کەنەکە: عەفرین کوردستانە و بریندارە، ئەو برینەش برینی هەموو کوردستانە

کەنەکە رایگەیاند "عەفرین کوردستانە و ئێستا بریندارە. ئەو برینە برینی هەموو کوردستانیانە. ساڕێژکردنیشی تەنیا بە رزگارکردنی ئەبێت. ئەوەش ئەرکێکی هەرە گرنگی نەتەوەییمانە."

دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لە ساڵیادی داگیرکردنى عەفرین لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

عەفرین و بەرخۆدانی عەفرین لەبیرناکرێن

٥٨ رۆژ بەرخودانى قارەمانانە

دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزی ئاسمانی و وشکایی خۆیەوە و بە هاوکاری چەتەکان، لە 20.01.2018 دا هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرین. لەو هێرشەدا نەک تەنیا هێزە بەرگریکارەکان بەڵکو تەواوی خەڵک و سرووشتی عەفرینیشی  کردە ئامانجی ئەو هێرشە دڕندانەیە. لەبەرامبەردا هێزەکان یەپەگە و یەپەژە بە قارەمانی و فیداکارییەکی زۆرە بەرخۆدانیان کرد. بەڵام لە نێوان هەردوو هێزەکەدا هاوسەنگییەک نەبوو. چ لە رووی ژمارەو چ لە بارەی تەکنۆلۆجیای شەڕەوە، مرۆڤ ناتوانێ بەراوردی هێزی یەپەگە و یەپەژە لەگەڵ سوپای تورکیادا بەراورد بکات. لەگەڵ ئەو بارودۆخەشدا 58 رۆژ بەرخۆدانێکی بێوێنە بەرامبەر سوپای تورکیا کرا. لە ئەنجامدا عەفرین داگیر کرا.

دەزانرێت لە بەرخودانى عەفریندا کێ چیى کردووە و کێ چیى نەکردووە

گەلی کوردستان لەناوخۆو دەرەوەی وڵات بە گشتیی لەسەرپێ بوون پشتیوانیی بەرخۆدانی عەفرینیان ئەکرد. زۆرینەی هێزو رێکخراوە کوردستانییەکانیش پشتگیریی ئەو بەرخۆدانەیان کرد. لێ بەداخەوە هەندێک هێزی کوردی هەرچەند کەمیش بوون، بێهەڵوێست و تەماشاوانی بەرخۆدانی کوردستانیان و داگیرکاریی دەولەتی تورکیا بوون لە عەفرین. تەنانەت هەندێک کەس و گرووپی بچووکی کوردیش هاوکاری تورکیا بوون. لەگەڵ ئەو دەوڵەتە لە کۆبوونەوەدا بوون و لە شاری عەنتاب ئەنجومەنێکی ساختەیان درووست کردبوو، ئەیانویست رەوایەتی بەو داگیرکارییەی تورکیا بدەن. دواجار تورکیا ئەو گرووپ و لایەنانەشی پشتگوێ خست و درێژەی بە بەرنامەی خۆی بۆ پاکتاوکردنی کوردان لە عەفرین دا. لە بەرخۆدانی عەفریندا کێ چی کرد و چی نەکرد، گەلی کوردستان ئەو راستییە ئەبینن و ئەزانن.

لە شەڕی عەفریندا هەڵوێستی نێونەتەوەییش دیارە. روسیا کەوتە ناو مامەڵەیەکی قێزەون لە گەڵ تورکیا و رێی بۆ داگیرکاریی خۆش کرد. ئەمەریکاو دەوڵەتانی ئەروپاش (جگە لە فەرەنسا)، تەنیا هەندێک بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و ئیدی هەر تەماشاوان بوون. سوریا و دەوڵەتانی عەرەبیش هەر هەمان هەڵوێستیان هەبوو. ئیدی لەبەر چاوی هەموو دنیا ئەو داگیرکاریی و دڕندایەتییە بەڕێوەچوو. بەڵام زۆرینەی رای گشتیی و هێزە دیموکراتخوازەکانی جیهان پشتگیریی کوردانیان کرد. ژمارەیەک دۆستی کوردان بەشداری شەڕیش بوون و هەندێکیشیان شەهید بوون. بەڵام ئەمە بەشی دۆخەکەی نەئەکرد. ئێمە ئەو هەڵوێستەی ئەوانمان لەبەرچاوەو سوپاسیان ئەکەین.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاوانەکانى دەوڵەتى تورک-یان لە عەفرین سەلماند

ئەوا ساڵێک بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕ ئەبێت. هەروەک چۆن دەوڵەتی تورکیاو چەتە هاوکارەکانی لەشەڕدا هەموو بەها و پێوانە مرۆڤایەتی و یاساییەکانیان ژێر پێ خست، بەهەمان شێوەش دوای داگیرکردنی عەفرین ئەو کارە زیاتر درێژەی هەبوو و هەیە. هەرێمی عەفرین بە تەواوی تاڵان کرا. دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون و خەڵکی هاوردەیان هێنایە شوێنان. دیمۆگرافیای عەفرینینان گۆڕی. کۆمیساریای مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو راستیانەیان لە راپۆرتەکانیاندا سەلماندووە. ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە دەوڵەتی تورکیا و چەتە هاوکارەکانی لە عەفریندا " تاوانی شەڕ و تاوانی دژە مرۆڤایەتییان کرددووە". تا ئێستاش ئەو رەفتارانە هەر بەردەوامن.

عەفرین لە ئارامترین شوێنەوە کراوەتە ئاڵۆزترین شوێن

عەفرین لە شەڕی ناوخۆی سوریادا شوێنێکی ئارام بوو. هەزاران ئاوارەی سوریا لەوێ ئەژیان و پارێزراو بوون. لە عەفرین بەڕیوەبەرایەتییەکی شایستە و دیموکرات هەبوو. ئێستا دۆخی عەفرین زۆر نالەبارە. بێ یاسایی بەردەوامە. رۆژبەرۆژ دیمۆگرافیای شارەکە زیاتر ئەگۆڕدرێت. عەفرین بۆتە پەناگە و مۆڵگەی هێزە توندڕەوو سەلەفییە جیهادیستەکان. خەڵکی عەفرین ئێستا لە کامپەکانی شەهبا ژیان بەسەرئەبەن و بە سەدان هەزار ئاوارەن.

لەبەرخۆدانی عەفریندا هەزاران کچ و کوڕی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان و دۆستانی کورد، هەزاران کەسی سڤیل گیانیان لەدەست دا. هەزاران مرۆڤیش بریندار بوون. ئێمەی قوربانییەکی زۆرمان دا. لە کەسێتی ئەو شەهیدانەدا هەموو شەهیدانی ئازادی بەڕێزو شکۆوە بەبیر دێنینەوە.

بەرخودانى عەفرین بەردەوامیى هەیە

دوای داگیرکردنی عەفرین و هەتا ئێستاش، بەرخۆدان هەر بەردەوامە. ئەو هێزانەی بەرخۆدانیان لە عەفرین حەکرد. ئێستا بە ناوی هێزەکانی رزگارکەری حەفرین شەڕی گەریلایی دژی داگیرکەران بەڕیوە ئەبەن. ئێمە پشتگیریی ئەو هێزانە ئەکەین و سڵاویان بۆ ئەنێرین. عەفرین کوردستانە و ئێستا بریندارە. ئەو برینە برینی هەموو کوردستانیانە. ساڕێژکردنیشی تەنیا بە رزگارکردنی ئەبێت. ئەوەش ئەرکێکی هەرە گرنگی نەتەوەییمانە.

لەو بارەیەوە ئێمە جارێکی تر داوا لە گەلی کوردستان و هەموو هێزە و رێکخراوەکانی ئەکەین، لە ساڵڕۆژی داگیرکردنی عەفریندا بەیەک دەنگ خاوەندارێتی لە عەفرین بکەن و داگیرکردنی ریسواو شەرمەزار بکەن. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هێزو رێکخراوە هاوشێوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەکەین کە هەڵوێست لەبەرامبەر داگیرکاریی دەولەتی تورکیادا بگرن و پشتگیریی تێکۆشانی رەوای گەلی کوردستان بکەن.

ر.م