بەشداری هەڵمەتی بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە دەکەین و وەک هێزی پێشەنگی جەوانان داوا لە گەلی ئازادی خواز و وڵاتپارێز و سەرجەم ئەندام و وڵاتپارێزان دەکەین کە بە رەنگ و دەنگی خۆیانەوە بە گڕوتینی جوانیەوە ئەرکی پێشەنگایەتی بە ئەستۆ بگرن و چالاکانە  بەشداری  لەهەڵمەتی بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە بکەن.

ژ.ت