کەجەکە رایگەیاند، بانگ لە گەلەکەمان دەکەین خاوەنداری لە بەرزراگرتنى یادی زولکوف گەزەن یەکەم شەهیدی هەڵمەتى "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" بکەن. بە خرۆشان بەرەو گۆڕەپانى نەورۆز بەرخودان گەورە بکەن و بەشێوەیەکى بەهەیبەت و شکۆمەندانە بەڕێى بکەن.
هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى زولکوف گەزەن راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە، کە لە زیندانى تەکیرداغ لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیى فیدایى ئەنجامدا.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە زیندانى تەکیرداغ رۆڵەیەکى هێژاى گەلەکەمان، شۆڕشگێڕێکى گەورەی هاوڕێمان زولکوف گەزەن چالاکییەکى فیدایى ئەنجامدا و شەهید بوو. هاوڕێمان زولکوف گەزەن بەو چالاکییەى بووە یەکێک لە سیبمولە گەورەکانى هێڵی بەرخودانى ١٤ی تەمووز و نەورۆز. ئێمە هاوڕێمان زولکوف گەزەن بەڕێزەوە بە یاد دەهێنینەوە و بەڵێن دەدەین، ئێمە رێبەرەکەمان ئازاد بکەین، کوردستان ئازاد بکەین و تورکیا دیموکراتیک بکەین و خەونەکەى بهێنینە دی.
ئێمە بانگ لە گەلەکەمان دەکەین خاوەنداری لە یادی زولکوف گەزەن یەکەم شەهیدی هەڵمەتى 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین' بکەن. بە خرۆشان بەرەو گۆڕەپانى نەورۆز بەرخودانێکى گەورە ئەنجام بدەن و بەشێوەیەکى شکۆمەندانە بەڕێى بکەن.
هەڵمەتى 'گۆشەگیرى تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین' بە پێشەنگایەتى لەیلا گیوڤەن و ناسر یاگز دەستیپێکردووە، بە بەشداریى سەدان کەس و بە هەزاران بەرخودێری ناو زیندانەکان، بە بەشداربوونى گەلەکەمان لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەى وەڵات گەورە بوو و کاریگەریى لەسەر راى گشتی و دونیا دروستکرد. بە چالاکییە گەورە فیداییانەکەى هاوڕێمان زولکوف گەزەن پیڤارۆژەکە چووە قۆناغەکی تر و ئاستێکى ترەوە. پێویستە گەلەکەمان لەسەر هێڵی بەرخودانى فیدایى هاوڕێمان زولکوف گەزەن لە دژی دەسەڵاتى پاکتاوکاریى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەرخودان سەربخەن.
دەسەڵاتی فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە هەوڵ دەدات بە سیستمى گۆشەگیری – ئەشکەنجە لە ئیمراڵی سیاسەتى پاکتاوکردنی کوردان کە سەدان ساڵە بەڕێوەدەچێت سەربخات، بەڵام بە پێچەوانەوە پەکەکە بە زیاتر لە ٤٠ ساڵ تێکۆشانی شکۆمەندانە سیستمى نەتەوە – دەوڵەتی تورکی فاشیستى تەمەن ٩٦ ساڵی تێکشکاندووە. دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپەی پاکتاوکار دەیەوێت لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا سیستمى گۆشەگیری و پاکتاوکردن بەسەر کورد دا بسەپێنێت و هەوڵ دەدات سەرلەنوێ سیستمى پاکتاوکار بونیاتبنێتەوە. بە پێشەنگایەتیى شۆڕشگێڕی گەورە زولکوف گەزەن و بە بەرخودان بە رۆحی ١٤ی تەمووز و نەورۆز بەرخودان گەشتر دەبێت و بە دڵنیاییەوە گۆشەگیرى تێکدەشکێنرێت و رژێمى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە هەڵدەوەشێت و گەلان ئازاد دەبن.
لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بانگ لە گەلەکەمان، کۆمەڵگەى تورکیا، ژنان، گەنجان، هێزە چەپ، سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان دەکەین، کە بۆ مرۆڤایەتییەکى ئازاد و دیموکراتیک خاوەنداری لە زولکوف گەزەن بکەن و بەرخودان سەربخەن".
ر.م