کەژەکە: بە رۆحی خۆڕاگریەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد و رایگەیاند:"دەبێت هەموومان بە رۆحی خۆڕاگریەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز بکەین و بە هەر رێبازێکیش بێت دەبێت نەورۆز پیرۆز بکرێت."

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵی ژنانی کوردستان-کەژەکە بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و جەژنی یەکێتی، ئاشتی و برایەتی نەورۆزی لە گشت گەلان، بە تایبەت گەلی کورد پیرۆز کرد.

لە بەیاننامەکەی کەژەکەدا هاتووە، جەژنی نەورۆز سەرەتا لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین کە بە خۆڕاگریەکەی واتای بەخشی بە هەبوونی گەلی کورد و بە لێکۆلینەوە لەسەر خودی واتا، نرخی ئازادی بۆ زیاد کرد، هاوکات ئەم جەژنە لە گشت ژنانی تێکۆشەر و ئەوانەی لە خۆڕاگریدان، پیرۆز دەکەین.

کەژەکە، لە کەسایەتی مەزلوم دۆغان، زەکیە، رەحشان، بێریڤان و رۆناهیدا، هەموو گیان بەختکردووانی تێکۆشانی ئازادی بە رێزەوە بە بیر هێنایەوە و بەڵێنیشیدا کە هەڵوێستی تێکۆشانیان، بگوازنەوە بۆ رێڕەوی پیرۆزکردنی نەورۆز.

'لە زوحاقەوە تا دەگاتە دەوڵەتی تورک، خۆڕاگری لە دژی زولم و دەسەڵاتداران بەردەوامە'

هاوکات لە بەیاننامەکەی کەژەکەدا هاتووە:" گەلی کورد خاوەنی کلتورێکی دێرین و رێبازێکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ ژیانکردن. بە زمان، کلتور و پیرۆزیەکانی، بەردەوامی بە هەبوونی خۆی دەدات لە سەر خاکەکەی. بە رەنج و ماندووبوونی، دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات و هەبوونی خۆی لەسەر خاکەکەی واتادار بکات. بۆ ئەوەی نرخ و یەکپارچەبوونی خۆی بپارێزێت، زۆر جار راپەڕیوە و خۆڕاگری کردووو و تێکۆشاوە. زۆر جار رووبەرووی داگیرکەری، تاڵان و هێرش و پەلەمار بووەتەوە، بەڵام سوور بووە لەسەر پاراستنی خۆی. بۆیە دەسەڵاتداران، نەتەو-دەوڵەت و هێزە داگیرکەرەکان کە خاوەنی هزری زوحاقی راڵمن، بەردەوام زوڵمیان لێکردوون. وەکو چۆن کورد زوڵمی زوحاقیان تێکشکاند و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژیانیان بە کلتورێکی دێرین بونیاد نایەوە و لە گەڵ گەلانی تر بناغەی ژیانێکی ئازادیان دانا، بە هەمان شێوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی داعش و دەوڵەتی فاشیزمی تورک کە پاڵپشتی داعشە، رۆڵێکی پێشەنگیان لە خۆڕاگریدا بینی و میسیۆنی خۆیان هاوکات لەگەڵ تێکۆشاندا بەردەوام کرد.

بۆ ئەوەی گەلی کورد زنجیرەی داگیرکاری بشکێنێت و بگات بە ئازادی، سوورە لە خۆڕاگریدا و وەکو شەڕڤانانی هەمیشەییی تێکۆشان، بەردەوامی دەدەن بە تێکۆشانیان."

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: " کە نەورۆز پیرۆز دەکرێت، گەلی کورد ساڵی نوێ وەکو سەردەمی گۆڕانکاری دەبینێت. هیچ تاکێکی کورد نایەوێت نەورۆز بە تەنها تێپەڕێنێت. چونکە دەزانێت نەورۆز هزرێکی کۆمەڵایەتیە. دەزانێت نەورۆز ئیدارەیەکی هاوبەش و رەنج و زانابوونە."

کەژەکە هەروەها رایگەیاند، نەورۆز بۆ گەلی کورد جوانترین جەژنە و یەکێکە لە پیرۆزترین جەژنەکان. وەکو پیرۆزی شارستانی دیمۆکراتیک تەماشای دەکات و وتی:"ئێمە بەو شێوازە پێشوازی لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٠ دەکەین کە خاوەنداری لەم تێگەیشتنە بکەین. هەر کەسێک بۆ ئازادی هەنگاوی ناوە، یان بە دڵ لەگەڵ ئازادیدایە، بە هەستێکی داد و یەکسانپارێز، هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بەهێزتر و بەرفراوانتر دەکات. نەورۆز سیمای ئێمەیە، دەنگی ئێمەیە و هەناسەی ئێمەیە."

'بە هەر رێبازێک بێت، دەبێت نەورۆز پیرۆز بکرێت'

کەژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ناتوانرێت نەورۆزی ئەمساڵ بە شێوەی جەماوەری و سەرتاسەری پیرۆز بکرێت و وتی:" بە رێبازی جیاوازیش بێت، دەبێت نەورۆز پیرۆز بکرێت. گەلی کورد دەتوانن لەسەر بانی ماڵەکانیان مەشغەل داگیرسێنن و بە رۆحی خۆڕاگریی کاوەی ئاسنگەر، مەزلوم دۆغان، زەکیاکان، رەحشانەکان و رۆناهیەکان، پێشوازی لە نەورۆز بکەن. لە ماڵەکانیان بە داگیرساندن و کوژاندنەوەی گلۆپ و بە وتنەوەی سرود، بە رۆحی نەورۆز پێشوازی لێ بکەن. ئەگەر بە گروپ و کۆمەڵی بچوکیش بێت، دەبێت بتوانن لە کۆڵانەکان ئاهەنگ بگێڕین، گۆرانی بڵێن و نەورۆز پیرۆز بکەن."

ز.ش