گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات له خوشك و برای ئۆجالان قه‌ده‌غه كرا
ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر كه گۆشه‌گیریی تووندی به‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالاندا سه‌پاندووه، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی فاتمه و محه‌مه‌د ئۆجالانی له توركیا قه‌ده‌غه كرد.
ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر كه گۆشه‌گیریی تووندی به‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالاندا سه‌پاندووه، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی فاتمه و محه‌مه‌د ئۆجالانی له توركیا قه‌ده‌غه كرد.
داواكاری گشتیی شاری ڕوحای باكووری كوردستان له چوارچێوه‌ی پشكنینی دادی-دا، گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتی له فاتمه ئۆجالان و محه‌مه‌د ئۆجالان خوشك و برای ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالانی قه‌ده‌غه كرد.
ئه‌مڕۆ به نووسراوی فه‌رمی له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پشكنینی دادی سه‌ر به داواكاری گشتیی ڕوحا خوشك و برای ئۆجالان ئاگاداركراونه‌ته‌وه كه چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتیان لێ قه‌ده‌غه كراوه. ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) ده‌ستی به نووسراوه‌فه‌رمییه‌كه گه‌یشتووه. سه‌رنجڕاكێشه كه بڕیاره‌كه ده‌رباره‌ی فاتمه و محه‌مه‌د ئۆجالان له هه‌مان ڕۆژدا ده‌ركراوه.
له‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ی بۆ فاتمه ئۆجالان و محه‌مه‌د ئۆجالان نێردراوه، بڕیاری ڕۆژی ٧ی شوباتی شه‌شه‌مین دادگه‌ی سزادانی ڕوحا كراوه‌ته بیانوو بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات. تیایدا هاتووه، ئه‌گه‌ر خاڵه‌كانی بڕیاره‌كه جێبه‌جێ نه‌كرێن، ئه‌وا دادگه بڕیاری زیندانی كردن یان بڕیارێكی دیكه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێوشێن ده‌دات.
ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ساڵی ٢٠١١-ه‌وه مۆڵه‌ت نادات كه عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانی دیدار ئه‌نجام بدات. هه‌روه‌ها مافی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌شی زه‌وت كراوه. ئه‌یلوولی ٢٠١٦ ڕێگه درابوو كه محه‌مه‌د ئۆجالان ماوه‌یه‌كی كورت ڕێبه‌ری گه‌لی كورد ببینێت، هه‌روه‌ها له ١٢ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩شدا ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێك ڕێگه به محه‌مه‌د ئۆجالان درا چاوی به ئۆجالان بكه‌وێت.
s.m