کەجەکە یادی ئەو ٣٣ گەنجە سۆسیالیستەى بەرز راگرت، کە لە پرسوس کۆمەڵکژکران و رایگەیاند "خەونی شەهیدانی پرسوس راستیی گەلان بوو. بە دڵنیاییەوە ئەو خەونە سەردەکەوێت، بە دڵنیاییەوە هەموو فاشیستەکان و هێزە دواکەوتوو و دەستپۆتیک (ملهوڕەکان) هەڵدەوەشێنەوە. بە دڵنیاییەوە خەونیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک گوڵی سوو دەپشکوێ.
سەرۆکایەتیی دەستەى بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پرسوسەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە "ئێمە دەچینە ٦هەمین ساڵی کۆمەڵکوژیی ٣٣ گەنجی سۆسیالیست، کە خۆیان وەک رێبوارانی خەونەکانی رۆژ پێناسەکردبوو، ئەو گەنجانە لە هێرشێکی خۆکوژێکدا، کە دەوڵەتى تورک رێگاکەى نیشانی بکوژەکە دابوو، شەهید بوون. ئێمە بە رێز و منەتدارییەوە یادی ئەو گەنجە شۆڕشگێڕانەوە بەرز رادەگرین و بەڵێن دەدەین، کە ئێمە خەونەکانیان بەدی دەهێنین".
'ئەوەى پلانی بۆ کوشتارەکە دانابوو و ئەنجامی دا، میت بوو'
کەجەکە لە بەردەوامیی راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەو رێبوارانەی خەونەکانی رۆژ نەک داعش، بەڵکو دەوڵەتى تورک کۆمەڵکوژی کردن. دوژمنایەتیی تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ رۆژئاوا ئەو گەنجانەی کۆمەڵکوژ کرد. ئەوەى پلانی بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە دانا و بەڕێوەی برد، میت بوو".
کەجەکە لە درێژەى راگەیاندراوەکەیدا ئەمانەشی خستووەتەڕوو:
"ئەم سەردەمە، سەردەمێکە، کە دەسەڵاتی ئاکەپە لە دژی هێزە سیاسییەکان، کە بە ئۆپۆزسیۆنی خۆی دەزانێت، لە ژێر ناوی داعش دا هێرشیان دەکاتە سەر. ئەوانەى هێرشیان دەکرێتە سەر، ئۆپۆزسیۆنی ئەو دەسەڵاتەن، هەروەها لایەنەکانى ئەو هێرشە بە روونی هەموو راستییەکانی خستە بەرچاوی هەموان. هێرشی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بۆ سەر کۆبوونەوەى جەماوەریی هەدەپە بە هەمان شێواز ئەنجامدرابوو. هەروەها لەو کاتەدا لە ٢٥ی حوزەیران داعش بە پشتیوانیی دەوڵەتى تورک هێرشی کردە سەر کۆبانێ و سەدان هاووڵاتیی بە شێوەیەکى دڕندانە و وەحشیانە کۆمەڵکوژ کردبوو. ٢٠ی تەممووز لە لە پرسوس گەنجانی سۆسیالیستی کۆمەڵکوژکرد، لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە دژی ئەو کەسانە کە لە دژی شەڕی دەسەڵاتی ئاکەپە بوون، گەورەترین کۆمەڵکوژیی لە مێژووی تورکیادا ئەنجامدا. لەو کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە ١٠٠ چالاکوانی ئاشتیخوازی پێکەوە کوشت و سەدانی تریشی بریندار و کەم ئەندامکرد. لە دواى ئەوانە دەسەڵاتی ئاکەپە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر شارەکان و لەو هێرشانەدا سەدان گەنج، بە تەمەن، ژن و منداڵی کۆمەڵکوژکرد و دەیان شاری کوردانی خاپوور کرد. ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییانە لەو کاتەدا، کە هەموویان بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئاکەپە ئەنجامدران، رێککەوت نییە. هەموو ئەو هێرشانە لە ئەنجامی "پلانی چۆک پێدادان"ی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیى تورک (مەگەکە) بوو، کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا بڕیاریان لەسەر درابوو. ئەوەی کە ئەحمەد داود ئۆغڵو وتی، ساڵێک لەوە پێش سەربازەکان و پۆلیس ئامادە کراون، لەو پلانی چۆک پێدادانە جیاواز نییە.
'دەبێت بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە لێپرسینەوە لە ئەردۆغان و ئاکەپە بکرێت'
بە قسەى ئەوەى کە داعش ئەو کۆمەڵکوژییانەى ئەنجامداوە ناتوانن ئەوە بشارنەوە، کە میت ئەو کۆمەڵکوژییانەى ئەنجام نەداوە. بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە، ئەگەر هەندێک هێز هەبن، کە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەوا سەرەتا دەبێت لێپرسینەوە لە تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە بکرێت. ئەردۆغان ئەوەى بۆ دەرکەوتوە لە دەسەڵاتدا نامێنێتەوە، بۆیە هاوپەیمانیی داعش و مەهەپەی دروستکردووە. سەدان سیخوڕی خزاندووەتە ناو داعش. میت لە تورکیا هۆبەى بۆ دۆزینەوە و پەیداکردنی ئەندام بۆ داعش دروستکردبوو. هەروەها لە ناو لایەنگران و ئەندامانی داعش دا، کە لەسەرتاسەری جیهانەوە هاتبوون بۆ ناو داعش سەدان سیخوڕی دروستکردووە. بەو شێوەیە داعش بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا. ئەوانەى ئەوە راستییە نەبینن، نە دەتوانن لە راستیی داعش تێبگەن و نە دەتوانن هێزی سیاسیی و نهێنیی پشتی ئەو چالاکییانە کە بە ناوی داعشەوە دەکرێن، ببینن. لەو رووەوە دەبێت ئەوە ببینرێت، ئەوانەى ئەو ٣٣ رێبوارەی خەونەکانی رۆژیان کوشتار کرد دەسەڵاتی ئاکەپەیە. لەو چوارچێوەیەدا دەبێت تێکۆشان بکرێت و لێپرسینەوەى ئەو کۆمەڵکوژییانە لە تەیب ئەردۆغان و ئاکەپە بکرێت.
٣٣ رێبواری خەونی رۆژ پردی خوشک و برایەتیی نێوان گەلی کورد و گەلانی تورکیایان بەهێزکردبوو. لە بونیاتنانی شۆڕشی یەکگرتووانەدا رەنجی رێبوارانی خەونی رۆژ زۆر زۆرە. وەک هەموو شەهیدانی شۆڕش، ئەو شەهیدانەمان بناغەى بزووتنەوەى شۆڕشن.
خەونی ئەوان بۆ خوشک و برایەتیی گەلان، سۆسیالیزم، ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی هەموو مرۆڤایەتی، تێکشکاندنی هێزەکانى تیرۆر و فاشیست، کە مرۆڤایەتی بە رەنجخۆری، گوشار و شەڕی قێزەون دەخنکێنن، خەونی ئەوان کوردستانی ئازاد و تورکیای دیموکراتیک و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک بوو. خەونیان داهاتووی گەلان بوو. لەبەر ئەوەش ئەو خەونەى رۆژ سەردەکەوێت و هەموو هێزە فاشیست، دواکەوتوو و دەسپۆتەکان (ملهوڕەکان) تێکدەشکێن و خەونی ئەوان لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەک گوڵی سوور دەپشکوێ".
ژ.ت