کەنەکە: بە گیانی سەرکەوتنی شەڕی باغۆز پیرۆزبایی نەورۆزتان لێ ئەکەین

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى نەورۆزەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە "خەڵکی کوردستان بە تێکۆشانی رەوای خۆی ملی بە داگیرکەران کەچ کرد کە ئیتر ناتوانن نەورۆزی لێ قەدەغە بکەن".

 

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە "دەولەتی ئێران هەرچەند بە فەرمی یادی نەورۆز ئەکاتەوە، بەڵام کاتێک خەڵکی کورد ئاهەنگی نەورۆز ئەگێڕن، هێرش ئەکەنە سەریان و لێیان قەدەغە ئەکەن. رژێمی بەعسی ئێراقیش هەمان رەفتاری ئەکرد و نەیئەهێشت خەڵک بەدڵی خۆیان ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. رژێمی بەعسی سوریاش بە هەمانشێوە سەبارەت بە نەورۆز درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی نەیارانە بووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "لە ناو دەوڵەتانی داگیرکەردا، هەرە نەیاری نەورۆز دەوڵەتی تورکیا بوو. هەتا ساڵی 2010 ش تورکیا زۆر بە توندی قەدەغەی خستبووە سەر نەورۆز. نەورۆزی وەک جەژنی تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست ئەناساند. بەڵام رێگای نەئەدا کە کوردان نەورۆز پیرۆز بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەبوو کە کوردو کوردستانیان ئاهەنگی نەورۆزیان بە ناوەرۆکی خۆیەوەو بە ئامانجی ئازادی و رزگاریی ئەگێڕا".

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە پێشوازیی نەورۆزی ئەمساڵ بە سەرکەوتن لە شەڕی باغۆز و تێکشکاندنی داعش ئەکەین. نەورۆز بۆ ئێمەی کورد سەرکەوتنە بەسەر چەوسێنەران و داگیرکەراندا. نەورۆزی ئەمساڵ بوو بەسەر کەوتن بەسەر ئەو هێزە تاریکەدا کە جیهانی هەژاندبوو، کە ترس و تۆقینی خستبووە دڵی خەڵکەوە. ئەو هێزە لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە دەستی شەڕوانانی ئازادی و هاوکارەکانیان تێکشکا. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەو مێژووییە. ئێمە جارێکی دی ئەم سەرکەوتنە لە یەپەگە-یەپەژە-قەسەدە و هێزە هاوپەیمانەکان و گەلی کوردستان و تەواوی جیهان پیرۆز ئەکەین".

کەنەکە راشیگەیاندووە "پێویستە نەورۆز ببێتە ئەو هێمایەی کە ئیتر داگیرکەران نەتوانن درز بخەنە ناو بزاڤە نەتەوەیی و رزگاریخوازەکانی کوردستانەوە. لەم قۆناغە گرنگەی خەباتی رزگاریدا، پێویستە نەورۆز ببێتە مەشخەڵی رووناکی بۆ یەکڕیزی و هەماهەنگی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

بە گیانی سەرکەوتنی شەڕی باغۆز پیرۆزبایی نەورۆزتان لێ ئەکەین

لە مێژووی گەلاندا هەندێک رووداو هەن کە دواجار ئەبنە سومبوڵ و هێمای بوونی مێژوویی ئەوان. نەورۆزیش لە بوونی مێژوویی ئێمەدا یەکێکە لەو رووداوانە. نەورۆز لەسەر بنەمای تێکۆشان دژی چەوسانەوەو ژێردەستی هاتۆتە گۆڕێ. لە دژی زوڵم و زۆر و داگیرکاریی و کۆیلایەتی بۆتە ئەستێرەی ئاسمانی ئازادی و رزگاریی.

لە پرۆسەی درێژی تێکۆشاندا، خەڵک سەرکەوتنەکانی خۆیان وەک دەستکەوت ئەهێڵنەوەو ئەیکەنە سومبوڵێکی شادی. نەورۆز بە هێمای ئاگرەوە بۆتە رووناکیی رێی رزگاری و ئازادی. هەروەک چۆن نەورۆز بۆ خەڵکی کورد بۆتە نمونەی تێکۆشان و سەرکەوتن، بە هەمان ناوەرۆکی شۆڕشگێڕیەوە بووە بە جەژنی زۆرێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

هەمیشە دەسەڵاتداران ئەو جەژنانەیان لە خەڵک قەدەغە کردووە کە پڕ ناوەرۆکن و بوون بە سومبوڵی تێکۆشان لەدژی ژێردەستی. کۆت و بەندیان لەسەر داناون. ئەوانەش کە پیرۆزیان کردوون، بە خائین و دوژمن ناوزەدیان کردوون.

دەولەتی ئێران هەرچەند بە فەرمی یادی نەورۆز ئەکاتەوە، بەڵام کاتێک خەڵکی کورد ئاهەنگی نەورۆز ئەگێڕن، هێرش ئەکەنە سەریان و لێیان قەدەغە ئەکەن. رژێمی بەعسی ئێراقیش هەمان رەفتاری ئەکرد و نەیئەهێشت خەڵک بەدڵی خۆیان ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. رژێمی بەعسی سوریاش بە هەمانشێوە سەبارەت بە نەورۆز درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی نەیارانە بووە. لە ناو دەوڵەتانی داگیرکەردا، هەرە نەیاری نەورۆز دەوڵەتی تورکیا بوو. هەتا ساڵی 2010 ش تورکیا زۆر بە توندی قەدەغەی خستبووە سەر نەورۆز. نەورۆزی وەک جەژنی تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست ئەناساند. بەڵام رێگای نەئەدا کە کوردان نەورۆز پیرۆز بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەبوو کە کوردو کوردستانیان ئاهەنگی نەورۆزیان بە ناوەرۆکی خۆیەوەو بە ئامانجی ئازادی و رزگاریی ئەگێڕا.

ئێستا خەڵکی کوردستان و هاوسەنگەرانیان، بە رەنجی خۆیان نەورۆزیان سەپاندووە. لە سەرانسەری کوردستان و هەندەران بە هەمان ناوەرۆکە شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازیەکەیەوە، بە شادییەکی زۆرەوە ئاهەنگی نەورۆز ئەگێڕن. خەڵکی کوردستان بە تێکۆشانی رەوای خۆی ملی بە داگیرکەران کەچ کرد کە ئیتر ناتوانن نەورۆزی لێ قەدەغە بکەن. کوردان لە هەر جێیەک، لە شارو گوند و زیندانیشدا نەورۆزیان کردۆتە سەنگەری خەباتی ئازادی و رزگاری.

ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز لە هەموو کوردستاندا گەشاوە ترە. لە باشوورو رۆژاوا بە فەرمی ئاهەنگ ئەگێڕن. لە رۆژهەڵات و باکوریش وەک سەنگەری تێکۆشان یاد ئەکرێتەوەو بەردەوام گڕو بڵێسەی بڵندتر ئەبێت.

ئێمە پێشوازیی نەورۆزی ئەمساڵ بە سەرکەوتن لە شەڕی باغۆز و تێکشکاندنی داعش ئەکەین. نەورۆز بۆ ئێمەی کورد سەرکەوتنە بەسەر چەوسێنەران و داگیرکەراندا. نەورۆزی ئەمساڵ بوو بەسەر کەوتن بەسەر ئەو هێزە تاریکەدا کە جیهانی هەژاندبوو، کە ترس و تۆقینی خستبووە دڵی خەڵکەوە. ئەو هێزە لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە دەستی شەڕوانانی ئازادی و هاوکارەکانیان تێکشکا. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەو مێژووییە. ئێمە جارێکی دی ئەم سەرکەوتنە لە یەپەگە-یەپەژە-قەسەدە و هێزە هاوپەیمانەکان و گەلی کوردستان و تەواوی جیهان پیرۆز ئەکەین.

یەکێکی تر لە هێما گرنگەکانی نەورۆز، نەتەوەییبوونیەتی. نەورۆز جەژنێکی میللی و نەتەوەییە. نەورۆز باوەشی بۆ هەموو لایەکی کۆمەڵگە کراوەتەوە. پێویستە نەورۆز لەم رۆژە دژوارانەی خەباتدا ئەو لایەنە گرنگەی خۆی پەراوێز نەخات و پێشی بخات. پێویستە نەورۆز ببێتە ئەو هێمایەی کە ئیتر داگیرکەران نەتوانن درز بخەنە ناو بزاڤە نەتەوەیی و رزگاریخوازەکانی کوردستانەوە. لەم قۆناغە گرنگەی خەباتی رزگاریدا، پێویستە نەورۆز ببێتە مەشخەڵی رووناکی بۆ یەکڕیزی و هەماهەنگی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەم بیروباوەڕەوە نەورۆز لە تەواوی کوردو کوردستانیان پیرۆز ئەکات.  با نەورۆزی ئەمساڵ ی 2019 ببێتە سەنگەری تەبایی و هەماهەنگی ناوخۆیی و سەرکەوتنی زیاتر. بە گیانی سەرکەوتنی شەڕی باغۆز گڕی نەورۆز گەشتر بکەن. نەورۆزتان پیرۆزبێت!

ر.م