کەنەکە، ۱۲۰ مین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز کرد

کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان–کەنەکە، بە بۆنەی ۱۲۰ مین ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردییە لە مێژوودا، ڕایگەیاند: " دەرچونی ڕۆژنامەکە وەرچەرخانێکێ ڕۆشنیری و هەنگاوێکی داهێنەرانە بوو ".


ئەمڕۆ، کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان–کەنەکە، بە بۆنەی ۲۲ی نیسان ۱۲۰ مین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان، کە هاوکات وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیش دەستنیشان کراوە، لێدوانکی نوسراوی داوە و وێڕای پیرۆز کردنی بۆنەکە، ستاییشی دەرچوونی ڕۆژنامەکە و سەرپەرشتیارانی دەکات.

"دەرچوونی کوردستان داهێنان و وەرچەرخانێکی ڕۆشنبیری بوو"

لە لێدوانەکەی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کەنەکەدا، کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسەکەمان فورات نیوز ناردوە هاتووە: " هەموو هەنگاوێکی داهێنەرانە گۆڕانکارییەك بەدوای خۆیدا دێنێت. دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستانیش" لە ڕێککەوتی 22ی نیسانی 1898 زاینیدا، ئەو داهێنانە بوو کە وەرچەرخانێکی لە بواری رۆشنبیری و ڕای گشتی کوردستانیی لە سەردەمی خۆیدا کرد و کاریگەریی لەسەر ڕۆژ و ساڵەکانی دوای خۆی دانا".


"دەستپێشخەرییەکی لێوان لێو لە جەربەزەیی و ئیرادە بوو"

ڕۆژنامەی کوردستان کە لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو. بۆ ئێمەی کورد لەو رۆژانەدا، تەنیا کردەیەکی ڕۆژنامەوانی سادە نەبوو  بۆ گەلێک کە لە ژێر ستەمی داگیرکاریدا بێت و نەخوێنەدەوار و نا ئاشنا بێت بە مێژووی خۆی، بەڵکو دەستپێشخەرییەکی لێوان لێو لە جەربەزەیی و ئیرادە بوو. ئەو ڕۆژنامە بەو چەند ژمارە کەمەی کە لە ئاوارەیی و شوێنی جیاواز دەرئەچوو، پەنجەرەیەك بوو بەسەر دنیایەکی جیاوازدا و هەنگاو و قۆناغێکیش کوردی بردە ناو مێژووی جیهانەوە".

"ڕۆژنامەی کوردستان تێکۆشانی گەلی بەرهەم هێنا"

کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کەنەکە، بەردەوام دەبێت و ڕایدەگەیەنێت: " بەپێی سەرچاوەکان، بەشێکی زۆری ڕۆژنامەی کوردستان ئەنێردرایەوە بۆ کوردستان و بە خۆڕایی بەسەر خەڵکدا دابەش ئەکرا. بەم کارەش زیاتر جێی خۆی کردەوە و خەڵک پێی ئاشنا بوون. بەو شێوەێەش بوو بە سەرچاوەی هەواڵ و تێگەیشتنێکی جیاواز لە خۆناسین. دواجار تێکۆشانی دواتری گەلی کوردستان بەرهەم هێنا. ئەگەر لەو رۆژگارەدا و لەو دەرفەتە بەرتەسکەدا، تەنیا ڕۆژنامەیەك و کردەی ڕۆژنامەوانی ئەوەندە ڕۆڵ و کاریگەریی هەبووبێت، بێگومان لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی ئێستای کوردستاندا، سەرەڕای ئاستەنگە جیاوازەکانی بەردەم رۆژنامەگەریی کوردی، دەرفەتێکی زیاتر هەیە کە ڕۆژنامەنووسیی کوردی ڕۆڵێکی مەزن لە ڕەوتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا بگێڕێ".


"دەبێت ڕۆژناگەری و میدیاکارانی کوردستان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیان هەستن"


کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کەنەکە، ئاماژە بە بارودخی هەستیاری ئەمڕۆکەی کوردستان و ئەرکی ڕۆژنامەگەری و مەدیای کوردی دەدات و ڕایدەگەیەنێت:" لە ئێستادا گەلی کوردستان بە هۆکاری جیاوازی تەکنۆلۆجیا و چەکی کوشندە و سیاسەتە ناوخۆیی و هەرێمی و  نێودەوڵەتییەکانەوە، لە هەرکات زیاتر لە ژێر هەڕەشەی داگیرکاری و کۆمەڵکوژیدایە. لەو سۆنگەیەوە داوا لە ڕۆژنامووس و میدیاکارانی کوردستان دەکەین بە ئەرکی پیرۆزی خۆیان هەستن. پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کوردستانیان و کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان، بابەتیانە و بە ڕۆحێك کە ئاساییشی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بپارێزیت، بکەنە ڕۆژەڤ و کاری لەسەر بکەن. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە، سەرەڕای پیرۆزبایی لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەرجەم گەلی کوردستان و هەموو رۆژنامەنووسانی نیشتیمانپەروەر و جەربەزە، جارێکی تر جەخت لەوە ئەکەینەوە، کە ڕۆژنامەنووسی و میدیاکاریی لە زۆربەی پرسەکاندا ئەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێ و ڕەوتی ڕووداوەکان لەبەرژەوەندی خەڵك و بەرژەوەندی نیشتیمانیی بگۆڕێت". 

"سلاو بۆ ڕۆژنامەوانان دەنێرین سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنین"

ئێمە لە کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان،  جارێکی تر سلاو بۆ هەموو ڕۆژنامەوانانی بوێر و ڕاستگۆ ئەنێرین و سەری ڕێز بۆ هەموو ئەو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانە دائەنەوێنین، کە سوور بوون لە سەر پەیام و پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی و گیانی خۆیان لەسەر دانا. هەمان کات سڵاو بۆ گیانی میقداد مەدحەت بەدرخان و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕچەشکێنانەی بواری رۆژنامەوانی کوردی ئەنێرین، کە ئاسۆیەکیان لە بەردەم دەسەڵاتی ڕای گشتیدا کردەوە".

هـ.هـ