کەرکوک، مامۆستایانی کورد داوای گواستنەوەی ڕاژەکانیان بۆسەر حکومەتی ناوەند دەکەن
دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و لیژنەی هەڵوێست بۆ جاری دووەم گردبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی گواستنەوەی مووچەکانیان بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێراق.
دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و لیژنەی هەڵوێست بۆ جاری دووەم گردبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی گواستنەوەی مووچەکانیان بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە دەستەی لیژنەی هەڵوێست بۆ داکۆکیکردنی لە مامۆستایان و مامۆستایانی ناڕازی لە بەردەم پارێزگای شاری کەرکوک گردبوونەوە و داوای گواستنەوەی ڕاژەکانیان کرد لە هەرێمی کوردستانەوە بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێراق.
مامۆستا سارا جەوهەر بەناوی مامۆستایانی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە و تیایدا داواکارییان ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کرد، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "ئێمە وەکو مامۆستایانی خۆێندنی کوردی لە شاری کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٣ خزمەت بە منداڵانی شارەکەی خۆمان دەکەین، کە زیاتر لە ٥۰۰ قوتابخانەمان ئاوادانکردووەتەوە و بەپێی دەستوری عێراق زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمییە لە عێراقدا، هەروەها ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی خەڵکی ڕەسەنی ئەم شارەین، بەڵام لەسەر میلاکی پەروەردەی حکومەتی هەرێم دامەزراوین، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین ڕاژە و خزمەتەکانمان بگوازرێتەوە سەر شاری خۆمان."
هەروەها مامۆستا سارا جەوهەر ووتی:"ئێمە داوکارین وەکو هاوڵاتییەکی عێراقی مامەڵەمان لەگەڵ بکەن و وەکو کێشەیەکی عێراقی لێمان بڕوانن نەک وەک کێشەیەکی سیاسی، چونکە ئێمەی مامۆستایان کارمان پێگەیاندنی نەوەی داهاتوە نەوەک تێوەگلان لەکێشە و گرفتە سیاسیەکان، له ڕێگای ئەم خاڵانەی خوارەوە داوکارییەکانمان دەخەینە ڕوو کە داوکاری زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەری کوردە.
هەروەها مامۆستا سارا ووتی، ئەم داواکارییانەی کە داوای دەکەین داوکاریی زیاد لە هەشت هەزار مامۆستای کوردە، ئێمەش ماوەی ۱٥ ڕۆژ ئەخەینە بەردەستی لایەنی پەیوەندیدار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان و لە کاتی پشتگوێخستنی داوکارییەکانمان هەموو ڕێگا یاسایی و دەستورییەکانی وەک خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕێپوان بەکاردەهێنین بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان.
داواکرییەکان بریتین لە:
یەکەم /هەوڵی جدی بدرێت بۆ گواستنەوەی ڕاژەکانمان لەهەرێمەوە کوردستانەوە بۆ حکومەتی ناوەند عێراق.
دووەم / لەو بەشە بوجەی کە عێراق ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات، پشکی مامۆستایانی و فەرمانبەرانی کورد لەو بوجەیە ببڕدرێت ڕەوانەی شارەکە بکرێت و دابەش بکرێت بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەراندا تا ئەو کاتەی خاڵی یەکەم جێبەجێ دەکرێت.
سێ-یەم /کردنەوەی پەروەیەکی سەربەخۆ بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک بەو پێیەی کە شاری کەرکوک خاوەنی زیاتر لە ۱۰۰ هەزار قوتابی و ۷۷٥۱ فەرمانبەر و مامۆستا و ٥۰۰ قوتابخانەیە.
ژ.ت