هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عەبدولڕەزاق میرزا ناسراو بە عەبدولڕەزاق فەیلی هەموو ژیانى پڕاوپڕبووە لە تێکۆشان بۆ ماف و ئازادیى گەلەکەمان و کێشەى هەر چوار پارچەى کوردستانى بە یەک کێشەى دانەبڕاو لە یەکتر دەزانى، بۆیە تێکۆشانێکى گەورەى لە پێناو یەکێتیى نەتەوەیدا کردووە.
دەقى ڕاگەیهندراوەکەى هاوسەرۆکایەتی کەجەکە:
ئێمە بە غەمبارییەکى گەورەوە هەواڵى کۆچى دوایى عەبدولڕەزاق میرزا یەکێک لە دامەزرێنەرانى یەکێتى و دۆست و براى خۆمان پێگەیشت. کۆچى دوایى هاوڕێمان عەبدولڕەزاق، کە لە هەموو قۆناغەکانى تێکۆشانی ئازادیى گەلەکەماندا لە باشوورى کوردستاندا رۆڵی هەبووە، بۆ هەموومان لە دەستدانێکى گەورەیە. ئەو کۆچە ئەمڕۆ هەموومانی تووشی خەم و ئازار کرد، بۆیە خۆمان بە هاوبەشی خەم و ئازارى بنەماڵەکەى و بەڕێوەبەرانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەزانین.
هاوڕێى بەهەشتیمان عەبدولڕەزاق میرزا هەموو ژیانى بۆ تێکۆشان لە پێناو ماف و ئازادیى گەلی کورد دا بەخت کرد. بە کەسایەتیى خۆڕاگر و بەرخۆدێری، کە لە هیچ هەلومەرجێکى قورس و دژواریشدا هەنگاوێکی بۆ دواوە هەڵنەگرتووە، لە دڵی هەموو کوردێکدا جێگەیەکى تایبەتى بۆ خۆى دروستکردووە.
هاوڕێمان عەبدولڕەزاق لە ژیانى تێکۆشەرانەیدا بە هۆشیارى و عەقڵیەتى ئەوەى کە کێشەى کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستاندا یەک کێشەیە و بە هیچ شێوەیەک لە یەک جیاناکرێتەوە، ئەرک و کارەکانى بەجێ گەیاندووە. لەبەر ئەوەشە، کە هەموو کات پشتیوانییهكی کارای لە تێکۆشانى پارچەکانى ترى کوردستان کردووە و چالاکانە بەشداربووە لە خەباتى یەکێتیى نەتەوەیدا و پشتیوانیى لێکردووە. بەو هۆیەوە دۆستایەتیى عەبدولڕەزاقی برادەرمان لەگەڵ حیزبەکەمان و بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا دروستبوو. لەبەر ئەوەى خۆیشى لە کۆمەڵگەى فەیلەییەکان بوو، لە نزیکەوە کاری بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگەى فەیلی دەکرد و بە بەردەوامی پشتیوانیى لە سیاسەتەکانى حیزبەکەمان دەکرد بۆ کۆمەڵگەى فەیلی.
کۆچى دوایى عەبدولڕەزاقى برادەرمان، کە لە هەموو ڕووییەکەوە خاوەنى ژیانێکى پڕاوپڕ لە تێکۆشان بوو، ئێمەى بە قوڵی غەمبارکرد. ئێمە بەو هەست و بیرکردنەوەیەوە، لە خودای گەورە داواکارین بە بەهەشتى بەرینى شاد بکات. سەرەتا خۆمان بە هاوبەشی خەمی بنەماڵە غەمبارەکەی و هەروەها خۆمان بە هاوبەشى ئازاری بەڕێوەبەران و هەموو ئەنجوومەن و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەزانین، بۆیە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، دۆستان و گەلەکەمان دەکەین.
s.m