ئێوارەی دوێنێ هاوڵاتیانی شەنگال لە کۆمەڵگای بۆریکی سەربە شەنگال ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و لە ڕێپێوانەکەدا بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک داویان کرد، کە مافی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە ڕەسمی بناسرێت.

لە ڕێپێوانەکەدا، کە لە بازاری بۆریکەوە تا ناوەندیی ئەنجومەنی گەلی کۆمەڵگاکە بەردەوام بوو، ئاڵا و سیمبۆلی ڕێکخراو و ناوەندەکانی خەڵکی ئێزدیی شەنگال و هەروەها پۆستەری عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەرز کرایەوە.
هەروەها ڕاگەیەندراوێک بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە و تێیدا بانگەوازیی هێزە ناوچەییەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا، کە ڕەوایەتی بدەن بە مافی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی خەڵکی شەنگال.

ڕاگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن مامۆستا خدر شەنگالییەوە خوێندرایەوە بە زمانی عەرەبیش لەلایەن فەیسەل ڕەشید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کۆمەڵگای بۆریک خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە درا: مەبەست لە فەرمانی سەر خەڵکی ئێزدی لەناوبردنی بەتەواوەتییان بوو، بەڵام خەڵکەکەمان بە ڕێکخستن و دامەزراندنی ناوەند و ئەنجومەنی تایبەت بە خۆیان ئەو پیلانەیان پووچەڵ کردەوە و دەستیان کرد بە بەرگریکردن لە خۆیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و بەتایبەتی حکومەتی عێراق کرا، کە داواکاریی خەڵکی شەنگال بۆ دامەزراندنی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتی لە شەنگال قبوڵ بکەن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوکەدا بانگەوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، کە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر ئێزدییەکان وەک جینۆساید بناسێت و هاوکاریی خەڵکی شەنگال بکات بۆ ئەوەی شەنگالی وێرانکراو لە پاش شەڕی هێرشی چەتەکانی داعش ئاوەدان بکرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازیی خەڵکی ئێزدی کرا، کە لە ئێستادا کە شەنگال قۆناغێکی مێژوویی تێپەڕدەکات، پێویستە هەموو پێکهاتەکان و بیروڕا جیاوازەکان لە شەنگال یەک بگرن، هەروەها بانگەوازیی ئەنجومەنی مامۆستایانی ئایینی شەنگال کرا، کە بەرپرسیاربن بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئێزدی.
