هێزەکانى دەوڵەتى تورک لە زیندانى جۆری ئێڵ لە پاتنۆس دڵیان تێر نەبوو لە ئەشکەنجەى زیندانیان و ئازاردانى کەسوکار و بنەماڵەکانیان، گروپێکى ئەشکەنجەیان بە ناوى "لیواى تۆڵەى تورک – تیت"ى بردووەتە ئەو زیندانە بۆ ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان.
زیندانى جۆرى ئێڵ لە پاتنۆس ساڵی ڕابردوو دروستکرا و زیندانیى بۆ برا. بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ، گوشار، ئەشکەنجە و ئازاردان و بێڕێزیکردن بە بنەماڵەى زیندانییەکان و زیندانیان ناوبانگى دەرکردووە. لە زیندانەکەدا نەخۆشیى هەوکردن بڵاوبووەتەوە و سەربارى ئەوەش ئێستا بە گروپێکى تایبەت بە ناوى "لیواى تۆڵەى تورک – تیت" زیندانییەکان ئەشکەنجە دەکرێن.
گروپى "لیواى تۆڵەى تورک - تیت" لە ساڵانى ١٩٩٠دەکاندا لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە بۆ تیرۆرکردن و کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانی کوردستان دامەزرێندرا. ئێستا ئەو گروپە براون بۆ زیندانى جۆرى ئێڵ لە پاتنۆس بۆ ئەشکەنجەکردنى زیندانیان. ئەو گروپە ماوەى مانگێکە لەو زیندانەدان و هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەکردنی زیندانیان، دەستیانکردوە بە تیرۆری کەسایەتى و دەروونى زیندانییەکانیش. ئەو گروپە بەشێک لە گوشارە قورسەکانی لەسەر هۆڵى ٥ چڕکردووەتەوە و هەندێک زیندانیى نەخۆش بە ناوى بردنیان بۆ نەخۆشخانە و چارەسەرکردن لە هۆڵەکە دەبنەوە دەرەوە و ئەشکەنجەیان دەکەن.
زیندانییەکان داوا لە راى گشتى دەکەن بەرامبەر بەو گوشار و زۆردارییەی بەرامبەریان دەکرێت بێدەنگ نەبن. زیندانییەکان لە ڕێگەى بنەماڵەکانیانەوە باسی گوشار و ئەشکەنجەکانیان کردووە و رایانگەیاندووە، ژمارەیەکى زۆر لە زیندانییە نەخۆشەکان ماوەى چەندین مانگە لە چاوەڕوانیى ئەوەدان ببرێن بۆ لاى پزیشک بۆ چارەسەر، بەڵام نایان بەن بۆ نەخۆشخانە.
بەپێى وتەى زیندانییەکان، لەو زیندانەدا تەنها پزیشکێک دەوام دەکات و پزیشکەکەش بە میزاجی خۆى چۆن بیەوێت و کەى بیەوێت دەوام دەکات و بە میزاجیش زیندانییە نەخۆشەکان چارەسەر ناکات.
زیندانییەکان ئەوەشیان وتوە، ئەو جلوبەرگ، رادیۆ و کتێبانەى لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بۆیان نێردراوە، بەرپرسانى زیندانەکە رادەستیان ناکەن.
پەتا و نەخۆشی بە زیندانەکەدا بڵاوبووەتەوە
نورێ تەرلاک خزمى یەکێک لە زیندانییەکان بە ئاژانسى هەواڵى ژن نیوزى راگەیاندووە، چەندین مانگە چارەسەری بۆ دەیان زیندانیى نەخۆش نەکراوە. لە زیندانەکەدا نەخۆشیى هەوکردن و پەتا رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر بڵاودەبێتەوە.
تەرلاک راشیگەیاندووە "چەندین مانگە گەنجان و منداڵان لەو زیندانەدا ئەشکەنجە دەکرێن. ئیتر ئێمە بە تەواوەتى لە بەرپرسانی ئەو زیندانە بێزاربووین. لەو رۆژەوە ئێرە کراوە بە زیندان، جگە لەو کێشانە، کێشەى نەبوونى ئاوى گەرمیش هەیە. پزیشکى لێیە، بەڵام ئەو بە میزاجى خۆى چارەسەری بۆ نەخۆشەکان دەکات و زۆر جاریش چارەسەریان بۆ ناکات. نە دەرمان بە نەخۆشەکان دەدەن و نە دەشیانبەن بۆ نەخۆشخانە. ئەو زیندانییانەی جەڵتەى دڵ لێیان دەدات، دواى ٢ هەفتە دێن بەدەمیانەوە و دەیان بەن بۆ نەخۆشخانە".
نورێ تەلارک ئەوەشى وتوە، لە کاتى سەردانى کەسوکار و بنەماڵەکان، بنەماڵەکانیش ئەشکەنجە دەکرێن و ئازار دەدرێن و دەیانەوێت بەو شێوەیە بێڕێزییان پێ بکەن و بێزاریان بکەن.