کەناڵی بی ئێم سی پەخشی دراما تورکییەکانی ڕاگرت

وەزارەتی ئەوقاف بە ڕاگەیەندراوێک داوای لە سەرجەم کەناڵەکان کرد درامای تورکی پەخش نەکەن، کەناڵی بی ئێم سی (BMC) لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٩ بە شێوەیەکی فەرمی پەخشکردنی دراما تورکییەکانی ڕاگرت.

پاش ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکرایکرد، کە دراما تورکییەکان دورن لە پێوەری ئەخلاقی و شیرازەی کۆمەڵگای ئێمە تێک دەدەن، داوای کرد سەرجەم کەناڵەکان دراما تورکییەکان بوەستێنن. هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى رێژەى جیابوونەوەى هاوسەران لە دادگاکانی هەرێم بۆ کاریگەریى خراپی کەناڵە تورکییەکان دەگەڕێتەوە.

لە پاش ئەو ڕاگەیاندراوە کەناڵی بی ئێم سی  (BMC) پەخشکردنی درامای تورکی ڕاگرت و لە بەرواری ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٤ی رەزبەر بڕیاریدا بە شێوەیەکی فەرمی بە هیچ جۆرێک درامای تورکی پەخش نەکات.

پەخشی دراما و ئەڵقە تورکییەکان لە کەناڵە کوردییەکانى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا چەندین ناڕەزایەتیى لێکەوتووەتەوە و لە چەندین بابەت و وتاردا باس لە زیانەکانى ئەو کەناڵانە بۆ سەر کۆمەڵگە کراون. بەهۆی زیانەکانى ئەو کەناڵانەوە پێشتر کەناڵی کوردسات بڕیاری راگرتن و پەخشنەکردنى سەرجەم درامان تورکییەکانى دابو.

جگە لە کوردستان لە چەندین وڵاتى تری جیهان بە تایبەتى لە وڵاتە عەرەبییەکاندا پەخشی دراما تورکییەکان قەدەغە کراون، چونکە ئەو درامایانە زیانی گەورەیان بۆ سەر تێکدانى ژیان و ئارامی و شیرازەى کۆمەڵگە هەیە.

ژ.ت