کەجەکە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان کرد

کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان کرد.

کەجەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان کرد کە وەکو كەسایەتییەكی ڕوشنبیر، خاوەن ئەزموون و كاریزما، توانی لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی سیاسەتی كوردستان و بە تایبەت باشووری كوردستان بكاتەوە.  

دەقی پەیامەکەی کەجەکە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەم شێوەیەیە:

"بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی رێبەری بزووتنەوە، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی كوردستان،  ئێوەی بەڕێز، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە و هەموو گەلی كوردستان دەكەین. هیوادارین كە لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو ئازادی، دیموكراسی، دادپەروەری و یەكسانیدا سەركەوتوو بن.

بزووتنەوەی گۆڕان لە مێژووی خەباتی سیاسی و مەدەنی باشووری كوردستاندا ئەزموونێكی گرنگ و سەرەتایەكی نوێیە. بزووتنەوەی گۆڕان بە پێشەنگایەتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، وەكو كەسایەتییەكی ڕوشنبیر، خاوەن ئەزموون و كاریزما، توانی لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی سیاسەتی كوردستان و بە تایبەت باشووری كوردستان بكاتەوە. ئەوەی كاك نەوشیروان رێبەرایەتی دەكرد گۆڕانكاری بوو لە زیهنییەت، كەلتوور، كۆمەڵگا، دەسەڵات و بوێری و ئازایەتی بوو لە رەخنەگرتن لە هەموو بنەماكانی سیاسەتی باو لە باشووری كوردستاندا.

هەرەوەها بزووتنەوەی گۆڕانب ۆ خەباتی نەتەوەیی و دیموكراتی بەشەكانی دیکەی كوردستان بە گیانێكی نەتەوەیی و هەستی بەرپرسیارانە نزیك بووەوە و ئەمەی لە كردار و وتاری خۆیدا سەلماند. هەربۆیە بوو بە جێی هیوا و ئاواتی گەلەكەمان و لە ماوەیەكی كورتدا  پشتیوانی گەلی بۆ رێبازەكەی مسۆگەر كرد. هەر بە پشتبەستن بە پشتیوانی گەل بوو، كە تا ئێستاش وەكو فاكتەرێكی سەرەكی لە سیاسەتی كوردیدا چالاكە و لە گۆڕانكارییەكاندا خاوەن رەوڵە.

هیوادارین كە بزووتنەوەی گۆڕان بتوانێت بە داهێنان و نوێكاری لە سیاسەتی كوردیدا لەسەر رێبازی كاك نەوشیروان و بە پشتبەستن بە هێز و ئیرادەی گەلی كوردستان زۆرتر لە جاران مۆركی خۆی لە پێشهات و گۆڕانكارییەكان بدات.  بەتایبەت لە كاتێكدا كە هەموو كوردستان كەوتۆتە بەر شاڵاوی داگیركاری و ئەنفالی دەوڵەتی فاشیستی توركیا، بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت لە پتەوكردنی گیانی یەكێتی نەتەوەیی و رێكخستنی خۆڕاگری لە دژی داگیركاری رۆڵێكی مێژوویی بگێڕێت.

 جارێكیتر بە بۆنەی ئەم یادە مەزنەوە پیرۆزباییتان لێدەكەین و بە بەرز راگرتنی یاد و بیروەری رەوانشاد نەوشیروان مەستەفا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین."

ز.ش