گروپی ژینگە دۆستانی کەرکوک هەڵمەتێکیان بۆ هۆشیارکردنەوە لە نەخۆشی کۆرۆنا دەستپیکرد

ژمارەیەک گەنجی خۆبەخش لە شاری کەرکوک هەڵمەتێکیان دەستپیکردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیانی شارەکە لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە.

دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاند کە چەندین کەس لە شاری کەرکوک تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بۆیە پیویستە هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن تا تووشی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە نەبن، ئیوارەی ئەمرۆش کۆمەلێک گەنجی شاری کەرکوک خۆبەخشانە هەڵستان بە دابەش کردنی بڵاوکراوە لەسەر چۆنیەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە تەشەنە کردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

دەربارەی ئەنجامدانی ئەم چالاکیە، بەشدار تاڕق بەرپرسی گروپی ژینگە دۆستانی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە کۆمەڵی گەنجانی خۆبەخشی شاری کەرکوکین هەلستاوین بە بڵاوکردنەوەی ڕێنەمایی بۆ هۆشیار کردنەوەی هاووڵاتیانی شاری کەرکوک بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

هەروەها بەشدار تاڕق ڕایگەیاند: "ئەمرۆ توانیمان زیاتر لە ٥٠٠ بڵاوکراوە بڵاوبکەینەوە بەسەر بازاڕ و دووکان و ئۆتۆمبێل و شوێنە گشتیەکانی شاری کەرکوک، ئامانجی ئێمەش لەم چالاکییە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیانی کەرکوکە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

لە کۆتاییدا بەشدار تاڕق ڕایگەیاند: ''هیوادارین بە هاوکاری گەنجانی ئەم شارە بتوانین دەست لەناو دەست هەموومان بەیەکەوە کاربکەین بۆ خزمەت کردن و پاراستنی شارەکەمان.''

ز.ش