کەجەکە: دەبێت گەلی کورد دۆخی مەترسیداری سەر ئیمراڵی ببینێت

دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکە بە بۆنەی ساڵیادی پیلانگیڕیى ٩ی تشرینى یەکەم لە دژی ئۆجالان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

کەجەکە رایگەیاند، پیلانگێڕی لە ساڵی ٢٠هەمدایە و لەو ماوەیەدا بەرخۆدانى ئۆجالان لە ئیمراڵی بۆ کورد و گەلانى هەرێمەکە دەستکەوتى بە دواى خۆیدا هێناوە. کاتیک دەستکەوتەکانى کورد زۆر دەبن، سیستمى ئەشکەنجەکردن لە ئیمراڵی قوڵتر دەکرێتەوە.

لە راگەیاندراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)دا هاتووە:

"ئێمە دەچینە ٢٠هەمین ساڵیادێک کە رێبەرایەتیى ئێمە بەشێوەیەکى چەتەگەرییانە رفێنرا و رادەستى دەوڵەتى تورک کرا. ئێمە ئەو پیلانگێڕییە قێزەونە بە توڕەییەکی گەورەوە ئیدانە دەکەین و نەفرەتی لێدەکەین. ئێمە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین، کە بە بەرخۆدانە گەورەکەى بووە وەڵامدەری پیلانگێڕییەکە. ئێمە یادی ئەو هاوڕێیانەمان بەرز رادەگرین، کە بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن" لە دەوری رێبەر ئاپۆ بازنەیەکى ئاگرینیان دروستکرد.

پیلانگێڕییەکە لە دژی کوردی ئازاد ئەنجامدرا

سیستمى کاپیتالیستی جیهانی لە سەدەی ٢٠دا کورد وەک گەلێک کە خاوەنی کەرامەت و شکۆی خۆی بێت و وەک نەتەوەیەک قبوڵ نەکرد. نکۆلییان لە کورد دەکرد و کوردیان ئینکار و رەتدەکردەوە. دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان لە ناوخۆیاندا رێککەوتن خاک و جوگرافیاى کوردستان بۆ خۆیان بکەنە کۆلۆنی و داگیری بکەن. دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر خۆی لەو رێککەوتنی دابەشکردنی کوردستاندا بە خاوەن گەورەترین بەش و پشک و رۆڵ دەزانێت و نزیکەى ١٠٠ ساڵە سیاسەتى نکۆلیکردن و سڕینەوەى لە دژی کورد بەڕێوەدەبات. کوردیش لە بەرامبەر ئەو سیستمەدا بە بەردەوامی راپەڕیوە. گەورەترین ڕاپەڕینى کوردیش تێکۆشانى ئازادیى کوردستانە، کە لەگەڵ گروپی ئایدۆلۆژیى رێبەر ئاپۆ بە پێشەنگایەتیى پەکەکە بەڕێوەدەچێت. لەو تێکۆشانەدا کورد بۆ دیموکراسی و ئازادی زۆر شتی بەدەستهێناوە. هێزە هەژمونگەرا و باڵادەستە نێودەوڵەتییەکان کاتێک دەستیان بە پرۆژەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە کرد، تێکۆشانى ئازادیى کوردستانیان بۆ خۆیان بە هەڕەشەیەکى گەورە دەزانی، بۆیە هەوڵیاندا بە پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەم گەورەترین هەڕەشەى بەرامبەر خۆیان بسڕنەوە. یەکێک لە ئامانجەکانى پیلانگێڕییەکە ئەوە بوو گەلی کورد وەک گەلێک کە ناسنامەی خۆی بە ئیرادەى نەتەوەیى بەدەستهیناوە نەچێتە سەدەی ٢١ەوە.

لە دژی پیلانگێڕی

رێبەرایەتیى ئێمە وەڵامێکى بەهێزی داوەتەوە بەو پیلانگێڕییە قێزەونە و پلان و پرۆژەى هێزە پیلانگێڕەکان و هەوڵەکانیانی پووچ کردووەتەوە. ئەو بازنەیەى بەرخۆدان کە گەلەکەمان و شەهیدە قارەمانەکانمان بە دەوری رێبەر ئاپۆدا دروستیان کردووە، بووەتە بازنەیەکى بنەڕەتی بۆ پوچەڵکردنەوەى پیلانگێڕییەکە. گەلی کورد لە هەموو شوێنێکدا لە دژی ئەو پیلانگێڕییە رژایە سەر شەقامەکان و پیلانگێڕییەکەى ئیدانەکرد. چەندین هەڤاڵ و هاوڕێمان قارەمانانە بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" هەم بە جەستەى خۆیان و هەم بە ئیرادەى خۆیان لە دەوری رێبەر ئاپۆ بازنەیەکى ئاگریان دروستکرد. هەڤاڵانى ئێمە لەوە تێگەیشتن و بینییان، کە پیلانگێڕەکان دەیانەوێت بە دیلکردنى رێبەر ئاپۆ 'کوردبوونی ئازاد' و 'مرۆڤایەتیى ئازاد' دیل بکەن.

دەوڵەتی تورک چووەتە قۆناغی هەڵوەشاندنەوەوە

لە ماوەی ٢٠ ساڵی پیلانگێڕییەکەدا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەندین قەیران و پێشهات روویاندا. لە ناو ئەو پێشهات و گەشەسەندنانەدا گەلی کورد بە تێکۆشانە گەورەکەى خۆی دەستکەوتى گەورەی بە دەستهێنا. گەلی کورد زمان، رۆشنبیری و ناسنامە خۆی لەدەستدابوو، بەڵام سەرلەنوێ ئەوانەى بەدەستهێنایەوە. لە بەرامبەر هیچ دەسەڵاتێکدا سەری دانەنواند و هەڵوێستی شکۆمەندانە و ئازادیخوازانەى بونیاتنا. شۆڕشی رۆژئاوا لەبەر چاوە، کە لە دوای شەڕی دژ بە چەتەکانی داعش پێکهات. ئێستا دەوڵەتى توورک بە سیاسەتى فاشیستانەى خۆی هەوڵ دەدات تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەڵام لە باکوور پرۆژەی گفتوگۆی دیموکراتیکی پێکەوەیى و بەرخۆدانى شۆڕشگێڕانە خوڵقا. لە شەنگال و کۆبانێ ئەزموونی کاری پێکەوەبوون بەشێوەیەکى گەورە خۆی سەلماند و خوڵقا. لەگەڵ گەلانى تر برایەتى، یەکسانی و تێکۆشانی هاوبەش خوڵقا. رۆشنبیریى ژیانێکى دیموکراتیک و کۆنفیدراتیڤ ئافرێنرا. بۆ بونیاتنان و ئافراندنى ئەو دەستکەوتانە گەلی کورد زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهیدى بەخشیوە. سەدان هەزار کەسی لێ ئەشکەنجەکرا. دەیان هەزار کەس لە گەلەکەمان زیندانیکران. بەرامبەر بە میلۆنەها کەس پێشێلکاری و توندوتیژی ئەنجامدرا.

هەر کات دەستکەوتەکانى کورد گەورە دەبن، سیستمى ئەشکەنجەى ئیمراڵی قوڵتر دەکەنەوە

دەستکەوتەکانی کورد لە رووی دیموکراسی و ئازادییەوە، و دەستکەوتەکانى لایەنى دیموکراسی و ئازادی، بەهۆی لێکدانەوەکانی رێبەر ئاپۆ، پێشبینییە گەورە مێژووییەکانی و لە ئەنجامی رەنج و هەوڵە گرنگەکانی ئەوەوە هاتوونەتەدی. هەموو هەوڵەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و هاوکارە نێودەوڵەتییەکانی ئەوەیە، کە دەیانەوێت دیسانەوە لە سەدەى ٢١دا کورد بێ رێبەرێتی بکەن. بێ رێبەرتیکردنى کورد یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانە، کە سەدان ساڵە کورد بەبێ ئازادی هێڵراوەتەوە و لە ئازادی بێبەشکراوە. لەبەر ئەوەش رێبەرایەتیى لە چوارمێخەى ئیمراڵیدا راگیراوە. بەو هۆیەشەوە هەر کات دەستکەوتەکانى کورد گەورە و زۆر دەبن، سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی قوڵتر دەکرێتەوە. گۆشەگیری و دابڕاندن قورستر دەکەن. لەبەر ئەوەش رۆژ لە دواى رۆژ دەستکەوتەکانى لایەنى کورد، دیموکراسی و ئازادی گەورەتر دەبن و ئەوەش لەلایەن سیستمى تورکی داگیرکەرەوە وەک تاوان سەیر دەکرێت و رێبەر ئاپۆ لەو بەدەستهێنانى ئەو دەستکەوتانە بە بەرپرس دەزانن. دەڵێن 'بۆ تۆ ئەو گەلەت لە کۆیلەبوون هۆشیارکردەوە، بۆ رۆحت بە بەردا کردەوە و سەرلەنوێ زیندوت کردەوە، بۆ ئەوانت خستە سەر پێ؟' لەبەر ئەوانەیە سزا دەدرێت.