گەریلا رێگا نادات باشوورى کوردستان داگیربکرێت

لە دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی برادۆست و خواکورک-ی باشووری کوردستان، بەرخۆدانی گەریلا مەزنتر دەبێت.

لە دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی برادۆست و خواکورک-ی باشووری کوردستان، بەرخۆدانی گەریلا مەزنتر دەبێت.

هێرشی سوپای تورکیا بە ئامانجی داگیرکردنی باشووری کوردستان بەردەوامە. یوسف ئەسلان لە فەرماندارێتیی هەپەگە لە خواکورک، ئاماژەی بە رۆڵی پارتی و بارازانی کرد لە داگیرکردنی باشووردا و وتی "بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستمان کەوتووە سوپای تورکیای داگیرکەر ڕۆژی ١٤ کانونی ٢٠١٧ دەستی داوەتە هێرش بۆسەر هەرێمی خواکورک وبرادۆست. لە ڕۆژی ١١ ئادار / ٢١ ڕەشەمە هێرشەکانی بەرفراوانتر و قورستر کردووە. بەرخۆدانی گەریلا لەدژی ئەو هێرشانە مەزنتر دەبێت.

"هەوڵی مانەوە دەدات لە هەرێمەکە"

سوپای تورکیا، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی سوپاکەی لە هەرێمی برادۆست جێگیر کردووە و بەم ڕەنگە بەنیازە خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی بهێڵێتەوە. لە گوندەکانی بەرمیزە، یەشمێ، لێلیکان، کولتێ و گردەکانی دەوروبەری، خەریکی دامەزراندنی و دروستکردنی بنکە و کەمپی سەربازییە. لەلایەکی دیکەوە لە گردی سیۆر، دۆڵی ماسیرۆ، دۆڵی عەلی درێژ و لێلیکان، دەستی داوتە دروست کردنی سەنگەر.

" گەریلا گەمارۆی داون"

بە هۆی چالاکیی بەهێزی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، سوپای تورکیا ناتوانێت خۆی بگەێنێتە هەرێمەکە. هەر بۆیە لە ڕێگەی فڕۆکە و تۆپی دورهاوێژ و هاوەنەوە ناوچەکە بۆردمان دەکات. دەیەوێت لەو رێگەیەوە سوپاکەی لە گەمارۆی گەریلادا دەرباز بکات و لە باری دەرونییەوە ئارامیان بکاتەوە.

"هێرش دەکرێتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و پارتی بێدەنگە"

سوپای داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکە و تۆپی دوورهاوێژ و هاوەن گوندەکان بۆردمان دەکات. دەیەوێت هەرێمی برادۆست بە هاووڵاتییانى کورد چۆڵ بکات. هەروەها لە گوندەکانی بەرمیزە، یەشیمە، لێلیکان وکولتێ سیخوڕیی بەسەر هاووڵاتیان سەپاندووە.

لەبەرانبەر ئەم هێرشانە پارتی بێدەنگە. گوندنشینەکانی برادۆست دەڵێن، ئەم هێرشە بە ڕەزامەندی بارزانی کراوە.

"فەرماندەى گەریلاش پشتڕاستى دەکاتەوە"

یوسف ئەسلان یەکێک لە فەرماندەکانی گەریلا لە هەرێمى خواکورک، وتەکانی هاووڵاتیانی پشتڕاست دەکاتەوە.

ئەسلان ئاشکرایکرد، دەوڵەتی تورکیا لە ژێر گوشاردایە و تەنگاو بووە. بۆ دەربازکردنی خۆی لەو دۆخە دەستی بەم هێرشە داگیرکارانەیە کردووە و وتی، شەڕ هەتاکو دەڕوات گرانتر دەبێت و هەروەهاش مەیدانی شەڕەکە بەرفراوانتر دەبێت.

فەرماندە ئەسلان ئەوەی خستەڕوو، سوپای تورکیا بەنیازە هەرێمی برادۆست، سیدەکان، دیانا و گوندەکان لە هاووڵاتیانی مەدەنی چۆڵ  بکات. سوپای تورکیا هەموو ڕۆژێک بە تۆپ، هاوەن و تانک شوێن و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانى ئەو سنوورانە تۆپباران دەکات.

ئەسلان دەستنیشانی کرد، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بە ئەنقەست گوندەکان بۆردمان دەکەن و وتیشی، هێرشیش دەکەنە سەر کوێستانەکان و لەوەڕگەکان و شوێنی مانەوەى گەندنشینەکان و ماڵ و حاڵیان، بەڵام  پارتی و بارزانی بێدەنگن.

یوسف ئەسلان ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی و بارزانی کرد لە هێرشە داگیرکارییەکانى سوپای تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و  وتی، بۆ ئەو مەبەستەش بە دزییەوە کۆبونەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام دراوە.

ئەسلان وتیشی "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، لەسەر دروستکردنى بەنداوێک، کە ناوچەى برادۆستى پێ بکەن بە ژێر ئاوەوە و هەروەها لەسەر کردنەوەى دەرەوازەی سنووریى حاجی بەگێ ڕێککەوتوون".