گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار: ڤیان سۆران وەڵامی پیلانگێڕان بوو

گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار رایانگەیاند، ڤیان سۆران پێوەری بنەڕەتی و دروشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'ە و وتیان، ڤیان سۆران وەڵامێکى بەهێزی بە پیلانگێڕان دایەوە.

گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار یادی ڤیان سۆرانیان لە ساڵیادی شەهادەتەکەیدا بەرز راگرت و رایانگەیاند، ڤیان سۆران هەم لە ژیانى خۆیدا و هەم بە شەهادەتەکەى خۆی بووە پێشەنگی گۆڕانکاریى گەورە.

ڤیان سۆران لە شاری سلێمانیى باشووری کوردستانەوە بەشداری ریزەکانى پەکەکە بوو بوو و دواى ماوەیەکى کورت توانیى بەشداری  لە کۆمیتەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى پەکەکە بکات و ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنى سەربازی. لە دژی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى و پاکتاوکارى لە ٢ی شوباتی ٢٠٠٦ / ١٣ی رێبەندان لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا. گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستا لە ساڵیادی شەهادەتەکەیدا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوان.

فەرماندە و پێشەنگی ژن بوو

زیلان کوردستان رایگەیاند، کاتێک باسی هەڤاڵ ڤیان دەکرێت سەرەتا هاوڕێیەتى و جوانییەکانى بە بیری مرۆڤدا دێن. پێش ئەوەى بەشدار ببم من ناویم بیستبوو. بە فەرماندەبوونەکەى، ناسنامەى ژنی ئازاد و پێشەنگایەتیکردنى ژنان کاریگەرییەکى گەورەى دروستکردبوو.

خەبات لەسەر رێگەکەى هەستێکى گەورە بە مرۆڤ دەبەخشێت. ڤیان سۆران بە عەشقەکەى بۆ ئازادی لە ناو گەلی سۆراندا هەنگاوێکى گەورەى نا. بۆ ئەوەى ببین بە وەڵام بۆ ڤیان، دەبێت ئێمە خۆمان بەهێز بکەین و بگەینە ئاستى بەهاکانی.

لە دژی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى و پاکتاوکاریى ناوخۆیى، بە ئاگربەردانەى جەستەى خۆی سەلماندی پیلانگێڕی سەر ناکەوێت. لە کەسایەتیى خۆیدا دڵسۆزیمان بۆ رێبەر ئاپۆ و هاوڕێیەتى بەهێزتر بوو. هاوڕێ ڤیان بۆ هەمومان بووە پێوەری بنەڕەتى و دروشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'.

کاتێک بەشدار بوو، تەنها ڤیانێک بوو، بەڵام ئێستا بە هەزاران ڤیان لە چیاکاندان. گەلەکەشمان ناوی ڤیان لەسەر منداڵەکانیان دادەنێن و ئیدی لە هەموو روویەکەوە نەمرە. ئێمەى هاوڕێیانى تاوەکو دوا هەناسە لەسەر رێگاکەى دەبین و خەونەکانی دەهێنینە دی و سەریان دەخەین.

ئومێد و هێزی بەخشی و گۆڕیى

مزگین رۆناهی وتی، هاوڕێ ڤیان لە کاتى خۆیدا رێگای بەڕووی ژیانەوە و گۆڕانکارییەکى نوێدا کردەوە. لە مێژوودا ئەوە هەیە، هەندێک مرۆڤ لە کاتی خۆیدا ئومێد و هێز دەبەخشنەوە و رێگا بۆ گۆڕانکاری دەکەنەوە. هەندێک مرۆڤیش بە شەهادەتى خۆیان دەبنە لە دایکبوونەوە. هاوڕێ ڤیان سۆرانیش هەم لە ژیانی خۆیدا و هەم بە شەهادەتەکەى زۆر بابەتى گرنگی لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا ئافراند و بووە پێشەنگی گۆڕانکاریى گەورە.

خاوەنی ئامانج و خەونی گەورە بوو، کە سیستمی دەسەڵاتدار – کۆیلەیەتى هەڵبوەشێنێتەوە و مرۆڤایەتیى ئازاد بئافرێنێت. ئەرکی سەر شانی هەموومانە، کە ئامانجەکانی بەدی بهێنین و تێکۆشان بەهێزتر بکەین.

هەندێک مرۆڤ هەبوون، کە دەیانخواست دەستە چەپەڵەکەى خۆیان بۆ بزووتنەوەکەمان درێژ بکەن، ناکۆکی دروست بکەن و پارچەکردن دروستبکەن. چالاکیى هەڤاڵ ڤیان وەڵامێک بوو بۆ ئەوانە. ئەو ئامانجە خراپەکانى لەناوبرد و گەیشتە ئامانجە باڵاکەى خۆی.

دەبێت ئێمەى هاوڕێیانی تێکۆشانەکەی گەورەتر بکەین و سەریبخەین. بەڵێنی ئێمە ئەوەیە. لە چوارچێوەى ئەو بەڵێنەدا ئێمە هەوڵ دەدەین بۆچوونەکانی، هەبوون و خەونەکانى هاوڕێ ڤیان بەدی بهێنین.

جەستەى خۆی کرد بە ئاگر

شیار زنار رایگەیاند، لە دژی پیلانگێڕان  پاکتاوکاران جەستەى خۆی کرد بە ئاگر. بووە خاوەن هەڵوێستێکى گەورە و فیدایانە و خۆی گەیاندە راستی. بە چالاکییەکەى خۆی پیلانگێڕان و پاکتاوکارانى تێکشکاند و بزووتنەوە و رێبەر ئاپۆی پاراست. چالاکیى هاوڕێ ڤیان بۆ ئێمە ئەزمونێکى گەورەیە. ئێمەی هاوڕێی خاوەنداری لەو مێژووە دەکەین.

ژ.ت