گەدیک: بە سیاسەتی شەڕ ناتوانن قەیرانی ئابۆری بشارنەوە

کەمال گەدیک هاوسەرۆکی هەدەپەی مەلەتی ڕایگەیاند، ئاکەپە لە ڕێگەی قەیومەوە دەیەوێت قەیرانی ئابۆری بشارێتەوە.

کەمال گەدیک هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری مەلەتی هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە داگیرکەریەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانیەکان و قەیرانی ئابۆری کرد.

گەدیک ئاماژەی بەوەدا، سیاسەتی قەیوم پارچەیەک لە پلانی شەڕی دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانە و وتی، "بە گەلان دەڵێن، نابێت ئێوە نوێنەرتان هەڵبژێرن و ئێوە بە ناسنامەی کوردبوونی خۆتان نابێت ببن هیچ شتێک و ئێمەش ئەوە ڕەتدەکەینەوە.

ئێمە سیاسەتێکی دیموکراتیک بەڕێوەدەبەین. ئاستەنگی بەردەم ئاشتی نێوان گەلان هەڵدەگرین. تا هەدەپە لە سەر ئەم خاکە بێت، سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوەدەبات. ئێمە قەیومەکان قبوڵناکەین. قەیوم بە واتای دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلانە. ئێمە لەدژی فشار و زۆرداری ئازادی بەدیدەهێنین.

هەرچیەک بکەن ئێمە دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین. هۆشیاری دەدەینە ئاکەپە. تورکیا بەرەو گێژاوێک دەڕوات. واز لە سایسەتەکانی پێویستە بهێنێت. بە قەیوم و سیاسەتی شەڕ ناتوانن قەیرانی ئابۆری بشارنەوە. دەستەسەرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و دانانی قەیوم لە جێگەیان، فاشیزمە. بەرامبەر ئەم دۆخە نادیموکراتە، بۆ دیموکراسی و یاسا تێدەکۆشین."

ف.ق