گیوزەل: ئەو باجەى لە گەل وەرگیراوە بۆ گەل خەرج ناکرێتەوە

سەمرا گیوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، لە بومەلەرزە گەورەکەى ١٩٩٩ لە ئیستانبول بەدواوە دەوڵەت بۆ بومەلەرزە لە زۆر شوێن باج لە هاووڵاتییان وەردەگرێت، بەڵام جارێکیتر ئەوە دەرکەوتەوە، کە ئەو باجە بۆ هووڵاتییان خەرج ناکرێتەوە.

دوای بومەلەرزەکەى سیڤریجە لە خارپێت، کە بە گوڕی ٦.٨ پلە بە پێوەری رێختەر روویدا جارێکیتر ئەوە دەرکەوت، حکومەت ئەو پارەیە بە ناوی باجی بومەلەرزە لە هاووڵاتییان وەردەگرێت بۆ هاووڵاتییانى خەرج ناکاتەوە. ئەوەش مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە. لە تشرینی دووەمی ١٩٩٩ەوە حکومەت ٣٤ ملیار دۆلار باجی زیادەى لە هاووڵاتییان سەندووە. بەڵام دواى بومەلەرزەکەى خارپێت و کاتێک کەرەم کنک سەرۆکی کزلای لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوای کرد هەر هاووڵاتییەک بە بڕی ١٠ لیرەى تورکی هاوکاری بومەلەرزە لێدراوان بکات، ئیتر بابەتی کۆکردنەوى باجی بومەلەرزە دیسانەو کەوتەوە ناو باسی هاووڵاتییان و رای گشی و بەشێک لە میدیاکان.

هاوکات لەگەڵ مشتوڕەکان لەبارەى باجی بومەلەرزەوە گەندەڵییەکى تریش ئاشکرا بوو و ئەویش ئەوە بوو باشکەنت گازی لە رێگەى کزلاییەوە بڕی ٨ ملیۆن دۆلاری داوە بە وەقفی ئەنسار، کە ئەو وەقفە بە چەوساندنەوەى منداڵ و دادۆشین و دەستبردن بۆ منداڵان تۆمەتبارە.

سەمرا گیوزەل پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى ئەو بابەتەوە قسەى کرد.

باجی بومەلەرزە بۆ کوێ خەرجکراوە؟

گیوزەل رایگەیاند، لە داوى بومەلەرزە گەورەکەى ئیستانبولەوە دەوڵەت لە زۆرێک لە شوێنەکان بە ناوی بومەلەرزەوە باجی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، چونکە بومەلەرزە زیانى زۆری لێدەکەوێتەوە. دوایینجار لە ٢٤ی کانوونی دووەم دا لە خارپێت بومەلەرزە روویدا. بەپێی زانیارییەکان دەوترێت، زیاتر ٦٥ ملیار دۆلار باجی بومەلەرزە کۆکراوەتەوە، بەڵام کەس نازانێت ئەو باجە چووە بۆ کوێ چووە و لە چیدا خەرجکراوە. لە خارپێت بومەلەرزەیەکى گەورە روویدا و زیانێکى زۆری بە خەڵک گەیاند. دەیانتوانى بەو پارەیە خێرا بە هانای خارپێتەوە بچن، بەڵام ئەو پارەیە بۆ قوربانیانی ئەو بومەلەرزەیە خەرج نەکرا و گەل زیانمەند بوو. من جارێکیتر لە رێگەى ئێوەوە دەپرسم پارەى ئە باجە بو کوێ چووە و لە چیدا خەرجکراوە؟ مافی هەموو هاووڵاتییانە ئەو پرسیارە بکەن. ئەو باجە کە بە نای بومەلەرزەوە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت بۆ کوێ دەچێت و لە چیدا خەرج دەکرێت. لە بریی ئەوەى دەوڵەت وەڵامی ئەو پرسیارانە بە گەل بداتەوە، بەڵام خۆی بە من ناچارم نازانێت بڵێت ئەو باجە لە کوێ و بۆ چی خەرجکراوە. حکومەت ناچارە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، چونکە هاووڵاتییانمان بەهۆی کەمتەرخەمیى دەوڵەتەوە گیانیان لە دەستداوە و زیانمەند بوون".

'بۆ گەل خەرج نەکراوە'

گیوزەل رایگەیاند، ئەو پارەیەی بە ناوی باجی بومەلەرزەوە لەگەل وەرگیراوە بۆ گەل خەرج نەکراوە و ئەو هاووڵاتییانەى باسی باج دەکەن سکاڵایان لە دژ دەکرێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەن.

گیوزەل لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی "دەوڵەت لە بریی ئەوەى برینەکان ساڕێژ بکات بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە ناچەکە رانت و گەندەڵی دەکات. کاتێک هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنە لە حکومەت دەگرن و لێکدانەوەیەک دەکەن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و دەستگیر دەکرێن. لەو کاتی وەهادا مرۆڤەکان پێویستیان بە پشتیوانی هەیە و دەبێت مرۆڤ پشتیوانی خۆی نیشان بدات. بەڵام بە داخەوە کاتێک ئەوە لە تورکیا روودەدات مرۆڤەکان سزا دەدرێن. حکومەت دۆخی هاوشێوەى بومەلەرزە بەپێی بەرژەوەندیى خۆی بەکار دەهێنێت و سیاسەتى پێوە دەکات.

هاووڵاتیان بریندارەکان لە ژێر داروپرودی بیناکان دەردەهێنن و پێش ئەوەى بیانبەن بۆ نەخۆشخانە و بۆ ئەوەى لە راگەیاندنەکانەوە دەربکەون، چاوەڕێی ئەردۆغان دەکەن تاوەکو بێت و بریندارەکان ببینێت و بە لوتبەرزییەوە قسە بۆ رای گشتی بکات. بۆ نمونە کاتێک مرۆڤێک لە ژێر داروپردوی بینایەکى روخاودا دەردەهێنرێت و ئەگەر تەنانەت برینداریش نەبوو بێت دەبێت خێرا ببرێت بۆ نەخۆشخانە و پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بریندارەکانیان لە ژێر داروپردوەکاندا دەرهێناوە و بەو بریندارییەوە رایانگرتوون تاوەکو ئەردۆغان بچێت بۆ ئەوێ. هۆکارەکەشی ئەوەیە، لە بەردەم راگەیاندنەکاندا پڕوپاگەندە بۆ خۆی بکات. حکومەت برین و ژان و ئازاری خەڵک دەکات بە بەشێک لە سیاسەتە چەپەڵەکەى خۆی و بۆ خۆی بەکار دەهێنێت".

'ئاکەپە لەسەر برینی گەل پارە کۆدەکاتەوە'

گیوزەل باسی ئەوەشی کرد، بە سەدان خانوو و باڵەخانە رووخاون. لە زۆر شارەوە هاوکاری ڕەوانەکرا و هاوکاری هەدەپە و رێکخستنەکانی عەلەوی لە لایەن پۆلیسەوە دەستیبەسەرداگیرا و وتی، "گرنگ پشتگیریکردنە. هاوکاری لەکوێ دێت گرنگ نییە. گرنگ پشتگیریە. وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی کردبوو هاوکاریەکان بگاتە دەستی ئافاد و لە ڕێگای ئەوەوە بڵاوبکرێتەوە. دوای ئەو فەرمانە زۆر هاوکاری لە شارە جیاوازەکانەوە رەوانەکرا. بەڵام بە تەنها ئەو هاوکاریەی بە دەستی هەدەپە و عەلەویەکان ڕەوانەکرا، ئاستەنگکرا. رێکخستنی هەدەپەی موغلا، لە ناوچەی بودروم بە ئۆتۆبوس هاوکاریی بۆ زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی خارپێت نارد. بەڵام لە دەروازەی شاری خارپێتدا دەست بە سەر هاوکاریەکەی هەدەپەدا گیرا. پۆلیسەکان فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان وەک بیانۆ پیشاندا کە لە رێگای ئافادەوە نەهاتووە و ڕێگەیان نەدا هاوکاریەکە بگاتە زیانلێکەتووان. تا ئێستا زۆر ڕێکخستنی هەدەپە هاوکاریان ناردووە بۆ خارپێت، بەڵام هەموو هاوکاریەکانی هەدەپە یەک بە یەک ئاستەنگکران. هەروەها هەموو هاوکاریەکان بە دەستی سەرۆکی ئاکەپەی خارپێت بڵاودەکرێتەوە. هاوکاری مرۆڤایەتی دەکەنە پارچەیەک لە سیاسەتی قێزەونی خۆیان. بەوە دەیانەوێت بڵێن، جگە لە ئاکەپە هیچ پارتێک و رێکخستنێک هاوکاری نانێرێت. بە پێچەوانەوە ئاکەپە لەسەر برینی گەل پارە کۆدەکاتەوە."

'باج لە یەکتری دەدزن'

سەمرا گیوزەل پەرلەمانتار هەدەپە ئاماژەی بە دۆسیەی باشکەنتگاز کرد کە لە ڕێگای مانگی سوور (کزلئای) ٨ ملیۆنی وەک پشک داوەتەوە وەقفی ئەنسار کە بە دەستدرێژی لە سەر منداڵان تاوانبارە و وتی، " لە کاتی بوومەلەرزەکەی خارپێتدا کزلئای داوای هاوکاری لە گەل کرد. دوای هەفتەیەک لە بوومەلەرزەکە باشکەنتگاز باجی لە کزلئای وەرگرت و پێشکەشی وەقفی ئەنساری کرد. باجەکە لە یەکتری دەدزن و دەیشارنەوە. ئاکەپە وەک کۆمپانیایەکی لێهاتووە. لەبەرئەوەی باج لە یەکتری دەدزن و دەیانەوێت رێکخستن و پارتەکانی تریش وەک ئەوان بجوڵێنەوە. ئێمە نابین بە بەشێک لە دزی حکومەت. ئاکەپە هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێ و لەسەر ئەوە دەژی."

گیوزەل وتیشی، بوومەلەرزە ڕووداوێکی سروشتیە، بەڵام پێویستە لەبەرامبەری حکومەت ڕێوشوێن بگرێتە بەر و بەو شێوەیە بجوولێتەوە. لەگەڵ ئەوەدا حکومەت ڕێوشوێنی نەگرتووەتە بەر. حکومەت رێگای بۆ هەموو ڕووداوە سروشتیەکان کردووەتەوە. ئەو باڵەخانانەی پێشتر زیانیان بەرکەوتبوو، نووژەن نەکراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بە دروستکردنی ناوەندی کڕین و فرۆشتن کراوە  و لە هەرێمەکە بالەخانەی چەند قاتی لاواز دروست کراون. راستە ڕیگا لە ڕووداوە سروشتیەکان ناگیرێت، بەڵام دەتوانرێت رێژەی مردن بە ڕووداوەکان کەمبکرێتەوە. ٢٠ ساڵە حکومەت لەو ڕووەوە هیچ کارێکی نەکردووە.

'لە ڕووداوی هەرەسی بەفردا کەمتەرخەمی و تاوان هەیە'

لە کۆتایی قسەکانیدا گیوزەل باسی لە هەرەسی بەفر لە وان کرد و وتی، "ڕاستە هەرەسی بەفر ڕووداوێکی سروشتیە، بەڵام لەو هەرێمە هەموو کاتێک هەڕەسی بەفر ڕوودەدات. بە تایبەتی لە هەرێمی مسکێ کە جێگای هەرەسی بەفرە. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئیستا رێگایەک بۆ ئەم پرسە نەدۆزراوەتەوە. چەندین ساڵە ئەو کێشەیە هەیە و هیچ چارەسەریەک نەدۆزراوەتەوە.

لەو هەرێمە هەموو ساڵێک هەرەسی بەفر ڕوودەدات و هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر. زۆر رێگا هەیە کە ڕێگری لە هەرەسی بەفر دەکات. لە وەرزی هاوینیشدا ڕێگاکە بۆ هاتوچۆ مەترسیدارە. چەندین ساڵە باسی کردنەوەی تۆنێل دەکرێت، بەڵام هەموو کاتێک دەبێتە بابەتی بانگەشە و بە هیچ شێوەیەک تۆنێلەکە تەواو نەبوو. هۆکاری دووەمی هەرەسیش کە ئەوەندە کەسمان لەدەستدا، ڕاوێژکاری سەرۆککۆمارە. لەگەڵ ئەوەی پێویستە بوو ڕێگاکە لە هاتوچۆ بگیرێت، بەڵام ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار بە هەلیکۆپتەر و ئۆتۆمبێلی سەربازی چووتە ناوچەکە . ئەوە خۆی کارەسات و تاوانە. هۆکاری ئەم تاوانانەش حکومەتی ئاکەپەیە.

ف.ق