گەلی سلێمانی لە دژی کۆمەڵکوژیەکانی تورکیا لە شەقام بوو

هاوڵاتیانی سلێمانی لە دژی داگیرکاری و  هێرشەکانی تورکیا دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، وێرای ئەوەی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەریان شەرمەزار کرد ئاماژەیان بەوەشدا کە گەلی کورد بەرخۆدان دەکات.

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ بە دەستپێشخەری کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و لایەنی سیاسی گەلی سلێمانی لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ڕژانە شەقامەکان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بەوەکرد گەلی کورد لەبەرامبەر هێرشە دڕندانەکانی تورکیای داگیرکەر خۆی ڕادەست ناکات بە ڵکو بەرخۆدان دەکات، بڕیارمان داوە بە ئازادی بژین.

گردبوونەوەی هاوڵاتیان لەمەیدانی سەهۆڵەکە لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی بوو، لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکی عەبدولوەهاب ئەحمەد بۆ ئامادەبوان قسەی کرد و وتی: "ڕۆژانە دەوڵەتی تورکیا گەلەکەمان قڕ دەکات، ژینگەی وڵاتەکەمان لە ناو دەبات، ئێمە دەولەتی تورکیای داگیرکەر و هەموو ئەو نۆکەرانەش شەرمەزار دەکەین کە هاوکاری تورکیا دەکەن بۆ قڕکردن".

عەبدولوەهاب ئەحمەد وتیشی ئێمە لەبەرامبەر ئەو داگیرکاری و هێرشانەی تورکیا بەرخۆدان دەکەین و خۆمان ڕادەست ناکەین، بڕیارمان داوە بە ئازادانە بژین، گەلی ئێمە لەبەرامبەر دڕندەترین  فاشیزمی جیهانی وەک داعش هاوپەیمانی تورکیا شەڕی کرد و سەرکەوتین، بێگومان گەلی ئێمە شکست ناناسێت و تێکۆشان دەکەین لە بەرامبەر داگیرکاری تورکیا سەردەکەوین.

 داوا لە تەواوی هێزە کوردیەکان و لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین، ژیانمان لەو ڕەوشەی ئێستا خراپتر دەبێت، بۆیە دەبێت هەموومان یەکگرتووبین تێکۆشان لە دژی داگیرکەران بکەین.

هاوکات وتیشی ئەو هێرشەی کرایە سەر گەلی گوندی کونە ماسی لە ناوچەی شار باژێر هاوکاتە لەگەڵ  ئەو هێرشەی کە کرایە سەر گوندی هیلنجی کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئاستی هەموو ئەو هێرشانەش کە بەرامبەر گەلی کورد بەرێوە دەچێت دونیا چاوی خۆی گرتوە، بێ دەنگی لەبەرامبەر ئەو هێرشە قرکردنانەی تورکیا شەرمەزار دەکەین.

لە درێژە چالاکیەکە ئامادەبوان دروشمییان دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وتەوە و داوایان دەکرد هەرچی زووە دەبێت سوپای داگیرکەری تورکیا لە خاکی کوردستان بچێتە دەرەوە.

ڕ.ح