گەلی بناری قەندیل: ناهێڵین جارێکیتر هەڵەبجەیەکیتر دووبارە ببێتەوە

لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا گەلی بناری قەندیل یادی ئەو رۆژەیان کردەوە و لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل گوڵاڵە عوسمانەوە خوێندرایەوە کیمیابارانکردنى هەڵەبجەیان ئیدانەکرد و یادی شەهیدانیان بەرز راگرت.

هەڵەبجە لە ڕێکەوتی ١٦/٣/١٩٨٨دا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى رژێمى بەعسی رووخاوی عێراقەوە کیمیابارانکراو و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠٠٠ هەەزار هاوڵاتیی ئەو شارە شەهیدبوون و بە هەزارانی تریش بریندار و بێسەروشوێن بوون.

 سەرەتای یادکردنەوەکە بە دەقەێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر مارش و سرودی شەهیدان وترایەوە و دەست بە خوێندنەوەی بەیاننامەکە کرا.

 لە سەرەتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: ''گومان لەوەدا نییە کە گەلی کورد لە نەتەوە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیایە؛ هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافیا و خاکێکی بە پیتی هەیە، کە بووەتە هۆکاری ئەوەی دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا چاوی تێببڕن و هێرشی بکەنە سەر، و لەبەر ناکۆکی و پەرتەوازەیی کوردانیش هیچ کات ڕێگە بە سەربەخۆیی و ئازادیی خاکی کوردان نەدراوە و گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ و بێ ناسنامە کردووە''.

لە بەردەوامیی بەیننامەکەدا هاتووە: ''١٦ ئادار ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی کوردستان، کە لەم ڕۆژەدا ڕژێمی شۆڤێنیی بەعس بە شێوەێکی دڕندانە هێرشی کیمییای کردە سەر هەڵەبجە و بەهەزران کوردستانی بوونە قوربانی و ئێستاش بەشێکی زۆریان بە هۆکارەکانی ئەم چەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن و دەناڵێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەهەزارانی تر بێ سەروشوێن و کۆچبەری وڵاتانی تر بوون''.

سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەر بە کوردان لە ڕۆژی ئەمڕۆ و ڕابردوودا ئەنجامدراون  دەدرێن ڕایانگەیاند: ''ئەو کۆمەڵکوژییانەی لەسەر کوردستان بەڕێوە چوون بێ هەژمارن، لە نموونەی قامیشلۆ و شەنگال و لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا ئەو داگیرکاری و کۆمەڵکوژییانەی کە دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر کوردان بە بەرچاوی دونیاوە دەیکات هەمان شێوە و دانەبڕوان لەمجۆرە کۆمەڵکوژییانە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگە''.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە: ''ئێمە وەك گەلی قەندیل ئەم کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین و هیچ هێرش و داگیرکارێك بۆ سەر خاکی کوردستان قبوڵ ناکەین لە دواین نموونەکانیشدا بینیمان کە چۆن گەلی شێلادزێ لە بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی نیشاندا، لە کۆتایشدا سەری ڕێز و نەوازش لەبەرامبەر شەهیدانی کوردو کوردستان و ڕێگای ئازادی دادەنەوێنین و دەڵێین شەهید نامرن''.

لە کۆتایدا بەیاننامەکە بە دروشمی شەهید نامرن و لەسەر ڕێگای شەهیدانی ئازادی خاوەن هەڵوێست دەبین و شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی وڵاتن، کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

ر.م