کەجەکە: گەریلا بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا لە سنوورەکان رێگا لە پەڕینەوەى بە قاچاخ دەگرێت

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) لەبارەى ئەرکی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەریلا لە سنوورەکان رێگری لە پەڕێنەوەى بە قاچاخ بۆ بەشەکانى کوردستان دەکات.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە "بنەڕەتی ترین چارەسەر ئەو چارەسەرەیە كە كۆمەڵگا و تاكی هۆشیار و رێكخراو دەیگرێتە بەر. هەروەكو چۆن تاكە كەس لە بەرامبەر هەموو كۆمەڵگادا بەرپرسیارە  كۆمەڵگاش لە بەرامبەر ژیانی تاكەكەسدا بەرپرسیارە. یەك كەس هەروەكو چۆن دەتوانێت ژیانێ كۆمەڵێك مرۆڤ بخاتە مەترسیەوە بە هەمان شێوەش دەتوانێت بیپارێزێت. لەم حاڵەتەش دا باشترین تەگبیر خۆپاراستنە، هەم وەكو تاك هەم وەكو كۆمەڵگا".

کەجەکە ئاماژەى بەوەشکردوە "ئێمە ئەوە بە ئەركێكی مرۆڤایەتی، نەتەوەیی، سیاسی و ئەخلاقی خۆمانی دەزانین كە گەلەكەمان لە بەرامبەر هەموو مەترسییەكان بپارێزین. هەربۆیە لێرەدا وێڕای وشیاركردنەوە ئەو كەس و گروپانە، رایدەگەیەنین كە هێزی گەریلا لە هەر شوێنێكی سنوورەكانی نێوان بەشەكانی كوردستاندا بێت، بە تایبەتیش سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت كە رێگری بكات لە تێپەڕبوونی بەقاچاخ لە سنوورەكانەوە. لەم بارەیەوە هەموو یەكینەكانی گەریلا لە سەر سنورەكان ئاگادار كراونەتەوە كە بۆ رێگریكردن لە تێپەڕبوونی بە قاچاخی مرۆڤەكان لە سەر سنوورەكان هەموو تەگبیری پێویست بگرنە بەر. بە هیچ شێوەیەك مۆڵەت بەوە نادرێت كە كەسێك بە قاچاخی لە سنوورەكانەوە هاتوچۆ بكات".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەجەکە

بۆ رای گشتی گەلی كوردستان

بەربڵاوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) مەترسییەكی مەزنی لە سەر هەموو مرۆڤایەتی دروست كردووە. گەلی كوردستانیش بە حوكمی ئەوەی كە لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە لانی كەم لە چوار لاوە لە بەردەم تووشبوون بەم ڤایرۆسەدایە. چۆنكە هەریەك لەو چوار دەوڵەتە دەسەڵاتدارەی سەر كوردستان سیاسەتێكی تەندروستی جیاواز پەیڕەو دەكەن. هەروەها ئەم دەوڵەتانە هەمیشە لە كاتی روودانی كارەساتی سروشتی بە سەر گەلەكەماندا لە گەیاندنی هاوكاری و چارەسەركردنی ئازار و خەسارەكاندا  و هەروەها لە تەگبیر وەرگرتن بۆ داهاتوودا كەم تەرخەمن، ئەو مەترسیە هەیە كە هەمان چەمك و بۆچوونی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەكان ببێتە هۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە  لە درێژخایەندا زۆرتر لە كوردستاندا بەربڵاو ببێتەوە. راستە كە زۆر دەوڵەت و هێز و رێكخراوی نێودەوڵەتی هەوڵی كۆنترۆڵكردن و چارەسەری ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە دەدەن، بەڵام لەگەڵ پێویستی ئاگاداربوون لەم هەوڵانە پێویست دەكات لەم قۆناخەدا بە تەنیا چاوەڕوانی تەگبیر و چارەسەری هێزی دەسەڵاتدار و دەوڵەتان نەبین. بنەڕەتی ترین چارەسەر ئەو چارەسەرەیە كە كۆمەڵگا و تاكی هۆشیار و رێكخراو دەیگرێتە بەر. هەروەكو چۆن تاكە كەس لە بەرامبەر هەموو كۆمەڵگادا بەرپرسیارە  كۆمەڵگاش لە بەرامبەر ژیانی تاكەكەسدا بەرپرسیارە. یەك كەس هەروەكو چۆن دەتوانێت ژیانێ كۆمەڵێك مرۆڤ بخاتە مەترسیەوە بە هەمان شێوەش دەتوانێت بیپارێزێت. لەم حاڵەتەش دا باشترین تەگبیر خۆپاراستنە، هەم وەكو تاك هەم وەكو كۆمەڵگا.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە گەلەكەمان، لە بەر هۆكاری جۆراوجۆر، هەم بە فەرمی و هەم بە قاچاخ لە نێوان بەشەكانی كوردستاندا هاتوچوو دەكات، مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە گشت كوردستاندا زیاتر دەبێت. بە داخەوە لەم پرۆسەیەدا هەندێك كەس و گروپی نابەرپرسیار لە پێناو بەرژەوەندی ماددی دا ژیانی كۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە و یان خۆیان بە قاچاخ تێپەڕ دەبن یان رێكخەر  و رێكخۆشكەرن بۆ تێپەڕبوونی بەقاچاخ لە سنوورەكاندا.  ئەمە تاوانێكە كە ئەو كەس و گروپانە بەرامبەر بە گەل و مرۆڤایەتی دەیكەن. لێرەدا بانگەوازی ئاراستەی هەموو گەلەكەمان دەكەین كە بە هیچ شێوەیەك بۆ دەربازكردنی سنوورەكان رێگەی قاچاخ نەگرنە بەر. ئێمە ئەوە بە ئەركێكی مرۆڤایەتی، نەتەوەیی، سیاسی و ئەخلاقی خۆمان دەزانین كە گەلەكەمان لە بەرامبەر هەموو مەترسییەكان بپارێزین. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش یەكێكە لەو مەترسیانە. هەربۆیە لێرەدا وێڕای وشیاركردنەوە ئەو كەس و گروپانە، رایدەگەیەنین كە هێزی گەریلا لە هەر شوێنێكی سنوورەكانی نێوان بەشەكانی كوردستاندا بێت، بە تایبەتیش سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت كە رێگری بكات لە تێپەڕبوونی بەقاچاخ لە سنوورەكانەوە. لەم بارەیەوە هەموو یەكینەكانی گەریلا لە سەر سنورەكان ئاگادار كراونەتەوە كە بۆ رێگریكردن لە تێپەڕبوونی بە قاچاخی مرۆڤەكان لە سەر سنوورەكان هەموو تەگبیری پێویست بگرنە بەر. بە هیچ شێوەیەك مۆڵەت بەوە نادرێت كە كەسێك بە قاچاخی لە سنوورەكانەوە هاتوچۆ بكات. هەروەها بانگەوازی لە گەلەكەمان دەكەین كە لە راپەڕاندنی ئەم ئەركەدا هاوكاری گەریلا بن و لە هەر شوێنێكی سنوورەكاندا كە دیاردەی بەقاچاخ تێپەڕبوونی مرۆڤ و شتۆمەك بوونی هەیە، یەكینەكانی گەریلا ئاگادار بكەنەوە.  بەو بڕوایەی كەگیانی هاوكاری و تەبایی و  هەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقی و وجدانی و ئایینی  و مرۆڤدۆستانە بنەڕەتی تێپەڕبوونە لە هەموو قەیرانەكانە، هیوادارین كە مرۆڤایەتی و گەلەكەمان لە كورتترین ماوەدا بە سەر ئەم قەیرانە هەنووكەییەشدا زاڵ بێت و سەركەوتن تۆمار بكات.

ژ.ت