کەجەکە: دەبێت رەمەزانی ئەمساڵ ببێتە هۆی ئازادی گەلی کورد

کۆمیتەی گەلان و بڕواکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزان لە موسوڵمانان دەکات و هیوا دەخوازێت ببێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتیی و دورستبوونی یەکێتیی کوردان.

سبەینێ یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە و ئەمڕۆش کۆمیتەی گەلان و بڕواکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، پەیامێکی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە.

کەجەکە لە پەیامەکەدا هاتنی مانگی ڕەمەزان لە موسوڵمانان پیرۆز دەکات و هیوا دەخوازێت، ڕۆژووی موسوڵمانانی ڕاستگۆ و دادگەر قبوڵ ببێت.

هەروەها، داوا دەکات، کە ئەو موسوڵمانانەی دۆخی مادییان باشە، نان لەگەڵ دراوسێکانیاندا بەش بکەن و ئەوەش وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی ناودەبات.

هەر لەو پەیامەدا هاتووە: داوا لە زانایانی ئاینیی دەکەین، کە لە وتارە ئاینییەکانیاندا زیاتر گرنگیی بە باسکردنی ئەرکە ئەخلاقییەکان بدەن و بەبیری بخەنەوە، کە نابێت مرۆڤ دەست لە دابەشکاریی، دادپەروەریی و خوشک و برایەتیی هەڵگرێت، دژایەتیی بۆ ئەوانەش بخەنە ڕوو، کە فیتنەیی دروست دەکەن، زوڵم دەکەن، زیان بە سروشت و کۆمەڵگەکەمان دەگەیەنن.

داواش لە مسوڵمانان دەکات، کە خێر و زەکاتەکانیان ببەخشن بە دەزگا و کەسانی وڵاتپارێز.

لە کۆتایی پەیامەکەشدا، کەجەکە هیوادەخوازێت، ئەم مانگە ببێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتیی، ئارامیی، خوشک و برایەتیی و دروستبوونی یەکێتیی کوردان.

بەردەوامی دەبێت...