کەجەکە بڕیارى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا و حکومەتى ئەڵمانیاى ئیدانە کرد

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رەتکردنەوەى سکاڵاى ئۆجالانی لە دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا ئیدانە کرد. راشیگەیاند "ئەوروپا لەو رێگەیەوە بە شێوەیەکى ئاشکرا دەڵێت، ئەشکەنجەى ئیمراڵی بە رەوا دەزانین".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بڕیارى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپای لەبارەى ئەشکەنجەى ئیمراڵییەوە ئیدانە کرد. کەجەکە لەبارەى سەردانى ئەردۆغانیشەوە بۆ ئەڵمانیا رایگەیاند "ئەوانەى فەڕشی سووریان بۆ ئەردۆغان راخستووە، لە ئەنجامدا لە بەرامبەر ویژدان و دادپەروەریدا، دەسوتێن".

هاوسەرۆکایەتى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرەخۆشیى لە بنەماڵەى ئومێد ئاجار کردووە، کە هەفتەى رابردوو بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە ئەڵمانیا ئاگری لە جەستەى خۆى بەردا و شەهید بوو.

لەبارەى چالاکییەکەى ئومێد ئاجارەوە

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا لەبارەى چالاکییەکەى ئاجارەوە هاتووە "ئێمە دەزانین رێبەر ئاپۆ چالاکیى لەو شێوەیە قبوڵ ناکات، بەڵام ئەو چالاکییە بە مانای هەڵوێستە لە دژی بڕیارى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا. کاتێک دیکتاتۆر ئەردۆغان چوو بۆ ئەڵمانیا ئەو چالاکییە ئەنجامدرا و ئەو چالاکییە پەیامێکە بۆ دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا، ئەڵمانیا، ئەوروپا و جیهان".

کەجەکە لە راگەیاندراوەکەیدا ناڕەزایەتیى لە دژی بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا نیشانداوە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا لە ٢١هەمین ساڵەى پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا، سکاڵای پارێزەرانى لەبارەى ئەشکەنجەى ئیمراڵییەوە رەتکردووەتەوە. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئەوروپا سیستمى ئەشکەنجە بە رەوا دەزانێت. کاتێک مرۆڤ هاوکات لەگەڵ سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا سەیرى بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤ بەرامبەر بە ئیمراڵی بکات، ئەوە بە روونی دەردەکەوێت کە پشتیوانى لە دەسەڵاتى فاشیستیى تورکیا دەکەن.

سەردانى ئەردۆغان بۆ سەرمایەى ئەڵمانیایە!

ئەگەر گەنجێکى کورد خۆى بسوتێنێت، ئەوە بەو مانای ئیدانەکردنى پیلانگێرە نێودەوڵەتییەکانە. ئەوە بە مانای ئیدانەکردنى بێدەنگییە بەرامبەر گۆشەگیریى ئیمراڵی. ئەوە دەبینرێت کە هەموو شتێک خراوەتە خزمەتى بورژوازیى ئەڵمانیا. ئەوەى کە پێى دەڵێن دیموکراسی، تەنها بۆ شاردنەوەى رووخساری داگیرکەرییانەیانە. سەردانى ئەردۆغان و بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا دەمامکى ئەڵمانیاى فڕێدایە خوارەوە.

بڕیارى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا و حکومەتى ئەڵمانیا ئیدانە دەکەین

ئەو کەسانەى فەڕشی سووریان بۆ ئەردۆغان راخست لە بەرامبەر ویژدان و دادپەروەریدا دەسوتێن. ئەگەر دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا و ئەڵمانیا نایانەوێت لە بەرامبەر مێژوودا تاوانبار ببن، دەبێت دەستبەرداری ئەو هەڵوێستانەیان ببن و گوێ لە دەنگى گەلی کورد و گەلانى تورکیا و ویژدانیان بگرن.

ئەو بڕیارەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەورپا و حکومەتى ئەڵمانیا بۆ جارێکیتریش ئیدانە دەکەین و رایدەگەیەنین، گەلی کورد بۆ بونیاتنانی ژیانێکى دیموکراتیک و ئازادیى رێبەر ئاپۆ لە ئێستا بە دواوەش درێژە بە تێکۆشانەکەى دەدات و وەڵامى پێویست بە دونیاکەى ئەوان و داگیرکەرییەکان  و بەرژەوەندییەکانیان دەداتەوە".

ر.م