کەنەکە: بەرخۆدانی حەفتانین بەرخۆدانی هەموو گەلی کوردستانە

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی بەرخۆدانی گەریلا لە حەفتانین لە دژی هێرش و داگیرکەریی دەوڵەتى تورک رایگەیاند، بەرخۆدانی حەفتانین بەرخۆدانی هەموو گەلی کوردستانە.

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سڵاو لە بەرخۆدانی حەفتانین دەکات و داوا لەسەرجەم پارت و رێکخراو و هێزە کوردستانییەکان دەکات، هەڵوێستی جدی بنوێنن و لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریانەدا بێنە دەنگ. بە دڵنیایی ئەو هێرش و پەلامارە ئەوانیش ئەگرێتەوەو دەستکەوت و بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی هەموو شەهیدان ئەخەنە ژێر هەڕەشەی تێکدان و لەناوبردنەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

بەرخۆدانی هەفتانین بەرخۆدانی هەموو گەلی کوردستانە

نەتەوەی کورد سەدان ساڵە ژێردەستەیە. دەیان جار هەوڵی پاکتاوکردن و لەناوبردنی دراوە. بەردەوام هەبوونی لەژێر هەڕەشەدا بووە. نکوڵیی لە زمان و کلتورو ناسنامەی کراوە. تەنیا شتێک کە هێشتوویەتیەوە رۆحی بەرخۆدان و بەرگریی بووە. ئەم هەستی بەرخۆدانە بە رەگ و ریشەی خەڵکی کوردستاندا رۆچووە. ئەوە هەلەیە گەر بڵێین تەنیا چیاکانی کوردستان کوردیان پاراستووە. ئەوەی کوردی پاراستووە، بەردەوام گیانی بەرخۆدان بووە. کورد لە چیاو دەشت و بیابانیش هەر بە گیانی بەرخۆدان خۆی پاراستووەو و درێژەی بە مانەوەو بوونی ئیتنیکی خۆی داوە. کورد لە رۆژاوای کوردستان، لە گەرمیانی باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان، لە باکوری کوردستان، لە میسرو ئوردون و یەمەن و هەرجێیەکی ئەم دنیایەدا بن، لەبەرامبەر هەوڵی تواندنەوەو نەمان، بەرخۆدان و بەرگرییان کردووە. بەرخۆدان ئەو گیانەیە کە ئێمەی کوردی گەیاندە ئەمڕۆ و دۆستانی کوردو مرۆڤدۆستانی دنیاشی هێنایە سەر خەت.

ئێستاش لە هەفتانین و قەندیل و هەموو ئەو هەرێمانەی دەولەتی تورکیا هێرشیان ئەکاتە سەر، هەر ئەو رۆحی بەرخۆدانەیە لەبەرامبەری راوەستاوە. دەوڵەتی تورکیا هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە بۆ چەندەمین جاربە هەموو تواناو تەکنۆلوژیا سەربازییەکەی، بە هەموو کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووییەکانی. بە یارمەتی هەموو جاسوس و بەکرێگیراوەکانی، بێ پسانەوە هێرشی کردۆتە سەر خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی. بەڵام گیانی بەرخۆدان و بەرگریی، سەرەڕای هەموو سەختیی و قوربانیەک، شکستی بە سیاسەت و شەڕی قڕکردنی کورد هێناوەو خەڵکی کوردستانی لەسەرپێ راگرتووە.

بەرخۆدان لە هەفتانین و هەموو ئەو دەڤەرانەی دی کە حکومەتە فاشیستەکەی ئەردۆگان داگیری کردوون، چەکی هەرە بەهێزی شۆڕشگێڕان و جەنگاوەرانی ئازای و خەڵکی کوردستانە. هەر ئەو چەکە بە‌هێزەشە کە لە زۆر شوێن هێرشەکانی تێکشکاندووەو توانای فڕۆکەو تەکنۆلۆژیا سەربازییەکانی فاشیزمی تورکیای سنووردارکردووە. ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ هێرشەکان تێئەشکێن و هێزی داگیرکەرو قڕکەر لە پاشەکشەدان.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی بەرخۆدانی هەفتانین و هەموو دەڤەرەکانی دی ئەکەین. ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە بە بەشێک لە ئەرکی نەتەوەیی خۆمان ئەزانین. سڵاوی گەرمی تێکۆشان بۆ هەموو بەرخۆدەران و بەرگرییکاران ئەنێرین. سەری رێز بۆ هەموو گیانبەختکردوانی ئازادی دائەنەوێنین.

هەروەها وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کوردستان داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە ئەکەین، پشتگیریی لە بەرخۆدانی هەفتانین بکەن. بەهەر شێوازێک بۆیان ئەلوێت بێنە دەنگ و ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی دەربڕن. ئازادی و سەرفرازیی خەڵکی کوردستان تەنیاو تەنیا لەدەست خۆیان و خەباتکارانیاندایە. ئێمە دڵنیاین خەڵکی کوردستان هەرگیز شۆڕشگێڕانی ئازادی بە تەنیا جێناهێڵن.

داوا لەسەرجەم پارت و رێکخراو و هێزە کوردستانییەکانیش ئەکەین هەڵوێستی جدی بنوێنن و لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریانەدا بێنە دەنگ. بە دڵنیایی ئەو هێرش و پەلامارە ئەوانیش ئەگرێتەوەو دەستکەوت و بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی هەموو شەهیدان ئەخەنە ژێر هەڕەشەی تێکدان و لەناوبردنەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دی پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدانی هەفتانین دووپات ئەکاتەوە. هەموو کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆشی لەو بوارەدا ئەخاتە گەڕ. سەرەکەوتن هی خەڵکی بەرخۆدەری کوردستانە.

ژ.ت