کەجەکە ۲۷ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی باشوری پیرۆز کرد
هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکین کوردستان ـ کەجەکە ڕایگەیاند:" هێشتا ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون و گەلی باشوری کوردستان بەپشتیوانیکردنی لە عەفرین دەریخست هێشتا ڕۆحیەت و ئەقڵیەتی ڕاپەڕینی تێدا ماوە".
هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکین کوردستان ـ کەجەکە ڕایگەیاند:" هێشتا ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون و گەلی باشوری کوردستان بەپشتیوانیکردنی لە عەفرین دەریخست هێشتا ڕۆحیەت و ئەقڵیەتی ڕاپەڕینی تێدا ماوە".
یادی ڕاپەڕین بەرز ڕادەگرین
ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بەبۆنەی ۲۷ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ی باشوری کوردستانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، ڕایگەیاند:"ڕاپەڕین لە ڕانیەوە دەستیپێکرد و پاشان سەرتاسەری باشوری کوردستانی گرتەوە، هەربۆیەش ناوی دەروازەی ڕاپەڕین لە ڕانییە نرا. ڕانییە لە ساڵی ١٩٩١دا پێشەنگایەتی خۆی سەلماند، بەو بۆنەیەوە یادی ڕاپەرین بەرز ڕادەگرین و یادی هەموو شەهیدان دەکەینەوە".
ڕاپەڕین دیاریکردنی چارەنوسی خستەوە دەستی گەل
کەجەکە، ئاماژەی بەوەداوە:" ڕاپەڕینی ٥ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ هەنگاوێکی دیاریکەر و گرنگ بوو بۆ بەدەستخستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشوری کوردستان و لە ڕێشیەوە سەلمێنرا کە چارەنووسی گەل لە دەستی خۆیان دایە و ئەو چارەنوسەی بۆ گێرانەوە. ئەوەش بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان وەک نموونەیەکی گەورە لێی دەڕوانرێت. ڕاپەڕین هەروەها قۆناغێکی گرنگە لە شۆڕشی دیموکراتی باشوری کوردستاندا، بۆیە دەبێت هەموو هەنگاوێکی شۆڕشی دیموکراتی لە سەر جێگەپێی ڕاپەڕین بنرێت".
تا ڕۆژەهەڵاتی ناوین دیموکراتی نەبێ پرسی کورد چارەسەر نابێ
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە، جەخت دەکاتەوە:" هەتا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکرات نەبن و کورد و هەموو پارچەکانی کوردستان ئازاد نەبن، هیچ دەستکەوتێکی گەلی کورد لە ئاسایشدا نابێت و دۆز و پرسی کورد چارەس نابێت، بۆیە عەقڵییەت و ڕۆحیەتی دیموکراسی و ئازادیی ڕاپەرین، بۆ گەلی کورد زۆر پێویست گرنگە".
هێشتا ئامانجی ڕزگارکردنی باشور بەدی نەهاتووە
کەجەکە، سەنجیشی ڕاکێشاوەتە سەر هێرشی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر عەفرین و گرێی دەداتەوە بەباشوری کوردستان و ڕاپەڕینەکەی و ڕایدەگەیەنێت:" هێرشی سەر عەفرین جارێکی دیکە ئاشکرایکرد، کە دوژمن تا چ ئاستێک کۆمەڵکوژکەر و قڕکەرە، سوپای تورک،کە بەمەبەستی داگیرکاری هێرش دەکاتە سەر عەفرین، لە باشوری کوردستان چەندین بارەگای سەربازیی هەیە. ئەوەش نیشانی دەدات، کە تێکۆشانی ئازادکردنی باشوری کوردستان کە لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ وە دەستیپێکردووە، هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە. ڕژێمی تورکیا لە باشوری کوردستان هێزێکی داگیرکەرە، سەرانی ئەو ڕژێمە دەڵێن:،هەڵەیە ئەگەر ئەوەی لە باکوری عێراق کردمان لە باکوری سوریاش نەیکەین، بەم شێوەیە باس لەوە دەکەن، کە لە کاتێکدا کە بە دەرفەتیان زانی گورزیان لە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان داوە و ئێستاش دەیانەوێ هەمان گورز لە باکوری سوریاش بدەنەوە".
بەپشتیوانیکردنی باشور لە عەفرین دەریخست هێشتا ڕۆحییەت و ئەقڵیەتی ڕاپەڕین ماوە
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، هاوسەرۆکایەتی کۆماجڤاکێن کوردستان - کەجەکە ڕادەگەیەنێت:" هەڵوێستی ڕژێمێ تورکیا و ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا ڕوو دەدات نیشاندەری ئەوەیە، کە چەند گرنگە ڕۆحیەت و ئەقڵیەتی عەقڵییەتی ڕاپەڕین زیندوو بێت، بینیمان کە گەلی کورد لە باشوری کوردستان بەپشتوانیکردن لە بەرخۆدانی عەفرین، سەلماندی کە هێشتا ئەقڵییەت و ڕۆحیەتی ڕاپەڕینی تێدا ماوە."
هـ.هـ