کەنەکە: ٢٨ گەلاوێژ لە مێژووی ئێراندا سیمبولی ڕۆژی ڕەشە

کەنەکە ڕایگەیاند، ڕووخانی سیسته‌می پاشایه‌تی له‌ ئێران ده‌با ببووایه ‌به‌ خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی خەڵکانی ئێران و خەڵکی کوردستان، بەڵام بۆ شەپۆلێکی  پۆپۆلیستیی مەزهەبیی وەک ڕژێمی ئەمڕۆی ئەردۆغان گۆڕا.

دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای ڕووخانی پاشایەتی لە ئێران و فتوای حەڵاڵکردنی کوشتنی کورد لە لایەن خومەینیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

"ساڵیادی فتوای خومەینی بۆ قەتڵوعامی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان

٢٨ گەلاوێژ لە مێژووی ئێراندا سیمبولی ڕۆژی ڕەشە.

٢٨ی گەلاوێژ ١٣٣٢ی کۆچی- هەتاوی، حکومەتی موحەمەد موسەدەق لە کوودەتایەک بە یارمەتیی ڕاستەوخۆی بەریتانیا و ئامریکا لە بەین بردرا و کۆتایی بە تەمەنی کورتی دیموکراسیی لە ئێران هێنرا.

ئەو ڕۆژ ٤١ ساڵ بە سەر فتوای خومەینی بۆ جیهاد دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و لەشکرکێشی دژ بە خەڵکی کوردستان، بە فەرماندەریی بکوژانی خەڵکی کوردستان و ئێران، بەنی سەدر، تێپەڕ دەبێت. بەنی سەدر، ئەو ئەڵقە لەگوێیەی خومەینی کە فەرمانی دا سەربازەکان بەنی پۆستاڵەکانیان هەتا سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان نەکەنەوە.

چلویەک ساڵ له‌ تۆتالیتاریزم، لە دیکتاتۆری و فاشیزمی مەزهەبیی و لە درێژەدان بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و لە داگیرکەریی. چلویەک ساڵ لە کردنی ئێران بە باخی عەدەن بۆ کەمینەیەکی بچووکی دەسەلاتدار و گۆڕینی ئێران بۆ دۆزەخێکی سەر زەمین بۆ زۆرینەی گەلانی ئێران.

حکومەتی خومەینی بە کەڵکوەرگرتن لە ناڕۆشنیی و لە بێبەرنامەیی ڕێکخراوەگەلی ئەوسای ئێران کە نەیانتوانی بە پێی بەرنامەیەکیی دیموکراتیکی جەماوەریی و بە قبوڵکردنی پلورالیزمی سیاسیی زەمینەی لە بار بۆکۆکردنەوەی ئێرانیەکان فەراهەم بکەن، توانی سواری شەپۆلێکی  پۆپۆلیستیی مەزهەبیی و ناڕەزایی گشتیی سەرانسەریی بێت و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پاشان بە کەڵکوەرگرتن لە رێبازێکی مەزهەبیی، هاوشێوەی رێبازی ئەوڕۆی ئەردۆغان، جیایی و تەفرەقە بخاتە ناو جۆرگەلی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و سەنگەریان پێ بگۆڕێت و لە گۆڕەپانی سیاسیی وەدەریان بنێت.

رژێمی ئێران توانی زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بکەن بە کوشتارگا و مەیدانی تیرۆر و کوشتن و بڕین و بیگەیەنن بە زۆر دوورتر لە ئەودیو سنووری ئێران. ڕووخانی سیسته‌می پاشایه‌تی له‌ ئێران ده‌با ببووایه ‌به‌ خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی خەڵکانی ئێران و خەڵکی کوردستان، کە لەبەر هۆگەلی ڕۆشن، دروست بە پێچەوانەوە کەوتەوە و لەباتی شوێنەراوی ئیجابی و موسبەت، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی دەستە و تاقمە ئیسلامی‌یە توندرەوەکان لە ناوچەکە و بگرە لە جیهاندا.

لە بریتی ئەوەی دەستکەوتەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران مافی بڕیاری دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلانی ئێران، کۆمەڵێک ماف و ئازادیی وەکوو: مافی ڕیفەراندۆم بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران، سەپاندنی پلورالیزمی ئەتنیکیی و سسیاسیی و کولتوریی، بەهێزکردن و تێگەیشتن لە سیستەمی پارلەمێنتاریزم، لە شێوەی دابەشکردنی دەسەڵات و لە ڕەواندنەوەی دەسەڵات و لە شەفافیەتی دەسەڵات، بەهێزکردنی سیکولاریزم و جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت لە یەکتر، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی مافی هاووڵاتیی بگریتە خۆی؛ بە داخەوە فەزای هەرکەس بۆ خۆی پێک هات و حکومەتی خومەینی کە لانی کەم لە دیسپلینی مەزهەبیی و بە هۆی شێوازی ڕێکخستنی حەوزەکانی علمیە و مزگەوتەکان لە هەموو لایەک ڕێکخراوتر بوون، توانی جڵەوی حوکمڕانی بگرێتە دەست.

چلویەک ساڵ لە بەشەڕدانی خەڵک، لە بڵاوکردنەوەی ترس و وەحشەت و دوودڵیی و گومان، لە کوشتار و ڕاوەدوونان و تێکدان، لە کردنی ئێران بە گۆڕەپانی چەک و تەقەمەنیی و کێبڕکێی سەربازیی، لە بەشەڕدانی مەزهەبگەلی جیاواز لە وڵاتانی دەراوسێی و دەستخستنە ناو کاریان، پێمان دەڵێت کە ئاشی ئەو رژێمە تا سەر هەر دەتوانێت بگەڕێت ئەگەر بێت و لە ئێستاوە حاڵیی نەبین کە خاڵی سەرەکیی بۆ هەموو لایەنێکی جیددیی 1999 سیاسیی، دەبێت ئەڵتەرناتیڤی پاشەڕۆژ، بە میکانیزمی شێوەی کردن و بە کەناڵگەلی جێبەجکردنیەوە، بۆ پاش ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە دیاری بکرێن.

کوردستان نموونەیەکی جیاوزتر لە بەشەکانی ئێرانە. ئەویش بە حوکمی ئازادیخوازیی نەتەوەیی و مێژووی تۆمارکراوی ئازادیخوازییەوەیە. دیارە کوردستانیش پێویستیی بە پرۆژەیەکی روونتر و کۆنکرێتتری سیاسییە و دەتوانین بیکەین بە پێگەیەکی مەحکەم و بە گۆرەپانی مەشقی دیموکراسیی و دیالۆگی سالم و پلورالیستی کە هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکان وێرای پاراستنی سەربەخۆیی فیکریی و ئایدیولۆژیکی خۆیان ، بتوانن بەمەبەستی گەیشتن بە داخواز و ئاواتەکانی گەلەکەمان هاودەنگ و هاوپەیمانی یەک بن.

ڕێکخراوە سیاسییەکان لە رۆژهەلاتی کوردستان دەبێت بتوانن کۆنکرێت ڕوونی بکەنەوە چییان دەوێت، دەیانەوێت چۆن لە پرۆسەی گۆڕینی کۆماری ئیسلامییدا بەشدار بن و ئەڵتەرناتیڤی سیاسیان بۆ دوارۆژ چییە. ئەمە شتێکە تا ئێستا نییە و ئەگەر هەشبێت لە سەر ئاستی نزم و بەرتەسکدایە. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی رێککەوتننامەیەک بۆ پلورالیزمی سیاسیی، و بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی شێلگیر نەبوون بە پرسی نەتەوەیی و داوای خەڵک، هەمیشە ئەگەری پەرتەوازەبوون و هەرکەس بۆخۆیی و تاکڕەویی لە ئارادایە.

بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتنی تا ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، جێی خۆیەتی ڕێکخراوگەلی ڕۆژهەڵاتیش هەرچی زووترە بکەوێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی سیاسیی و پرۆسەی پێک‌گەیشتن بۆ وتاریی نەتەوەیی هاوبەش. دەبێت شەڕی ناوخۆ کە تەنها بە مەرامی پاراستن و بەرفراوانکردنی بەرژەوەندیی حیزبیی و تاکەکەسیی بەرپا دەکرێت، بە تەئکیدەوە رەفز بکرێت و هەموو هێزەکان وێرای پەسەندکردنی پروتوکولێک کە شەری ناوخۆیی لە هەر شکل و شێوازێکیدا قەدەغەی ڕادەگەیەنێت، هەوڵ و تێکۆشان بو پلاتفۆرمێک بەمەبەستی پێکەوە کارکردن و بۆ وەدەستهێنانی دەستکەوت و بە ئامانج گەیاندنی پرسی نەتەوەیی و دیموکراتیکیی بێت،کە ئاوات و ئامانجی دڵی برینداری خەڵکی کوردستانە، وەک ئەڵتەرناتیڤی دووهەم و لە قازانجی گشتییدا بهێننە ئاراوە.

ئەوانەی چ وەکوو تاکەکەس و چ وەکوو ڕێکخراوەی سیاسیی ڕچەشکێن و دەستپێشخەرن و گوێ بە فەرهەنگی دواکەوتوو نادەن لاق و دەستیان ببەستێتەوە، دەتوانن هەر ئێستا مێژوویەک لە سەرکەوتن تۆمار بکەن و لە ئاییندەدا دیواری بەردەوامبوونی لە سەر هەڵبچنن. ئەوانە براوەی ئێستا و ئایەندە دەبن و ناویان لە مێژووی سەروەریی نەتەوەکەماندا تۆمار دەکرێت. لەبەرابەر ئەو ئەمەکناسیەدا، دواکەوتوویی سیاسیی و بەشدارنەبوون لە پرۆسەی دروستکردن و سازکردندا بێگومان مەحکومە بە مەرگ و نەمان.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو هەر بەشێکی دیکە لە کوردستان و وەکوو هەر نیشتمانێکی داگیرکراوی دیکە بەرامبەر بە سیاسەتی ترساندن و سەرکوت، سووکایەتیی پێکردن، ویژدان بریندارکردن، ڕاوەدوونان، زیندانیکردن و کوشتن و تەنانەت بە کۆمەڵکوشتن و هەڕەشەی ژێنوسایت ڕووبەڕوو بووەتەوە، و هەروەها قوربانی هەڵاواردنی گەورەی کولتوریی و ئابووریی بووە.

بەو هیوایەی بە شێوەیەکی دروست و ئەمڕۆیی، لە ئاستی مافی مرۆڤ و مافی خەڵک بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، هەموومان پێکەوە وەڵام بە چلویەک هەمین‌ساڵیادی فەتوای بەکۆمەڵکوشتنی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە بدەینەوە و وەکوو ڕووداوێکی یەکجاری و تێپەریو نەیبنین. ئەویش یەکگرتوویی و هاوسەنگەریی و چەسپاندنی ئازادیخوازییە.

نەمری بۆ تەواوی گیانبەختکردووانی کوردستان"

ف.ق