کەنەکە: پێویستە چاو بە بڕیاری کەیسی هۆقەبازدا بخشێندرێتەوە

کەنەکە ناڕەزایی لە بەرانبەر بڕیاری دادگای هەولێر بۆ لەسێدارەنی مەزڵوم داغ و محەمەد بەشکسز دەربڕی و ڕایگەیاند، پێویستە بڕیارەکە هەمواربکرێتەوە و ژیانی ئەو کەسانەش بپارێزرێت.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری لەسێدارەدانی دو وگەنج ئاشکرا کرد، کە لەسەر دۆسیەی هۆقەباز لەلایەن دادگای هەولێرەوە ئەو بڕیارەیان بۆ دەرکراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"مەزڵوم داغ و محەمەد بەشکسز دوو لاوی نیشتمانپەروەری باکوری کوردستانن، خانەوادەی هەردووکیان گەلێک زوڵم و زۆریان بە دەست دەوڵەتی تورکیاوە چەشتووە، ئەندامانی خێزانەکانیان چەندین جار دەستگیرکراون و هەندێک کەسیشیان لە شۆڕشی کوردستاندا شەهید بوون. خانو و ماڵیان وێران کراوە و لەژێر فشار و زوڵم دەوڵەتی تورکیادا ئاوارە بوون".

هەروەها، هاتووە:"بارودۆخی گەلی کوردستان و هێرشەکانی تورکیا روون و ئاشکران. ئەگەر ئەو گەنجانەش ئەو کەسەیان کوشتبێ، بێگومان بەو هەست و تووڕەییەوە کردوویانە".

کەنەکە، بە بیری دەهێنێتەوە، لە هەموو شۆڕشەکانی ئازادییدا ڕووداوی لەو جۆرە هەن و نمونەی وەها زۆرن، ئێمەش وەک گەلی کورد لەو ڕووداوانە بەدەرنین، دەشڵێت:"دیارە دادگای هەولێر بە پەلەو بە بێ لێکۆڵینەوە و بەدوواداچوونی ورد ئەو بڕیارەی داوە، هەروەها دیاریشە کە مافی خۆپاراستنی یاسایی بۆ ئەو لاوانە دەستەبەر نەکراوەو بێ پارێزەر بوون".

ئەوەش هاتووە:"دادگا دۆخی شەڕی ئازادیی گەلی کوردستان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و دۆخی خانەوادەکانی ئەو گەنجانەی لەبەرچاو نەگرتووە. بێگومان ئەگەر ئەو بارودۆخانە بە باشی لەبەرچاو بگیرانایە، سزایەکی ئەوەندە قورس نەدەدران".

کەنەکە، ئاشکرای دەکات"بەپێی لێدوانی خانەوادەکانیان، تا ئێستاش ئاستەنگیی ئەخرێتە بەردەم مافی خۆپاراستنی ئەو گەنجانە، بەپێی ئاگاداریی میدیاکان، ئەو گەنجانە لەهەمان ژووری زینداندا لەگەڵ داعشییە زیندانیکراوەکانن. ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەکات".

باس لەوەش دەکات:"لە دنیای پێشکەوتوودا سزای لەسێدارەدان نادرێت، ئەو سزایە ئیتر نەماوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر لەم سەردەمەدا سزای لەسێدارەدان لە یاسای هەرێمی کوردستاندا بمێنێت، پێویستە ئەو سزایە بە زووترین کات لە یاسادا لاببرێت".

لە کۆتاییشدا هاتووە: ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەو بارودۆخە و ئەو بڕیارە بە گونجاو نازانین، پێویستە چاو بەو بڕیارەدا بخشێنرێتەوە و ڕاستبکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئەو دۆخە لەبەرچاو بگرن و بڕیارەکە ڕاست بکەنەوە و ژیانی ئەو مرۆڤانە بپارێزن، هەروەها داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو گەلی کوردستان دەکەین، لەوبارەیەوە هەستیار و خاوەن هەڵوێست بن.

ف.ق