گومان دەکرێت خۆپیشاندان بگاتە باشووری کوردستان
خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان دەبن و هێزە ئەمنیەکانیش دەست لە هاوڵاتیان ناپارێزن، گومانی ئەوەش دەکرێت خۆپیشاندان لە سەرتاسەری باشووری کوردستان دەستپێبکرێت.
خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان دەبن و هێزە ئەمنیەکانیش دەست لە هاوڵاتیان ناپارێزن، گومانی ئەوەش دەکرێت خۆپیشاندان لە سەرتاسەری باشووری کوردستان دەستپێبکرێت.
وەک دەزانرێت ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە عێڕاق ڕاگەیەنراوە و لە سەرەتادا شاری بەغدا ڕاپەڕی و پاشان شارەکانی زیقار، نەجەف، کەربەلا ، کەرکوک و چەند شارێکی دیکەی عێڕاقی گرتەوە. خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن و هەلی کار دەکەن و لە هەمان کاتدا داوای ڕوخانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ خۆپیشاندان شاری کەرکوکیشی گرتەوە و خۆپیشاندەران بە دروشمی (شلع قلع کلکم حرامیە) واتا بێ جیاوازی هەر هەموتان دزن، چالاکیان دەستپێکرد و هێزە ئەمنێکان بە چەکی فرمێسکڕێژ وڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.
لە شاری بەغدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەکان وڵامی خۆپیشاندەرانیان بە چەک دایەوە و بریندار و کوژراوی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام هیچ دەزگایەک ئاماری کوژرا و بریندارەکانی بە فەرمی بڵاو نەکردووەتەوە.
سیستانی و سەدر لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەیان ئاشکرا کرد ئەگەر حکومەتی عێراق لە بڕیاری دروستکردنی هێزی ئاسمانی بۆ حەشدی شەعبی پاشگەز نەبێتەوە، ئەوکات بەر بە ڕووخانی حکومەتی نوێی عێڕاق هەنگاو دەنێین. بۆیە گومان دەکرێت تا ئاستێک ئەم ڕەوشە فراوان ببێت و لە ماوەی داهاتوودا خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕابگەیەندرێت.
سەر لە ئێوارەی دوێنی بە هۆی ئاڵۆزیەکان لە سەرتاسەری عێراق هێڵی ئەنتەرنێت ڕاگیرا بە هۆکاری ئەوەی بانگەشەی خۆپیشاندان لە توڕە کۆمەڵایەتێکانەوە بڵاو نەبێتەوە.
لەهەمان کاتدا چەند چاودێرێکی سیاسی لە باشوری کوردستان گومان دەکەن کە خۆپیشاندان بگاتە هەرێمی کوردستان و ئەو ڕاپەڕینە شاری هەولێر و سلێمانیش بگرێتەوە. شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بارەی ئەم ڕەوشەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوە کرد کە پێویستە خۆپیشاندانەکانی ناوڕاست و باشوری عێڕاق بگەنە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە، پێویستە باشوری کوردستان هەموی بە یەک دەنگ و یەک دەست ڕوبەڕوی ئەم دەسەڵاتە ببینەوە و پێکەوە بڕژێینە سەر شەقامەکان.
ف.ق